دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتی لە ورمێ و مەهاباد، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی راگرتن و دۆخی تەندروستییان بڵاونەکراوەتەوە و نیگەرانییەکان پەرەی سەندووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، فەریدە کتێبی، هاوڵاتییەکی نیشتەجێی ورمێ دوای شەش ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە. هێزەکانی ڕژیم ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردۆتە سەر ماڵەکەی و دوای گەڕان و پشکنین، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامیی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێنەدراوەتەوە. هەروەها، دوو هاوڵاتیی لە مەهاباد بە ناوەکانی شەهاب فروغیڕاد و شەهرام عەزیزی، ڕۆژی ٤ی خاکەلێوە لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کراون. شایانی باسە ئەم دەستگیرکردنانە بە شێوەیەکی توندوتیژ و بەبێ فەرمانی یاسایی ئەنجامدراوە. بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان بڵاونەکراوەتەوە.
