کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
جیهانهه‌واڵه‌کان

بەردەوامیی هێرشە سنووردارەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان

بەردەوامیی هێرشە سنووردارەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان

دوابەدوای پێشهاتەکانی پەیوەست بە مەرجی کۆماری ئیسلامی بۆ ئاگربەست لە لوبنان پێش دەستپێکردنی دانوستانەکان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکانی سپای ئیسرائیل بۆسەر باشووری لوبنان بەردەوام بووە.

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا شاری عەین قانا بووەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە لانیکەم ١١ کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری لوبنان کوژراون. بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مەودای هێرشەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرەکی لە باشووری لوبنان کەمتر بۆتەوە و تا ئێستا هیچ هێرشێک بۆ سەر بەیرووت و ناوچەکانی زاحیە ئەنجام نەدراوە. شایانی باسه هەندێک هەڵسەنگاندن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم کەمبوونەوەیە لە بازنەی هێرشەکاندا دەتوانێت لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا بێت؛ بە شێوەیەک کە لەم قۆناغەی پەرەسەندنی گرژییەکاندا خۆی لە بە ئامانج گرتنی پایتەختی لوبنان پاراستووە.