کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەردەوامبوونی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران، لە جەرگەی هەراوهوریای شانۆی هەڵبژاردندا

image

بزووتنەوەی کرێکاریی، لە ناو جەرگەی هەراوهوریای مەرگی ڕەئیسی جەلاد و شانۆی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردندا درێژەی بە خەبات و ناڕەزایەتی خۆی داوە و ئاسۆی خۆی گوم نەکردووە. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە لە زۆر بواردا بەردەوام بووە، کە لێرەدا وەک نموونە ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین: بەگوێرەی ڕاپۆرتی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەک لە کرێکارانی پەیمانی نەوت و گاز و پتروشیمییەکان، ڕۆژی ٣١ی جۆزەردان لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان، کەرەستەکانی کاریان ڕادەستکردەوە و مانیان گرت. زیادکردنی حەقدەستەکان بە ڕێژەی ٤٥٪ و ١٤ ڕۆژ کارکردن و ١٤ ڕۆژ پشوو، لە زومرەی داواکارییە سەرەکییەکانیان بوو. هەروەها نەهێشتنی پەیمانکاران و دابینکردنی هەلومەرجی تەندروستی و خۆش بژێویی ئەمن و گونجاو بۆ کارکردن و پشوودان لەناو کارگەکان و لە گەرمای تاقەت پروکێن و کەشی شێیداری باشوور، کۆمەڵێک داواکاریی دیکەی ئەو کرێکارانەیە. بەڵام کرێکاران وێڕای بەرزکردنەوەی دروشمیسفرەی هەموو کرێکاران وەک یەکە، دەڵێن نابێ هیچ جیاوازییەک لە حەقدەست و باری گوزەرانی ئەو کرێکارانەدا هەبێت کە لە شیرکەتەکانی نەوت و گاز و پتروشیمیدا کار دەکەن. ئەوان هەروەها لەسەر دابینکردنی حەقدەستی یەکسان و هەلومەرجی کاری یەکسان جەخت دەکەنەوە و داوای ئەوە دەکەن کە دەبێ هەموو کرێکارانی پڕۆژەیی، ئەرکانی سالس، گرێبەستی کاتی، ڕۆژکار و گرێبەستی دیاریکراو و هیتر، هاوتای کرێکارانی فەرمی، لە سەرجەم ماف و مازایای کاری پیشەسازی نەوت بەهرەمەند بن. ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ، مانگرتنەکان ١١هەمین ڕۆژیان تێپەڕاند و ژمارەی مانگرتووان گەیشتە زیاتر لە ٢٠ هەزار کرێکار. لەو ماوەیەدا پەیمانکاران هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی بە هێنانی هێزی کاری نوێ، مانگرتنەکە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بکەنەوە. ئەوان هاوکات بە ناردنی کورتە نامە بۆ کرێکارانی مانگرتووی نەوت، هەوڵیاندا بە هەڕەشە و بەرتیل و بەڵێن، کرێکارانی مانگرتوو بگەڕێننەوە بۆسەر کارەکانیان. بەڵام ئەم هەوڵانە تا ئێستا لەگەڵ بەربەستی وشیاری و یەکگرتوویی کرێکاران و هەڵسووڕاوانیان بەرەوڕوو بووەتەوە و شکستی هێناوە.

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، جگە لە کرێکارانی پەیمانی نەوت، کرێکارانی بەشی خزمەتگوزارییەکانیش لەپێناو بەدیهێنانی ماف و داواکارییەکانیاندا، دەستیانداوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی. بۆ نموونە شۆڕای هەماهەنگی ناڕەزایەتی پەرستاران، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە، سەبارەت بە هەلومەرجی نالەباری خۆیان و دۆخی لەڕادەبەدەر خراپی تەندروستی کۆمەڵگا، ناڕەزایەتیان دەربڕی. لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: لە ڕاستیدا بە تێکدانی هەلومەرجی ستانداردی پیشەیی پەرستاران و کادری دەرمانی، هێرشیان کردووەتە سەر تەندروستی کۆمەڵگە و ژێرخانی تەندروستی و دەرمانیی هەموو خەڵکیان لەناو بردووە. پەرستاران بەرامبەر بە بەڵێنییە پووچ و جێبەجێنەکراوەکانی کاربەدەستان لەپێناو بە باشترکردنی دۆخی خۆیان و هەروەها کەمکردنەوەی فشارەکانی کار لە ڕێگەی دامەزراندنی پەرستاری دیکەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەو ناڕەزایەتییانە لە شێوازی کۆڕ و کۆبوونەوە، سەرپێچی کردن لە ئیزافە کاری زۆرەملێ و تەنانەت کۆچکردندا بەڕێوە چوون. کرێکارانی شارەوانییەکانیش بەشێک بوون لە هێزی کاری ناڕازی. گرنگترین داواکاری کرێکارانی شارەوانییەکان بریتییە لە پێدانی حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا. کرێکارانی شارەوانی لە ڕێگەی شیرکەتە پەیمانکارییەکانەوە بە وەرگرتنی حەقدەستێکی کەم دەچەوسێنەوە و ئەم بابەتە دەبێت کۆتایی پێبێت. لە هەندێک ناوچە، حەقدەستی کرێکاران بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک وەدوا دەکەوێت. کرێکاران وێڕای ئاماژە بە بوونی گەندەڵی بەربڵاو لە شارەوانییەکاندا، لە ڕێگای مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەوە، لەسەر ویست و داخوازییەکانی خۆیان پێداگرییان کرد.

لە خەبات و ناڕەزایەتییە مەیدانییەکانی ئەم دواییەدا، ناڕەزایەتییە ڕێکخراوەکانی خانەنشینانی سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لەشکری و کیشوەری، موخابەرات و خانەنشینانی فولاد، گەلێک بەرچاو بوو. داواکارییە سەرەکییەکانیان بریتین لە زیادکردنی مووچەی خانەنشینی بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان و سەبەتەی بژێوی، یەکسانکردنی داهاتەکان و ئازادی زیندانیانی سیاسی. خانەنشینان بە شێوەی هەفتانە هاتوونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان کردووە و بەردەوام بە دروشمەکانیان ورەی تێکۆشەران و شۆڕشگێڕانیان بەرز کردووەتەوە. کرێکارانی سێکتەرە جۆراوجۆرەکان و لە سەرووی هەموویانەوە کرێکارانی نەوت، بە شێوازی جۆراوجۆر ڕایانگەیاندووە کە نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکاران، هیچ بەرنامە و پلانێکی ڕاستەقینەیان نییە بۆ باشترکردنی دۆخی ئەوان و پێویستە لە ڕێگەی درێژەپێدان بەم خەبات و ناڕەزایەتییانەی ئێستاوە، هەوڵی باشترکردنی بارودۆخی کار و ژیانی خۆیان بدەن. ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانە پێویستە وەک بەشێک لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادی، زیاتر ڕێکخراو بن و ڕێبەرانی خۆیان بە کۆمەڵگا بناسێنن. لە سەردەمی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، کرێکارانی ژن و پیاو وەک تاک، بەشدارییەکی بەربڵاویان لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا هەبوو، بەڵام نەیانتوانی وەک هێزێکی ڕێکخراوی خاوەن ویست و داواکاری کرێکاریی بێنە مەیدان. کرێکارانی نەوت خاوەنی ئەو پێگە و تواناییە هەن کە هاوکات لەگەڵ یەکگرتوو کردن و ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان، خەبات و ناڕەزایەتییە بەرین بەڵام پرشوبڵاوە کرێکارییەکانی ئێستا، لە ژێر یەک ئاڵادا کۆبکەنەوە. لە درێژەی بەهێزبوون و پەرەسەندنی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەدایە کە ئەڵتەرناتیڤێک لە بەرژەوەندی ژیان و کاری کرێکاران و زەحمەتکێشاندا شکڵ دەگرێت و لە هەنگاوی یەکەمدا، کۆماری ئیسلامی بە زبڵدانی مێژوو دەسپێرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

مافی ژنان لە لۆژیکی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارییدا

-

کوردستانی شۆڕشگێر، پێشەنگی بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردن

-

شکستی ڕژیم لە شانۆی هەڵبژاردندا

-

هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی تۆماج و درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

-

کرێکارانی نەوت و پێویستی بەهێزکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا

-

چارەنووسی دڵتەزێنی پەناخوازان، بەڵگەی ڕسوایی دەوڵەتەکان و سەرمایەداران

-