کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەدیهێنانی داواکارییە سیاسی و سنفییەکانی کرێکاران، بە پەرەپێدان بە خەبات و یەکگرتوویی

mahsa6

بەپێی ڕاپۆرتی شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی پەیمانی نەوت، مانگرتن و خەباتی کرێکارانی نەوت درێژەی هەیە. بە گوێرەی ئەم سەرچاوەیە، کرێکارانی فەرمی نەوت بەشێوەیەکی هەماهەنگ لە عەسەلوویە، لە شیرکەتی نەوت و گازی  پارس، سایتی یەک و شیرکەتی نەوت و گازی پارس، شیرکەتی نەوت و گازی پارس، (سایتی ٢) کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.، شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی نافەرمی نەوت (ئەرکانی سالس)، ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ هەواڵی بەردەوامیی ناڕەزایەتی کرێکارانی کۆمەڵگەی گازی پارسی باشووری بڵاو کردەوە. بە پێی ئەم هەواڵە، کرێکارانی نەوتی ئەرکانی سالس و کرێکارانی پڕۆژەیی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نووسییان: ئێمە کرێکارانی پارسی باشوور، بە پێچەوانەی جارەکانی پێشوو، کە هەندێ کەس بەناوی نوێنەرانی کرێکاریی، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکانی ئێمەیان دواخست، ڕایدەگەیەنین کە تا وەدیهاتنی تەواوی داواکاریەکانمان و لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەرانی تاڵانچی نەوت و نەهێشتنی یەکجاری شیرکەتە پەیمانکارییە مشەخۆرەکان و زیادکردنی حەقدەستەکان، شانبەشانی کرێکارانی پڕۆژەیی، فەرمی و گرێبەستی نەوت، ڕاوەستاوین. کرێکاران هەروەها وتیان بەپێچەوانەی ئیدیعای یەکێتی دەستکردی حکوومەت واتە کانوونی ئەنجومەنی سنفی کرێکارانی پاڵاوگەکانی گازی پارێزگای بوشێهر، ناڕەزایەتییەکانی ئێمە لەدژی گەندەڵییەکانی ئێستای ناو پارسی باشوور و ڕێککەوتن و سات و سەودای بەڕێوەبەرانی ئەو یەکێتییە لەگەڵ خاوەنکار و پەیمانکارەکانە و ڕاگەیاندنە ڕواڵەتییەکانی کانوونی ئەنجومەنی سنفی، هیچ پەیوەندییەکی بە ویست و داواکارییە ڕەواکانی ئێمە کرێکارانەوە نییە. لە کۆتایی بەیاننامەی داواکاری کرێکاراندا هاتووە، هەموارکردنەوەی تەواوەتی بڕیارنامەی نادادپەروەرانەی حەقدەستی ئەنجومەنی باڵای کار، نەهێشتنی تەواوەتی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، گەڕانەوە سەر کاری حوجەت ڕەزایی کرێکاری فەرمی دەرکراوی پاڵاوگەی شەشەم، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوو سەبارەت بە مافی مەرەخەسی و دابینکردنی کرێی کەمپ، جێبەجێکردنی دروستی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان بۆ سەرجەم کرێکارانی پەیمانی، گۆڕینی بارودۆخی هاتوچۆ و حەقدەستی شۆفێرانی بەکرێگیراو و جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی بۆ ئەو شۆفێرانەی کەخاوەننین و هەروەها جێبەجێکردنی بێ جیاوازی ١٤ ڕۆژ کارکردن و ١٤ ڕۆژ پشوو بۆ کرێکارانی بەشی ئیداری و پشتیوانی. دروشمی کرێکاران بریتی بوو لەنا بۆ کۆیلایەتی،یەکگرتن، یەکگرتن، لە دژی هەژاری و گەندەڵی” “بەڕێچوون و کەرامەت، مافی بێ ئەملاو ئەولای ئێمەیە.

شۆڕای ڕێکخستنی (ئەرکانی سالس) ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گه‌لاوێژ ڕایگەیاند کە کرێکارانی ئەرکانی سالس و پڕۆژەیی، بە شێوەیەکی هاوبەش لە پاڵاوگەکانی پێنجەم و نۆیەم و دەیەم و یازدەهەم، بە مەبەستی دابینکردنی داواکارییەکانیان کۆبوونەوە. ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٣ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی شیرکەتی نەوت و گازی عەسەلوویە، ئەم داواکاریانە خرابوونە ڕوو: پەیمانکاری هێزی مرۆیی دەبێ دەربکرێت و ئەمنییەتی پیشەیی دەبێ دابین بکرێت، ئەوان هەروەها خوازیاری پێداچوونەوە بە ئاستی حەقدەستی ئەو کرێکارانە بوون کە لەم دواییانەدا دامەزراون، لابردنی تەواوەتی سەقفی خانەنشینی و پێدانی حەقدەستی مانگێک زیاتر لە ساڵدا بە کرێکاران، جێبەجێکردنی تەواوەتی مادەی ١٠ و وەرگرتنی حەقدەستە وەدواکەوتووەکان و هەروەها تێکەڵاو نەکردنی سەندووقی نەوت و گازی خانەنشینی لەگەڵ باقی سەندووقە مایەپووچەکانیش، بەشێکی دیکە بوون لە ویست و داخوازییەکانی کرێکاران. ئەو چەند ئاکسیۆن و ناڕەزایەتییەی کە ئاماژەیان پێکرا، دەریدەخات کە کرێکارانی نەوت لە بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیدا پێشەنگن. هاوکات کرێکارانی کەرتە پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەش بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانیان مانیان گرتووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣ کرێکارانی لەسەر کار دەرکراوی گرووپی میللی فولادی ئێران لە ئەهواز لە بەردەم پارێزگای خوزستان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان بوون. ڕۆژی ٢٠ی گەلاوێژ، دوابەدوای ناڕەزایەتی و مانگرتنی کادری دەرمانی نەخۆشخانەی حاجی حەیدەر لامێرد لە پارێزگای فارس، کاروباری هەندێک لە بەشەکانی نەخۆشخانەکە بە تەواوی وەستا. پەرستارانی نەخۆشخانەی نمازی ئەهوازیش جگە لە بەشی فریاکەوتن، لە سەرجەم بەشەکانی تر کارەکانیان وەستاند. هەروەها پەرستارانی نەخۆشخانەی خومەینی، شارستانی ئابادە و پەرستارانی کلینیکی فەساش، بەو مانگرتنانەوە پەیوەست بوون. ئەو مانگرتنانە لە درێژەی بە کردەوە دەرنەهاتنی بەڵێنییەکانی بەرپرسانی کیشوەری و پارێزگاکان سەبارەت بە نەدرانی حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا و ئیزافەکاری زۆرەملێ، بەڕێوەچوون.

ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژ، کرێکارانی کارخانەی واگۆن پارسی ئەراک لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیاندا لە کارخانەکە چوونە دەرەوە و بە تێپەڕبوون لە پردی شاری پیشەیی، لە بەردەم پارێزگای ناوەندی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. کۆتاییهێنان بە کاری پەیمانکاران، یەکسانکردنی حەقدەست و مەزایای کرێکاران لەگەڵ باقی کارگەکانی دیکەی دراوسێ و گروپی مەپنا، بە فەرمیکردنی گرێبەستی کرێکاران و کردنیان بە لانیکەم گرێبەستی یەک ساڵە و هەروەها گەڕانەوە بۆسەر کاری هاوکارە لەسەرکار دەرکراوەکانیان، لە زومرەی داواکارییەکانی ئەو کرێکارانەیە. کرێکارانی شارەوانی چەندین شاریش بەهۆی نەدرانی حەقدەستەکانیان، دەستیان دەستیاندایە مانگرتن و ناڕەزایەتی بەربڵاو. هەروەها خانەنشینانی کرێکاریش وەک هەموو ڕۆژانی یەکشەممە، لە ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەریدا، بە شێوەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو لەگەڵ خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەوڵەتی و بەشی پەیوەندییەکانی کرماشان، کۆبوونەوە. دروشمی خانەنشینان بریتی بوون لە: واز لە ڕووسەری بێنە، بیرێک لە حاڵی ئێمە بکەوە، هەتا بێدادی هەیە، شەقام جێگای ئێمە، کۆبوونەوە، ڕێکخراو و ناڕەزایەتی مافی بێ ئەملاو ئەولای ئێمەیە. خەبات و مانگرتنی کرێکاران بۆ دەستەبەرکردنی داواکارییە هەنووکەییەکانیان پێویستە و دەبێ بەهێزتر بکرێن. ئەم خەبات و مانگرتنانە دەتوانن بەستێنێک بن بۆ پەروەردە بوونی ڕێبەران و هەڵسووڕاوانێکی زیاتر، یەکگرتوویی ئەو ڕێبەرانە، بەهێزکردنی شۆڕاکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی ئێستا و هەروەها پێکهێنانی ڕێکخراوی چینایەتی و مەدەنی نوێ.