شەپۆلی ناڕەزایەتی دژی بێ ئاوی و کەم ئاوی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی وڵات خەریکە پەرەدەسێنێت. قەیرانی بێ ئاوی و کەمیی ئاو لە ئوستانی سیستان و بەلوچستانەوە گەیشتووەتە ئوستانەکانی تاران، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بووەتە هۆی توڕەیی و ناڕەزایەتی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچانە. کەمیی ئاو لە ئوستانی سیستان و بەلوچستان بەردەوامە. تاڵەبان لە ئەفغانستان لە ناردنی ئەو بڕە مافە ئاوییەی ڕووباری هیرمەندە کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، خۆ دەبوێرێت. چەند ڕۆژ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی شاندێکی بەمەبەستی وتووێژ و سەردان ڕەوانەی ئەفغانستان کرد. ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی گەلاوێژ، هەواڵێک بڵاوکرایەوە کە تاڵەبان بە گەرمی بەپیر ئەندامانی ئەو شاندەوە نەچووە و تەنانەت ئیزنی پێنەداون سەردانی بەنداوی “کاجەکی” بکەن. جگە لەم ناوچە بێبەش ڕاگیراوەی وڵات، لە شارۆچکەی باغمیشەی سەر بە تەورێزیش، خەڵک لەگەڵ بڕان و کەمیی بەردەوامی ئاو ڕووبەڕوون. شەوی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە بۆ چەندەمین جار لەدژی بڕانی درێژماوەی ئاو، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی گەلاوێژیش، ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانی سەربە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە بەردەم چەند دامەزراوەیەکی دەوڵەتی کۆبوونەوە و بەرامبەر بە بڕانی ئاوی خواردنەوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەو شارۆچکەیە، ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دۆخی سەرچاوه ئاوییەکانی ئوستانی تارانیش زۆر باش نییە. ڕۆژی هەینی ٢٠ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی شاری وەرامین لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کێشەی بەردەوامی کەم ئاوی لەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. هەمان ڕۆژ دوای بڕانی چوار ڕۆژەی ئاو، کۆمەڵێک لە دانیشتوانی ناوچەی ئالاردی ڕوبات کەریم، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو ناوچەیە کۆبوونەوە و بەرامبەر بە بڕانی بێکۆتایی ئاو ناڕەزایەتییان نیشاندا. هەواڵی مەترسیداری بێ ئاوی و کەم ئاوی کە لە دەوروبەر و ناوەڕاستی وڵات دووبارە دەبێتەوە، کاردانەوەی جیاوازی لەناو بەرپرسانی حکومەتدا هەبووە، هەندێکیان خەڵک بە تاوانباری دۆخەکە دەزانن، لەبەر ئەوەی گۆیا ئاوی زۆر بەکار دەهێنن. بەڵام بەشێکیان بەناچاری هەندێک لە ڕاستییەکان دەردەبڕن. بۆ نموونە هاشم ئەمینی وتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژ لە کۆبوونەوەی پیشەسازی ئاوی وڵاتدا ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ٢٦٩ شاری وڵات تووشی کێشەی ئاو بوون. ناوبراو دانی بەوە دانا کە “بەنداوی دۆستی”ی مەشهەد لە دۆخێکی قەیراناویدایە و “بەنداوی نەهەند”ی تەورێزیش لەدەستچووە. ماوەیەک لەمەوبەر لە ڕاپۆرتی ئیتلاعاتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسدا ڕاگەیەندرا کە قەیرانی ئاو هەموو سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی وڵاتی گرتووەتەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی گشتیی ٦٠٩ دەشتی لێکۆڵینەوەی وڵات، کە بەشێکیان تووشی ڕۆچوونی زەوی بوون، ٤٢٠ دەشت وەک قەدەغە و قەدەغەکراوی قەیراناوی دادەنرێت.
بێ ئاوی و کەم ئاوی یەکێکە لە کێشە جیددیەکانی ئێرانە کە دەرئەنجامەکانی لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران و تەنانەت لە لێدوانی بەشێک لە بەرپرساندا بەدی دەکرێت. بەڵام کێشەکە لە ئێران تەنها کەم ئاوی نییە، بەڵکوو تەنانەت ئەو ئاوەی بەردەستیشە خاوێن و شیاوی خواردنەوە نییە. تێکەڵبوونی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ماددە شیمیایی، مەعدەنی، بیۆلۆژیکی و فیزیکییەکان لەڕێگەی پاشەڕۆی ماڵان و پیشەسازی و نەخۆشخانەکانەوە لەگەڵ ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەرزەوی، لە زۆرێک لە شارەکاندا بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەنگ و تام و بۆنی ئاودا. سفیدرود وەک پیسترین ڕووباری ئێران دەستنیشان کراوە، یان لەم دواییانەشدا پیسبوونی چۆمی ئەرەس بە ماددە شیمیاییە تیشکدەرەکان، سەرنجی ڕای گشتی بۆلای خۆی ڕاکێشا.
سیاسەتی نادروستی کشتوکاڵی و پیشەسازی و نەبوونی ژێرخانی گونجاو و سەردەمیانە بۆ گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە و هەروەها نەبوونی ئامرازی پێشکەوتوو و ئەمڕۆیی بۆ پاککردنەوە و ڕیسایکل کردن یان سەرلەنوێ بەکارهێنانەوەی ئاوەڕۆکان، قازانج پەرەستی و نابەرپرسیارێتی بەشێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنان و کۆنترۆڵنەکردنی ڕژێم، سەرچاوە و یەدەكە ئاوییەکانی وڵاتی لەگەڵ مەترسی و دەرەنجامی کارەساتبار بەرەوڕوو کردووەتەوە.
گرنگترین بابەت بریتییە لە دروستکردنی ئەو بەنداوە زۆر و زیانبەخشانەی کە قەرارگای خاتەمولئەنبیا بەمەبەستی بەدەستهێنانی داهات یان بە هۆکاری دیکە ئەنجامی داوە، کە ئەمەش دۆخەکەی زۆر خراپتر کردووە. هەروەها دەوترێت کە لە ژێر هەندێک لە دەریاچەکان و تەنانەت دەریاچەی ورمێش لیتیۆم دۆزراوەتەوە و لە ئەنجامدا سپای پاسداران بە ئەنقەست هۆکارەکانی وشکبوونی درووستکردووە.
بەردەوام مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی گەورەترین مەترسییە بۆسەر تەندروستی خەڵک و ژینگەی ئێران. دەسەڵاتێک کە کەمترین سەرمایەگوزاری دەکات لە بوارەکانی خۆشگوزەرانی و تەندروستی خەڵک و بەرگری لە ژینگەی ئێران. حکومەت بە بڵاوکردنەوەی خوڕافاتی ئایینی، دژایەتیکردن لەگەڵ زانست و وشیاری، سەرکوت لە ناوخۆ و تیرۆریزم لە دەرەوەی وڵات، سەروەت و سامان و سەرچاوە داراییەکانی وڵات لەپێناو مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی تاقمێک دز و کۆنەپەرستی ئیسلامی گەندەڵدا، خەرج دەکات. ئاکامی بەردەوام مانەوەی حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەر و نالایقە هیچ شتێک نییە جگە لە پیسبوونی هەرچی زیاتری ژینگە و گەیاندنی زیانی کارەساتبار بە تەندروستی خەڵک و مردنی زیاتر. بەرپرسان و کاربەدەستە گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانبارکردنی خەڵک یان گەڕاندنەوەی کەموکوڕییەکان بۆ دوژمنی “فەڕزی” ناتوانن خۆیان لە شەپۆلی تووڕەیی جەماوەر دەرباز بکەن.