کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێگانە بوونی کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

رۆژی چوارشەممە ٢٢ ی مانگی سەرماوەز لەسەر بانگهێشتی ئۆردوغان ” کۆبوونەوەی نائاسایی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی” لە ئیستانبول بە بەشداری نوێنەرانی ٤٨ دەوڵەتی ئیسلامی بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاردانەوە بە بڕیاری ترامپ سەبارەت بە بەڕەسمی ناسینی شاری” قودس” وەک پێتەختی ئیسرایل و گواستنەوەی سفارەتی ئەمریکا بۆ ئەوێ بانگەواز کراو، دەوڵەتانی بەشدار بڕیارەکەی ترامپ یان بە نا بەرپرسانە هەڵسەنگاند و مەحکومیان کرد. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی بەهێز بوونی توندڕەوی و تیرۆریزم و داوایان لە ئەمریکا کرد لەم بڕیارەی پاشگەز بێتەوە.

بێ گومان بڕیارەکەی ترامپ هەنگاوێکە لە ڕاستای بەڕەسمیەت ناساندنی داگیرکاری و درێژەی پێشێلکرانی مافەکانی خەڵکی فەلەستین لە لایەن ئیسرایلەوە. بەڵام لە” کۆبوونەوەی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی” دا ئەوەی کە کەمتر لە هەر بابەتێکی دیکە قسەی لەسەر کرا، مافەکانی خەڵکی فەلەستین و چارەنووسی خەڵکی ئاوارەی سەرزەمینەکەیان بوو. لە بەرانبەردا ناوەرۆکی سەرەکی قسەی سەرجەم ڕێبەرانی بەشدار لەم کۆبوونەوە کۆنەپەرستانەیەدا دیفاع لە “مزگەوتی ئەقسا” وەک یەکێک لە هێما ئیسلامیەکان بوو. هەمان ئەو مزگەوتەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە لەژێر ناوی بەناو ئازاد کردنیدا، سیاسەتە دخاڵەتگەرانە و شەڕ ئەنگێزانەکانی بەرەو پێش دەبات.

روون و ئاشکرایە کە بڕیارەکەی ترامپ بڕیارێکی سیاسی و لە ڕاستای سیاسەتەکانی تا ئێستای ئەمریکا لە بەرانبەر ئیسرایلدا بووە و لە چوارچێوەی دانوستاندنەکان و ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوی ناوچەکە و لەسەر بنەمای مەسڵەحەت و بەرژەوەندی خۆی دراوە. سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی ترامپ لە تەبلیغاتی خۆیدا ئەم بڕیارەی لە ڕاستای یارمەتیدان بە بەناو پڕۆسەی ” ئاشتی” ئیسرایل و فەلەستیندا باس دەکات ( کە قەت وانییە)، ئەم بڕیارەی ترامپ لە دژایەتی ئاشکرا لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندی خەڵکی زۆر لێکراوی فەلەستین و چارەنووسی ئەوان دایە. ئەم بڕیارە تۆوی نیفاق و دوژمنایەتی زیاتر لە نێوان خەڵکی فەلەستین و ئیسرایلدا دەچینێ، توندوتیژی زیاتری لێدەکەوێتەوە و ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵک دەبنە قوربانی. هەر لە دوای ئەم بڕیارەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا قەت نە تەنیا هەنگاوێکی بۆ سەقامگیر کردنی ئاشتیەکی ڕاستەقینە هەڵنەهێناوەتەوە، بەڵکو بە کردەوە کۆسپیشی بۆ دروستکردوە. بێ گومان ئەم بڕیارە، دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرایل لە پەرەدان بە داگیرکاری و درێژەدان بە کرداری دیکتاتۆڕانە لەدژی خەڵکی فەلەستین زیاتر هان ئەدات. بەڵام ئەوە تەنیا ئەمریکا نییە، بەڵکو دەوڵەتانی ئیسلامی چالاک لە کۆبوونەوەی” رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی”دا لەوانە دەوڵەتانی عەرەبی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامی و تورکیەش هیچ هەنگاوێکی جیدییان بۆ بەرپا کردنی ئاشتی و دەستەبەر کردنی مافەکانی خەڵکی فەلەستین نەناوە. ئەو دەوڵەتە کۆنەپەرستانە بەردەوام هەوڵیانداوە لە مەسەلەی فەلەستین وەک کارتێک لە معامەلاتی نێوانیاندا لە ڕاستای قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا کەڵک وەربگرن. بەردەوام لە هەوڵدا بوون بە یارمەتیدانی دروستکردن و شکڵدان بە جەریاناتی ئیسلامی و بە توشی گەندەڵی و سازش کردنی جەریانی فەتح و دوژمنایەتی لەگەڵ ڕەوتە چەپ و شۆڕشگێڕە فەلەستینیەکان، بزوتنەوەی ڕەوا و مافخوازانەی خەڵکی ستەم لێکراوی فەلەستین لە ناوەرۆکی شۆڕشگێڕانە، چەپ و ڕادیکاڵ بەتاڵ بکەن و سوئیستیفادەی لێبکەن.

لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە حەسەن روحانی وەک سەرپەرستی هەیئەتێک لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو. ناوەرۆکی قسەکانی بە شێوەی ئاسایی لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ڕژیمدا بوو وە لە کۆمەڵێک دروشمی بێ ناوەرۆک واوەتر نەچوو. ناوبراو پێشتریش لە کاردانەوە بەم بڕیارەی ترامپ، نیەتی سەرەکی ڕژیمی دربڕی بوو وە وتبووی:” لە پیلانی ئەمرۆی دوژمناندا، ئازادی قودسی شەریفیان کردۆتە نیشانە و کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر دەستدرێژی ئیستکباردا بۆسەر پیرۆزیەکانی ئیسلام کاسەی سەبری پڕ بووە.” کاردانەوەی ئۆردوغانیش لە پێوەند لەگەڵ فەلەستین و بانگەواز بۆ پێکهێنانی ئەو کۆنفڕانسە، ڕیاکارییەکی درۆزنانەیە. ئۆردوغان لە حاڵێکدا بەردی دیفاح لە ناوەندە ئیسلامیەکان لە فەلەستین لە سینگ ئەدات کە ساڵانێکە لەگەڵ ئیسرایل بەرین ترین پیوەندی ئابووری دامەزراندوە و قەراردادێکی توچاڕی زۆری لەگەڵیدا مۆر کردوە. دەوڵەتانی عەرەبستانی سعودی و ئیمارات و میسریش لە ئاستێکی دیپلۆماتیکی نزمدا بەشداری ئەم کۆنفرانسە بوون. تا پیشانی دەوڵەتی ئەمریکای بدەن کە ئامادە نین لەبەر فەلەستین مناسباتی خۆیان لەگەڵ ئیسرایل بخەنە مەترسیەوە. ئەم دەوڵەتانە و بە تایبەت عەرەبستان چاویان بڕیوەتە چراسەوز و وەعدەکانی ئەمریکا و ئیسرایل تا لە کێشەیەکدا کە لە ناوچەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیانە، بێن بە هانایانەوە. هەڵبەت ئەم نیازە دوو لایەنەیە و ئەمریکا و ئیسرایلیش بۆ بەرتەسک کردنەوەی زیاتری دخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، پێویستیان بە هاوکاری ئەو دەوڵەتانە هەیە. نتانیاهو چەند رۆژ پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی ئیستانبول لەگەڵ ڕێبەرانی ئەو دەوڵەتانە پێوەندی گرتبوو. تا وێڕای داخوازی لەوان بۆ پشتیوانی لە ئیسرایل لە بە ڕەسمیەت ناسینی بەیت الموقەدەس وەک پێتەختی ئیسرایل، ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ عەرەبستان لە کێشەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بە مەلەک سەلمان ڕاگەیاندبوو. بەم جۆرە دەوڵەتانی عەرەبی هەروەک ئەوەی تا ئێستا جوڵاونەتەوە، ئامادەن بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ستەم دیتوی فەلەستین کە رۆژانە لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرایلەوە پێشێل دەکرێت لە دان و ستاندا لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرایل بکەنە قوربانی.

هەڵبەت خەڵکی تێکۆشەری فەلەستینیش ساڵانێکە لەگەڵ ماهیەتی ڕیاکارانە و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی عەرەبیدا ئاشنان و لە چاوەڕوانی ڕزگار بوون لە لایەن ئەوانەوە نین. بۆ ئەوان خەبات لەدژی دەستدرێژی ئیسرایل بۆسەر مافەکانیان واتایەکی دیکەی هەیە. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی فەلەستین بە شێوەیەکی بەرین ناچارن بۆ دۆزینەوەی کار و وەدەست خستنی داهاتێک بۆ بەڕێچوون رووبکەنە ئیسرایل. بۆ ئەوان کە رۆژانە لە لایەن دەوڵەتی ئیسرایلەوە ئەزیەت و ئازار ئەدرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت و بێڕێزی بە کەسایەتیان دەکرێت، مزگەوتی قودس ئەو گرینگیەی نییە کە بۆ کۆنەپەرستانی ئیسلامی هەیەتی. بۆ ئەوان نە کۆنفڕانسی ئیسلامی و نە نە تەرح و گەڵاڵەی ئیمپڕیالیستەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی سەرمایەداری ناوچەکە ناتوانن مەرهەمێک بن بۆ برینی چەندین ساڵەیان. ئەوان بۆ ڕزگار بوونیان تەنیا دەبێ پشت بە بزوتنەوەی جەماوەری و شۆڕشگێرانەی خۆیان و هاوپشتی و پشتیوانی هێزە پێشکەوتنخوازەکان و بیرورای گشتی خەڵکی ئازادیخواز ببەستن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-