غوڵامڕەزا گودەرزی، سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران لە یەکەم دانیشتنی شۆڕای باڵای کاری حکوومەتی پزیشکیان لە ساڵی نوێدا، سەبارەت بە بێکاری گەنجان ڕێژەی بێکاری بۆ تەمەنەکانی نێوان ١٥ بۆ ٢٤ ساڵی، ٢٠.١ لەسەد ڕاگەیاندووە. زۆربەی گەنجانی بێکار لە خوێندەوارانی دیپلۆم و بەرەوژوور پێکدێن. ئەگەرچی ئامارەکان لە ئێران بەپێی بەرژەوەندی ڕۆژ دەستکاری دەکرێن و زۆر جێی متمانە نین. بەڵام سەرەڕای شاردنەوەی ڕاستییەکانیش دەتوانین وێنەیەک لەو دۆخەی کە بەسەر گەنجانی ئێراندا هاتووە بەدەست بهێنین. کۆمەڵگای ئێران بەشێوەیەکی ڕێژەیی زۆرترین حەشیمەتی گەنجی دنیای هەیە و بە هەمان ڕێژەش زۆرترین بێبەشیی و زیانە کۆمەڵایەتییەکان بەر ئەم بەشە لە کۆمەڵگای ئێران دەکەوێت. بەڵام یەکێک لە بنەڕەتیترین کێشەکانی گەنجانی ئێران بێکارییە. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بێکاری لە ئێران، بوونی لەشکرێکی بەرینی بێکارانی دەرچووی زانکۆ و دواناوەندییە. بێتوانایی گەنجانی دەرچووی زانکۆ لە دەستڕگەیشتن بە کارێکی گونجاو لەگەڵ خوێندنەکەیان، بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆریان ڕووبکەنە کاری بەردەستی وەک دەستفرۆشی. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کارێکی گونجاویان دەست بکەوێت، ئەمڕۆ دەبینن نەک هەر ئەم ئامانجەیان نەهاتووەتە دی، بەڵکوو خوێندنی زانکۆ بووەتە کێشەیەک بۆ دۆزینەوەی کار بۆ گەنجەکانیان.
بەڵام بێکاری و پەرەسەندنی زیانە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، بە تەواوی پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە. گەنجێک کە بە هەزار هیوا و ئاوات دوای تێپەڕاندنی دەیان کێشە و بەربەستی کە ڕژێم یان هەژاری لەڕادەبەدەری ماددی خستوویەتە سەر ڕێگای، سەرەنجام دەتوانێت بڕوانامەی خوێندنی دواناوەندی، هونەرستان یان زانکۆ بەدەست بهێنێت و دوای وەرگرتنی بڕوانامە و بەفیڕۆدانی دوو ساڵ لە ژیانی لە دەورەی سەربازی بۆ ڕژێم، هێشتا هیوای نییە بە دۆزینەوەی کارێکی گونجاو لەگەڵ بڕوانامەکەی، هەست بە ڕەنج بەخەساربوون دەکات. حاڵ و ڕۆژی گەنجێکی کە بەهۆی هەر ئەم بێکارییە و نەبوونی سەرچاوەیەکی دارایی سەربەخۆ، خۆی بە سەرباری بنەماڵەکەی دەزانێت و تەنانەت ناتوانێت خەرجی هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان دابین بکات، دەبێت چۆن بێت؟ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گەنجان نە لە خۆشی و شادی و جۆش و خرۆشی گەنجی بەهرەمەند دەبن و نە ئەو دەرفەتە بەدەست دەهێنن کە توانا و بەهرەی خۆیان پەرەپێبدەن. لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە دەبینین، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدەبووانی مادە هۆشبەرەکان تەمەنیان کەمتر لە ١٩ ساڵە و مامناوەندی تەمەنی گیرۆدەبوون لە ئێران گەیشتووەتە ١٣ ساڵ و ڕێژەی نەخۆشی دەروونی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، لە نێوان گەنجاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لێرەدا پێویستە لەسەر ئەم ڕاستییەش جەخت بکرێتەوە کە ئەگەرچی گەنجانی ئێران بەهۆی دەسەڵاتی ڕژێمێکی کۆنەپەرست و دژی ئازادی، کێشەی هاوبەشیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەر بە چین و توێژی جیاوازن، ڕەنج و نەهامەتییەکانیان یەکسان نییە. ئاشکرایە کە کێشەی گەنجانی سەر بە چینی کرێکار و بەشە هەژار و کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا، لەگەڵ ئەو گەنجانەی کە لەژێر چەتری پارێزگاری بنەماڵەیەکی دەوڵەمەنددان، جیاوازن، بەڵام بێگومان پەرەسەندنی خەباتی چینی کرێکاری پێکهاتوو لە ژن و پیاو و پیر و لاو و ڕزگاربوونی ئەم چینە لە چنگ ڕژێمی ئیسلامی و ئەو پەیوەندییە چەوسێنەرانەی ئێستا، دەبێتە هۆی ڕزگاربوونی زۆربەی هەرەزۆری گەنجانی کۆمەڵگای ئێران لەو بارودۆخە نامرۆڤانەی کە ئەم ڕژێمە بەسەریدا سەپاندوون. گەنجێکی کە بەهرەکانی لەلایەن ڕژێمێکی کۆنەپەرستەوە کۆت و بەند کراوە، گەنجێک کە باشترین ساڵەکانی تەمەنی لە قوتابخانە و دواناوەندی و زانکۆ لەژێر گوشاری بارهێنانێکی دژە زانستی و کۆنەپەرستانە بەسەر بردووە، گەنجێک کە تەنانەت لە ئازادی هەڵبژاردنی جلوبەرگ بێبەش کراوە، گەنجێک کە بەهۆی بچووکترین ناڕەزایەتی بەرامبەر ئازار و کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەکەوێتە زیندان و ئەشکەنجە دەدرێت و گەنجێکی کە لە مافی سەرەتایی پێوەندی و هەڵسوکەوتی مرۆڤانە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەری خۆی بێبەش دەکرێت، هەموو ئەم گەنجانە لەگەڵ گەنجانی سەر بە چینی کرێکار و زەحمەتکێش، ئازاری هاوبەشیان هەیە و ڕزگاربوونیان لەم بارودۆخە نامرۆڤانە لە ڕێگای هاوپشتی لەگەڵ خەباتی چینی کرێکار مومکین دەبێت.
بەڵام وێناکردنی ژیانی گەنجانی ئێران بەبێ جەختکردنەوە لەسەر ڕاستییەکی هیوابەخش، وێنەیەکی تەواو نابێت. ڕژێمی ئیسلامی پڕۆژەی جۆراوجۆری بۆ زاڵبوون بەسەر جەستە و ڕۆحی گەنجاندا خستە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هەموو ئەم پڕۆژانە لەبەرامبەر شەپۆلی بزاڤی بەرەوپێشی کۆمەڵگادا، بوونە بڵقی سەرئاو. لە ڕاستیدا هەموو هەوڵەکانی ٤٦ ساڵی ڕابردووی ڕژێمی ئیسلامی لەم بوارەدا بە فیڕۆچووە. هەربۆیە ئەم ڕژێمە بەردەوام خەریکی تۆڵەسەندنەوە لەو گەنجانەیە کە لە سەردەمی قوتابخانە و دواناوەندی، نەیتوانیوە بەپێی ویستی خۆی، پەروەردەیان بکات. گەنجانی ئێران ئەگەر بێکارن و ئەگەر لە سەرەتاییترین دەرفەتەکان بۆ سوودوەرگرتن لە ئیمتیازە سروشتییەکانی سەردەمی گەنجی خۆیان بێبەشن، بەڵام لەبەرامبەردا، تەسلیمی ئەو بارودۆخەی ئێستا نەبوون و ڕێگای خەبات لە دژی ئەم ڕژێمەیان گرتووەتەبەر. ئەم ڕاستییە کاتێک دەردەکەوێت کە ئەم گەنجانە هەرکات دەرفەتێک بەدەست دەهێنن، هەموو پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری سەرەڕۆی ئیسلامی دەکەنە ئامانج. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی دەریخست کە چ ڕادەیەک لە هێز و وزەی ئەرێنی لە بوونی گەنجانی ئێراندا شاراوەیە. متمانەبەخۆبوون و جۆش و خرۆشی شۆڕشگێڕانەی گەنجان لە شۆڕشی ژینادا، هیوای ڕزگاری یەکجاری لەم بارودۆخە دژوارەی کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە، زیندوو کردەوە.