کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێکاری دێوەزمەیەکە لە پشت دەرگای هەموو کرێکارێکی لەسەرکار دا پاڵکەوتوە

نوێترین ئامار و زانیاری بڵاوکراوە لە لایەن سەرچاوە هەواڵییە جۆراو جۆرەکانەوە لە نێوخۆی وڵاتدا سەبارەت بە بێکاری، باسی ئەوە دەکات کە ئەم گەورە ترین گرفتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێران، سەرەڕای بەڵێنەکانی جاروبارەی بەرپرسانی ڕژیم نە تەنیا نیشانەیەک لە کەم بوونەوەی دیار نییە، بەڵکوو رۆژ لەگەڵ رۆژ لە حاڵی زیاد بوون دایە. لەم روەوە خەبات لەدژی بێکاری مەیدانێکی گرنگ و ئەساسی بزوتنەوەی کرێکاری ئێرانە. لە هەواڵەکانی دوێنێدا هاتبوو کە لە “خوڕەمشه‌هر” لاوانی بێکار لە خۆپیشاندانێکی بەریندا بە دانی دروشمی وەک “نا بۆ بێکاری” و “کار؛ مافی سەلمێندراوی ئێمەیە”، خوازیاری چارەسەر کردنی گرفتی بێکاری بوون. هەروەها لە شاری تەورێز، ئەو کرێکارانەی کە بە شێوەی بە کۆمەڵ لە کارخانەی ماشێن ئالاتی کەشاوەرزی تەراکتۆر سازی دەرکرابوون، لە پشت درگا داخراوەکانی کارخانەوە دەستیان دایە خۆپیشاندان و خوازیاری گەڕانەوە بۆسەر کار و وەرگرتنی خێرای ٧ مانگ حەقدەستی دواخراویان بوون. جوڵەی پڕژوبڵاوی لەم جۆرە، بە شێوەی رۆژانە لە جەریاندایە. بەڵام ئاستی کارەساتەکە بەرینتر لەوەیە کە بەم ئاستە لە خەباتی کرێکاری بکرێت دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم بکرێت.

وەک نمونە دەبیری جامیعەی ئیسلامی کرێکارانی ئوستانی ئیسفەهان ڕایگەیاندوە کە لەمساڵدا ٢٧ هەزار کرێکار بێکار کراون و داوای بیمەی بێکارییان کردوە. بە وتەی ئەم کاربەدەستەی ڕژیم، کەسادی ئابووری و داخرانی کارخانەکان لەم ئوستانە ڕەوتێکی روو لە هەڵکشانی هەیە و بێکار بوونی کرێکارانی لەسەرکار بۆتە ڕەوتێکی رۆژانە. بە چەشنێک کە ئێستا بە شێوەی مامناوەند لەهەر بنەماڵەیەکدا سی کەس بێکارن. ڕەقەمی ٢٧ هەزار بێکاربوو مەڕبوت بە کرێکارانێکە کە مەرجی وەرگرتنی حەقی بیمەیان هەبووە و لەژێر جەتری بێمەی بێکاریدا بوون و ئەو دەستەیە لە کرێکاران لەخۆ ناگرێت کە لەبەر جۆری قەراردادەکەیان لە وانە قەراردادەکانی ناسراو بە قەراردادی سپی لە دەرماڵە و مەزایای بیمەی بێکاری بێبەشن.

لەسەر بنەمای ئامارە ڕەسمیەکان، ئوستانی کرماشان، چوارمحاڵ و بەختیاری و کوردستان لە ئێراندا بەرزترین ڕەقەمی بێکارییان هەیە. تا ئەو جێگایەی کە ئاماری بەرزی بێکاری دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئەم ئوستانانەی ناچار کردوە کە خەریکی کاری پڕ مەترسی و دژواری کۆڵبەری بن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەدیل و جێگرەوەیەک، بە ڕەسمی ئەم تەنیا شوێنەی دابین بوونی بەڕێچوونی مەمرەو مەژیەشی قەدەغە کردوە.

زیاتر لە مانگێک لەوە پێش عەبدولڕه‌زا ڕەحمان فەزلی، وەزیری نێوخۆی ئێران وێڕای ئەوەی کە مامناوەندی بێکاری لە ئێراندا ١٢ لەسەد ڕاگەیاند، دانی بەوەدا نابوو کە:” هێندێک لە شارەکان ئاستی بێکارییان گەیشتۆتە زیاتر ٦٠ لەسەد.

بەڵام پێناسەی ناوەندی ئاماری ئێران بۆ نیشاندانی ڕێژەی بێکاری بە روونی نیشانی ئەدات کە وەها ئامارێک ئەگەر تەنانەت ساختەش نەبن، بزانن چون بە کردەوە ئەو ڕاستیانەی هەن پەردە پۆش دەکەن. لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیە، ناوەندی ئاماری ئێران هەموو کەسانی ١٠ ساڵە و زیاتر کە لە ماوەی حەفتەی ئامار گیریدا لانیکەم یەک کاتژمێر کاریان کردوە و یان بە هۆکارێک بەشێوەی “کاتی” کارەکەیان بەجێ هێشتوە، وەک شاغڵ بە حیساب هێناوە.

ڕاپۆرتەکانی ساڵی ٢٠١٧ی بانکی جیهانی سەبارەت بە شوێنی کار کە بەم دواییانە بڵاو بۆتەوە، ئێرانی لەباری بارودۆخی پێویست بۆ هاسانکاری چالاکی ئابووری لەنێو ١٩٠ وڵاتی دنیادا، لە پلەی ١٢٠ داناوە.

بەڵام ئەوەی کە لە ئەمرۆدا لە پشت سەری داخرانی بۆنگا و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کەرتی تایبەتدا لە ئارادایە، ئەو ڕاستیەیە کە لەپاڵ وەرشکست بوونی ئەم ناوەندانەی کاردا شاهیدی کەڵکە بوونی سەرمایە و قەبە بوونی هەموو رۆژەی بەشە ئابووریەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و باقی ناوەندەکانی نزیک لە سپاین. روحانی هاتبوو تا کەرتی تایبەتی سەرمایەداری ئێران ڕازگار بکات، بەڵام بە قسەی خودی کاربەدەستانی دەوڵەتی و ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، لە دەورەی ٤ ساڵەی پێشوی سەرۆک کۆماری رۆحانیدا زیاتر لە ٦٠ لەسەدی کارخانە پیشەسازیەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی سەربە کەرتی تایبەت داخران و مابەقیش بە کەمتر لە نیوەی زەرفیەتیان کار دەکەن. بەڵام ڕەوتی وەرشکست بوون و داخرانی شیرکەتەکان تەنیا کەرتی تایبەتی نەگرتۆتەوە، بەڵکو دەیان ناوەندی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری سەربە دەوڵەتیشی توشی وەرشکست بوون و داخران کردۆتەوە و یان بە یارمەتی خەزانەی دەوڵەت بە شێوەی کاتی بەسەر پێوە وەستاون.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە گەندەڵی نیهادینە بوو لە دەزگا دەوڵەتیەکاندا، ئیمکانی تێپەڕ بوونی ڕژیمی ئیسلامی لەم گرفتەی لە کەرتی دەوڵەتیشدا لەنێو بردوە. ئەگەر بونگاکانی کەرتی تایبەت بە هۆی لاوازی توانایی سەرمایە و بێتوانایی لە ڕقابەت لەگەڵ کاڵای هاوردە کراو و هەرزان قیمەتەکان لە دەرەوە، توشی وەرشکست بوون دەبن، بۆنگا دەوڵەتیەکان بەهۆی گەندەڵی نیهادینە بوو لەم دامەزاوانەدا گیرۆدەی هەمان چارەنووس دێن. لە وەها مەوقعیەتێک دایە کە ئابووری شێوە دەوڵەتی سەربە سپا و مافیای ئابووری لە بۆسەدان تا ئەم دامەزراوانە بگەنە ئاستی وەرشکست بوونی بە تەواوەتی، ئەو جار بۆخۆیان کۆنترۆڵیان بکەن و بە چەوساندنەوەی توندی کرێکاران لە ڕێگای زاڵکردنی نەزمێکی پادگانیەوە، ئەوان بکەنە ناوەندێکی سودهێنەر.

هۆکاری داخرانی یەک لەدوای یەکی کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و هێرشی سەرمایەی کەرتی تایبەت بەرەو دەڵاڵی و بازرگانی هەر چییەک بێت، ئەم شەپۆلە تازە و هەڵبەت ئیدامە دارە لە داخرانی ناوەندەکانی کار و بەرهەمهینان لە کەرتی تایبەت و دەوڵەتیدا و کۆنترۆڵکرانیان لە لایەن بەشێکی دیکەی سەرمایەوە لە ئێران، لە هەموو حاڵەتێکدا نیشاندەری توند بوونەوەی نەهامەتیەکانی ژیانی کرێکارانی لەسەرکار و بێکارە لە مانگەکانی داهاتودا.

بێکاری لە ئێران یانی لەبەین بردنی ئەمنیەتی پیشەیی و دروستکردنی دووبەرەکی لەنێو کرێکاراندا، واتە پال پێوەنانی بنەماڵە کرێکاریەکان بەرەو ژیان بەسەر بردن لەژێر هێڵی هەژاری تەوادا و داسەپاندنی مەرگی بە شێنەیی، گرفتێکە کە تێکچوونی ڕەوانی، خەمۆکی، بێ بڕوا بەخۆیی، لە ئاسەوارەکانین. ئەم تراژیدییە خەمناکە تەنیا بێرەوە بەرتەسک نابێتەوە، لێک هەڵوەشانی بنەماڵە کرێکاریەکان، کشان بەرەو گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر و لەسفرۆشی لە رووی ناچاریەوە و هێندێک جاریش خۆ کوشتن و باقی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان درێژەی ئەم ڕەوتەن و قوربانیەکانیشی لەنێو ژنان و پیاوان، لاوان و منداڵانی کۆمەڵگەدا دەستینێ.

بێکاری دێوەزمەیەکە کە لەپشت درگای هەموو کرێکارێکی لەسەرکاردا پاڵکەوتوە. لەم روەوە چارەسەری رووداو بەرلە روودانی دەبێ بکرێت. هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم قەراردادە کاتیەکان کە دەستی خاوەنکاران بۆ دەرکردنی کرێکاران بە کراویی دێڵێتەوە، چەسپاندنی داخوازی ڕەوای کار یان بیمەی بێکاری کافی، ئەو مافە بەڵام بە خەباتێکی یەکگرتوانە و ڕێکخراو و بە بەرپا بوونی بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری دەستەبەر دەبێت. لەشکری گەورەی بێکاران و ئاگادار بوون لە مەترسی ئەو خەسارە مەترسی دارە کۆمەڵاتیانەی کە لە کەمینی بێکاران و بنەماڵەکانیان دان، زەرفیەتە باڵاکانی ناڕەزایەتی، بە تایبەت لەنێو توێژی خوێندەوارانی بێکاردا، کە سەرجەم ئاوات و ئارەزوەکانیان بە با چوو دەبین، بەدی هێناوە. شکڵ گرتنی وشیارانە و هەنگاو بەهەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەمانحاڵدا رێگا خۆشکەری بەرپا بوونی رێکخراوی جەماوەری و چینایەتیەکان و ئیدامە کاریی کرێکاران زەمانەت دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-