کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێکاریی فرەڕەهەند لە ئێران

6058015

بێکاریی فرەڕەهەند لە ئێران

بێکاریی لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ. دیارترین ڕەهەندی بێکاری لە ئێران بریتییە لە بارودۆخی لاوان. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، کە زۆریش باوەڕپێکراو نین، ڕێژەی بێکاریی لە نێو گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ لە هاوینی ساڵی ١٤٠٤دا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ لەسەد، کە زیاتر لە دوو هێندەی ڕێژەی فەرمی بێکاریی گشتییە. بەمجۆرە یەکەم: گەنجان لە باشترین ساڵەکانی تەمەنی کارکردنیاندا دەرفەتی بەدەستهێنانی ئەزموون و لێهاتوویی لەدەست دەدەن. دووەم: بێکاریی درێژخایەن لە تەمەنی لاویدا کاریگەری نەرێنی قووڵی دەروونی دەبێت و دەبێتە هۆی هەستکردن بە ناکامی، خەمۆکی و بێ ئامانج بوون. بەپێی ڕاپۆرتەکان، نزیکەی٧٠ لەسەدی سەرجەم بێکارانی وڵات لە گەنجانی تەمەن ١٨ بۆ ٣٥ ساڵ پێک دێت. ڕەهەندێکی گرینگی دیکەی بێکاریی لە ئێران، بریتییە لە کەلێنی قووڵی جنسییەتی. بەگوێرەی هەر ئەو ئامارە دەستکاریکراوانە، ڕێژەی بێکاری ژنانیش لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ لەسەد، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوان ١٣.٥ لەسەد بووە. بە واتایەکی تر ڕێژەی بێکاریی ژنان نزیکەی دوو هێندەی ڕێژەی بێکاریی پیاوانە. شایانی باسە سەرەڕای گەشەسەندنی بەرچاوی ئاستی خوێندنی ژنانی ئێران و بوونی بەربڵاویان لە زانکۆکان، ئەم پێشکەوتنە زانستییە نەیتوانیوە ببێتە هۆی هەلی کاری هاوتا لەگەڵ خوێندنیان.

دیاردەیەکی دیکەی بازاڕی کاری ئێران بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی لە نێو خەڵکی خوێندەواردا. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە نزیکەی ٤٢.٤ لەسەدی کۆی بێکارانی وڵات، دەرچووانی خوێندنی باڵان. ئەم ئامارە دەریدەخات کە سەرەڕای وەبەرهێنانی زۆر لە بواری پەروەردەدا، بەڵام کەسانی خوێندەوار نەیانتوانیوە کارێکی گونجاو بدۆزنەوە. بەپێی ستانداردی سەرژمێریی ئێران، کەسێک بە بێکار دادەنرێت کە لە کاتی سەرژمێریدا بێکار بووبێت و سێ حەوتوو بەرلەوە بەشوێن کارەوە بووبێت. بەپێی ئه‌م پێناسەیە کەسێکی کە لەماوەی هەفتەدا لانیکەم کاتژمێرێک کار بکات، به بێکار داده دانانرێت. بەڵام ئەم پێناسەیە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی کاردا ناگونجێت. بەپێی فۆرمۆلی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئامارناسانی هێزی کار، کەسانی لەسەرکار بە کەسێک دەوترێت کە لانیکەم یەک لەسەر سێی تەمەنی ئاسایی کارکردنی وڵات، کاری کردبێت. بەم پێیە کەسێک لە ئێران بە بێکار دانانرێت کە لانیکەم ١٤ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کاری کردبێت.

بێکاریی لە ئێران واتا لەناوبردنی ئەمنییەتی کار و دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان کرێکاران، واتا پاڵپێوەنانی بنەماڵە کرێکارییەکان بۆ ژیر هێڵی هەژاریی ڕەها و سەپاندنی مەرگی بەشێنەیی، کێشەیەکی کە ئاکامە خێرا و دەستبەجێیەکانی بریتی دەبێت لە تێکچوونی باری دەروونی، خەمۆکی، نەبوونی متمانە بەخۆبوون، هەستکردن بەبێ ناسنامەیی و لەخۆ نامۆبوون. ئەم کارەساتە دڵتەزێنە تەنیا بەوە کۆتایی نایەت، هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی بنەماڵە کرێکارییەکان، پەنابردنە بەر مادەهۆشبەرەکان و لەشفرۆشی لەڕووی ناچاریی و هەندێکجاریش خۆکوشتن و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی تر درێژەی لۆژیکی ئەم پرۆسەیە و، قوربانییەکانی بریتین لە ژنان، پیاوان، لاوان، تازەلاوان و منداڵانی کۆمەڵگا. زیاتر لە ٨٠ لەسەدی کرێکارانی ئێران خاوەن گرێبەستی کاتیی کار و سپی واژۆن، یان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی دابینکردنی هێزی مرۆیی و پەیمانکارەوە دەچنە ناو بازاڕی کار. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم بەشە بەرینەی کرێکاران تەنانەت شایستەی وەرگرتنی یارمەتییەکی کەمیش نین بۆ ماوەیەکی کورت لە سەردەمی بێکاریدا. لەمڕووەوە هەر لە یەکەم ڕۆژی بێکاریدا، ئابووری و داهاتی بنەماڵە بەتەواوی دادەڕمێ و کارەساتەکانی هەژاری دەست پێدەکەن. خەبات لەدژی ئەم کارەساتە کۆمەڵایەتییە و ئەم دیاردە وێرانکەرە و هەروەها دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ بێکاری، بووەتە یەکێک لە کێشەکانی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی لە کۆمەڵگەی ئێراندا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە، ئێمە بەردەوام شاهیدی داخرانی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە کارگە و ناوەندە قەیران لێدراوەکانی بەرهەمهێنان و لەسەرکار دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران دەبین بە بیانووی مایەپووچبوونیانەوە.

لە هەلومەرجێکدا کە تەنانەت بە هەڵگرتنی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانیش، هیچ ئاسۆیەک بۆ گەشەسەندنی ئابووری و باشتربوونی بارودۆخی کار و ژیانی کرێکاران و چینە هەژارەکانی کۆمەڵگا، بەدیناکرێت، باری بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێکاریی دەکەوێتە سەرشانی خودی کرێکاران و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاریی. لەم هەلومەرجەدا نە سەردانی تاکەکەسی بۆ ناوەندەکانی دۆزینەوەی کار و ناوەندی پارێزگاکانی وەزارەتی تەعاون، نە ڕاوەستان لە ڕیزەکانی بەردەم ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نە گوێگرتن لە بەڵێنە پووچ و بێ بنەماکانی دەوڵەت، نە ئومێدەواربوون بە گەشە و بەرەوپێشچوونی ئابووریی لە داهاتوویەکی نادیاردا، ڕێگاچارە نییە و هیچ دەردێک دەوا ناکات.

کار و ئەمنییەتی پیشەیی، یان بیمەی بێکاریی گونجاو و نەهێشتنی گرێبەستی کاتی و سپی واژۆ، داواکاری و مافی بێ ئەملاو ئەولای سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار و بێکار و ئەو گەنجانەیە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن. بەڵام ئەم مافە تەنیا بە خەباتێکی یەکگرتووانە و ڕێکخراو و بەتایبەت وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی دژی بێکاریی دەستەبەر دەبێت. بزووتنەوەیەکی کە نەک تەنها ملیۆنان کرێکاری بێکار، بەڵکوو ملیۆنان کرێکاری لەسەرکار و ئەو بنەماڵە کرێکاریانەش لەخۆدەگرێت کە مەترسی بێکاربوون ئەمنییەتی کاری لێ زەوت کردوون. بەڵام بەرەوپێشبردنی خەبات لەدژی بێکاری و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی، پێویستی بە یەکڕیزی و هاوپشتی هەڵسووڕاوان و تۆڕ و ڕایەڵە وشیارەکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران هەیە. ڕێژەی زۆری بێکاران و بەئاگابوون لەو مەترسییە بەئازارانەی زیانە کۆمەڵایەتییەکان کە هەڕەشەن بۆسەر بێکاران و بنەماڵەکانیان، توانایی و پۆتانسێلێکی بەرزی ناڕەزایەتی بە تایبەت لە نێو ئەو توێژە خوێندەوارەی بێکاراندا پێکهێناوە کە هیچ ئاسۆیەکی گەش بۆ داهاتووی خۆیان بەدیناکەن. پێکهاتنی وشیارانە و هەنگاو بە هەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە، زەمینە بۆ شکڵگرتنی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکان و هەروەها بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران خۆش دەکات.