کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێکاری، گرانی و هەژاری، کۆمەڵگای ئێرانی گەیاندۆتە ئاستی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی

photo 2023 05 29 20 53 09

  ڕاگەیەنەرەکانی ئێران لە زمان کۆڕ و کۆمەڵەکانی نزیک لە دەوڵەت بە پشت بەستن بە زانیاری بڵاو کراوە لە لایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە دەڵێن لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی بێکاری لە ئێران بە بەراورد بە ٣ مانگی زستانی ساڵی ڕابردو کەمی کردوە و گەیشتۆتە ٩،٨ لەسەد. گۆمانێک لە ناڕاست بوونی ئەم ئامارەنییە. بەڵام تەنانەت فەڕزکەین ئامارەکان دەستکاری نەکراون، کە هەڵبەت وانییە، بنەمای محاسبات بە شێوەیەکە کە دەیگەیەنێتە ئاکامێکی ناڕاست و نا واقعی: لەم محاسباتەدا هەر کەسێک کە لە حەفتەدا ڕۆژێک کار بکات، بە خاوەن شوغڵ بە حیساب دێت. سەربازان، کار ئاموزان، قوتابیان و خوێندکارانی خاوەنی کاری نیوە وەختیش بە خاوەن کار و شوغڵ حیساب دەکرێن. هەروەها ئەو کەسانەی کە بە هەر هۆکارێک بە شێوەی کاتی کارەکەیان ڕاگیرابێت وەک کەسی لەسەر کار بە حیساب دێن.

خاڵێکی تر لە ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماردا کە بە شێوەی ئاسایی لەبەرچاو ناگیرێت، بەرز بوونی ئاستی  بێکاری لە ئوستانە هەژارەکانی ئێرانە. بۆ نمونە نرخی بێکاری لە ئوستانی کوردستان زیاتر لە دوو هێندەی مامناوەندی وڵاتە. بەڵگە ڕەسمیەکان نیشانی ئەدەن، بێکاری لەم ئوستانانەدا، بە تایبەت لە سیستان و بەلوچستان، کوردستان و چوارمحاڵ و بەختیاری زیادی کردوە.

ئەوەی کە نا واقعی بوونی ئیدیعای ناوەندی ئاماری ئێران زیاتر دەکات، هەواڵی ڕۆژانەیە کە لە بواری داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهینان و خزمەتگوزاری، سەبارەت بە لاواز بوونی چالاکی بیناسازی بڵاو دەبێتەوە. چۆنە لە حاڵێکدا کە بە پێی بەدوادا چوونەکانی سندوقی نێونەتەوەیی دراو نرخی گەشەی ئابووری لە ئێران نەرێنییە و ساڵانە بە هەزاران دەرفەتی پیشەیی لە دەست ئەچێت، بەڵام بێکاری کەم بۆتەوە؟!

  لە کۆمەڵگایەکدا کە چارەنووسی بەشێکی بەرین لە کرێکاران سەرچاوە گرتوو لە سیاسەتەکانیسڕینەوەی یاسا و ڕێسادەراوەتە دەست ئەو خاوەنکارانەی کە بە بیانوی جۆراو جۆر دەستیان داوەتە بێکار کردنی کرێکاران و لەگەڵ ئەوەشدا بە ملیۆن کەس کە بە هۆی نەبوونی کار، بە شێوەی ڕەسمی بەشوێن کاردا هەڵوەدایان کردون، دەکرێ هەست بکرێت کە چ مەودایەک لە نێوان ئاماری ڕاستەقینەی بێکاری و ئەوەی کە ناوەندی ئاماری ڕژیم ڕایگەیاندوە بوونی هەیە.

یەکێک لە تایبەت مەندیەکانی بێکاری لە ئێران بوونی خێڵی گەورەی بێکارانی خوێندەوار و زانکۆ دیدە و دەبیرسانیە. لاوانی تەمەن ١٥ بۆ ٣٠ ساڵ ڕەقەمێکی نزیک لە ٣٠ ملیۆن کەسی پێک دێنن. بەپێی ئامارە بڵاو کراوەکان لە لایەن ڕژیمەوە ئێستا نزیک بە ١٢ ملیۆن لە جەمعیەتی ئێران خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە. بەپێی ئامارە نیوە ڕەسمیەکان بێکاری لاوانی خوێندەوار لە ئێران گەیشتۆتە زیاتر لە ٥٠ لەسەد. بێتوانایی ئەو لاوانەی خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوە لە دەست ڕاگەیشتن بە پیشەی جێی سەرنجی خۆیان و گونجاو لەگەڵ ڕشتە تەحسیلیەکەیان، بۆتە هۆی چوونی بەشێکیان بەرەو کاری لەبەر دەست تری وەک دەستفرۆشی. ئەگەر تا دوێنێ بنەماڵەکان پێیان وابوو کە منداڵەکانیان دەنێرنە زانکۆ تا لە داهاتودا دەستی بە کارێک ڕابگات، لەمڕۆدا دەبینن کە نە تەنیا ئەم ئامانجەیان دەستەبەر نەبووە بەڵکو خوێندنی دانیشگایی بۆتە گرفتێک بۆ دۆزینەوەی کار بۆ لاوەکانیان.

ئەو دیوی دیکەی بابەتی بێکاری هەڵاوسانی هەوسار پچڕاوە لە کۆمەڵدا. بە پێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئامار نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا لەگەڵ گەشەی ٥٠ لەسەدی بە بەراورد بە مانگی خاکەلێوە گەیشتۆتە ٤٥ لەسەد. هەڵبەت ئەوەندە بەسە چاوێک لە بەرز بوونەوەی چەند لەسەدی ئەو کالا ئەساسیانە و بە تایبەت بە بەرز بوونەوەی نرخی ٢٠٠ تا ٣٠٠ لەسەدی شیر، کەرە و ماست دا بگێڕین تا بزانین ئەم ڕژیمە بە سیاستە جەنایەتکارانەکانی چ هەژاری و فەلاکەتێکی بەسەر خەڵکدا سەپاندوە.

ئاکامی داسەپاندنی ئەم ئاستە لە هەژاری و فەلاکەت کەڵەکە بوونی پوتانسیەلێکی قوڵی تەقینەوە لە ژێر پێستی کۆمەڵ دایە. سەرانی ڕژیم ئەم پوتانسیەلەی تەقینەوە و نەفرەت و بێزاری بە ملیۆن کەس لە خەڵک بە باشی دەناسن و ڕاست بەم هۆکارەیە کە لەم حەفتانەی دواییدا شەپۆلێکیان لە سەرکوت و دەستبەسەر کردنی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و کۆمەڵایەتی و مەدەنی وەڕێخستوە.