کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێهداشت و دەرمانی بێبەرامبەر و گونجاو  بۆ هەمووان

1931296 655

  

یەکی خەرمانان لە ساڵنامەی ئێراندا بە ڕۆژی ئەبو عەلی سینا و ڕۆژی پزیشک ناوزەد کراوە. سەرۆک کۆمار پزیشکیان، بە بۆنەی یادی ئەم ڕۆژەوە قسە و باسێکی پێشکەش کرد. ناوبراو لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕاستگۆیانە پابەند دەبێت بە بەڵێنییەکانی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سەبارەت بە دابینکردنی تەندروستی و بێهداشت و دەرمانی پێویست بۆ کەسانی دەست تەنگ و دابینکردنی داهاتی گونجاو بۆ کادری پزیشکی. وەزیری تەندروستی کابینەکەشی، وەک وەبیر هێنایەوەیەک، وتی کە دابینکردنی دادپەروەری تەندروستی، لە یەکەم ئەرکەکانی دەبێت. ئەو، جێبەجێکردنی تەرحی پزیشکی بنەماڵەی، بە ڕێگەچارەیەکی گونجاو بۆ زۆرێک لە کێشەکان و هەزینەی لەڕادەبەدەری دەرمان، بلیت و چارەسەر زانی. ئەو تەرحە ساڵانێکی زۆرە لەلایەن کاربەدەستانەوە باسی دەکرێت و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ  هەڵنەگیراوە. لەکۆماری

ئیسلامیدا، سیستمی پزیشکی بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەستی کەرتی تایبەتدایە و بابەتی چارەسەر و دابینکردن و دابەشکردنی دەوا و دەرمانیش لە دەست مافیایەکدایە کە ئەندامەکانی یان خودی خاوەن پلە و پۆستە کاریگەرەکانی حکوومەتن، یان لەلایەن ئەوانەوە پاڵپشتی دەکرێن. هەر ئەوانیش ئەو بیمە تەندروستییە نیوە و ناتەواوەی ئێستایان لەکارخستووە. پزیشکیان و وەزیری تەندروستی کابینەکەی، هیچ باسیان لە پرسی بیمەی دەرمانی و باشترکردنی، نەکرد. لە هەر حاڵدا، کۆمەڵێک هۆکاری دیاریکراو هەن کە نیشان دەدەن، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی هاووڵاتیانی هەژار و کەم دەرامەت، وەک بڵقی سەرئاو وایە و شکستهێنانی حەتمییە.

لە سیستەمێکدا کە ئابوورییە مایەپووچەکەی، پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گشتییە لە ژێر ناوی بەتایبەتیکردن و سەپاندنی خۆپارێزی و زگ هەڵگوشینی ئابووری، لەسەر بنەمای ئابووریی نیۆلیبڕالی بەسەر خەڵکدا، چۆن دەتوانی باس لە دابینکردن و دادپەروەری تەندروستی بکەیت؟ ئەو بەرپرسانەی کە بەکردەوە خۆیان بە لایەنگری کەرتی تایبەت دەزانن، چۆن دەتوانن قسە لە ڕاستگۆیی و پابەندبوون بە چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییەکانی کەسانی کەم دەرامەت بکەن؟ هەندێک لە شارەزایان وێڕای ئاماژەدان بە هەزینەی قورس و لەڕادەبەدەری دەوا و دەرمان بۆ کەسانی هەژار و دەست تەنگ، باسیان لە چەند ڕاستییەکی هەژێنەر کردووە. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، زۆر کەسی هەژار و دەست تەنگ، بەهۆی بێبەشبوونیان لە بیمەی تەندروستی یان تەنانەت هەبوونی دەفتەرچەیەکی بێ بایەخی بیمه، ئێش و ئازاری نەخۆشییەکەیان تەحەمول دەکەن و سەردانی پزیشک و ناوەندە دەرمانی و نەخۆشخانەکان ناکەن، کە ئاکامەکەی بریتییە لە ڕەنج و ئازارێکی زۆر و مەرگی بە شێنەیی. هەڵبەت هەواڵی هەندێک حاڵەتی هەژێنەریش بڵاو کراوەتەوە کە نەخۆشخانەکان خۆیان لە وەرگرتنی نەخۆشە هەژارەکان و بەتایبەتی منداڵانی نەخۆشی بنەماڵە کەمدەرامەتەکان بواردووە و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانیان. لە پێناو دابینکردنی دادپەروەری تەندروستیدا، پێویستە ئەولەویەت بدرێت بە خەبات لە دژی هەژاری لە بواری بێهداشت و تەندروستیدا. چونکە تەندروستی، بە پلەی یەکەم بە خۆپاراستن لە نەخۆشی، مسۆگەر دەبێت.

خۆپاراستنیش پێویستی بە دابینکردنی خۆراکی پێویست و تەندروست، بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە خۆراکی خاوەن کوالێتی و فێرکردنی چۆنیەتی ژیانێکی تەندروست و هەروەها کات بەسەربردن و وەرزشی ڕۆژانە و زۆر شتی تر هەیە، بۆ دانیشتوانی وڵات.

به ڵام له سیستەمی سەرتاپا گەندەڵی ڕژیمدا که ٧٠٪ی هاووڵاتیان کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاریی موتڵەق و ڕێژەیی، قسە کردن لە دادپەروەریی تەندروستی و دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ کادری پزیشکی، جگە لە دروشمێکی پووچ، هیچی تر نییە. ئەڵبەتە زۆربەی هەرەزۆری هاووڵاتیانی ئێران، بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، نیشانیان دا کە هیچ ئومێدێکیان بە هیچکام لە باڵەکانی ڕژێم نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وڵات. بەڵام چارەسەر چییە؟ لە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بڕگەیەک سەبارەت بە داواکارییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی دادپەروەریی تەندروستی هەیە کە دەڵێت: “بێهداشت و دەرمانی گشتی، بێبەرامبەر و گونجاو و هەروەها بیمەی پزیشکی و دەرمانی گشتگیر بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات و نەهێشتنی پزیشکی تایبەت“. وردبوونەوە لەسەر ئەم داواکارییە، ئەوە دەردەخات کە دابینکردنی بێهداشت و دەرمانی گشتی و بیمەی پزیشکی بێبەرامبەر و گونجاو، بۆ سەرجەم دانیشتوانی وڵات مەبەستە، نەک تەنها شارۆمەندانی خاوەن ناسنامەی ئێرانی. ئەم داواکارییە کۆچبەرانی ئەفغانی، منداڵان و گەورەساڵانی بێ ناسنامە و سەرجەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لەناو جوگرافیای ئێراندا دەژین. هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی کەرتی تایبەت دەکات، چونکە بوونی کەرتی تایبەت بە مانای نایەکسانی دێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ دانیشتووان. جگە لەوەش، بەپێی ئەزموونی کابینە دەستی ڕاستەکان تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک بریتانیا، کابینەکان بەردەوام ئیمکانات و بودجەی کەرتی گشتی کەم دەکەنەوە. لە ئاکامی دابەزینی کوالێتی و کەمبوونەوەی ئیمکاناتی ئەم کەرتە، زۆربەی هەرەزۆری خەڵک ناچار دەبن ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن. ئەم بابەتە لە ڕێژمێکی گەندەڵ و مافیای وەک  کۆماری ئیسلامیدا زیاتر بەرچاو دەکەوێت. گومان لەوەدا نییە کە دەبێ خەبات بکرێت بۆ ئەوەی ڕێژیم و کاربەدەستەکانی ناچار بکرێن کە هەر ئاستێک لە خزمەتگوزاری بێهداشتی و دەرمانی و هەروەها داهاتی پێویست بۆ کارمەندانی ئەو کەرتە دابین بکەن. دەبێ بە پشتیوانی لە خەباتی ڕێکخراوی پەرستاران لە سەرتاسەری وڵات، ئەم کابینەیە ناچار بکرێت کە داهات و حەقدەستی ئەم بەشە لە پەرستاران و کادری پزیشکی دابین بکات. بەڵام دەستەبەرکردن و بەدیهێنانی ئەو داواکارییە، لە گرەوی خەباتێکی لێبڕاوانە و سەراسەریدایە لەپێناو ڕزگارکردنی وڵات لە چنگی ئەم حکوومەتە سەرمایەداری و ئایینییەی ئێستا و دامەزراندنی حکوومەتێک، کە گیان و ژیانی مرۆڤەکان بەلایەوە بایەخی هەبێت.