کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ یاد و بیرەوەری گیان بەختکردوانی کۆمۆنیست لە کوشتاری بە کۆمەڵی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ٦٧دا

سەرەتای مانگی خه‌رمانان ساڵیادی جەنایەتێکی سامناکه‌ كه‌ ل درێژه‌ی مانگێک لە جەنایت بەدەستی جەللادانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە زیندانەکاندا بەڕێوەچوو. کوشتاری زیندانیانی سیاسی کە لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧دا بە ئێعدام کردنی بەکۆمەڵی ئەندامان و لایەنگرانی سازمانی موجاهیدینی خەڵک دەستی پێکردبوو، لە یەکەم رۆژەکانی مانگی خه‌رماناندا بە کوشتاری زیندانیانی چەپ و کۆمۆنیست درێژەی پێدرا.

٣٠ ساڵ لەوەپێش، دوای ئەوەی شکستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ عێڕاقدا یه‌ك لایی بۆوە، سه‌رئه‌نجام خومەینی جامە ژەهرەکەی خواردەوە. ئەو کە کەللە ووشكه‌ پێی وا بوو بە سەرکەوتن لە شەڕدا و چوون بۆ قودەس لە کەربەلاوە پایەکانی حکومەتی ئیسلامی پتەوتر دەبێت، بەم شکستە دڵنیا بۆوە کە پڕۆژە کۆنەپەرستانە پان ئیسلامیستیەکەی ڕژیم بەرەو رووی شکست بۆتەوە. خومەینی و لایەنگرانی کە بە کوشتاری هەزران زیندانی سیاسی لە زیندانەکاندا، به‌ بەکوشتدان و کەم ئەندام کردنی زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شەڕدا و ئەشکەنجە و کەم ئەندام کردنی زیندانیانی سیاسی، حکومەتەکەیان بەسەر پێوە ڕاگرتبوو، هەستیان بە مەترسی کرد. سەرانی ڕژیم و شەخسی خومەینی نیگەران بوون، کە ئەگەر بەندەکانی دیکتاتۆڕی مەزهەبی شل بێتەوە و ئەو زیندانیە سیاسیانەی کە ماوەی مەحکومیەتیان کۆتایی هاتوە ئازاد بکرێن، خەڵکی توڕە و ناڕازیی لە ئاسەوارەکانی شەڕ و جەنایەتەکانی ڕژیم بێنە مەیدان پایەکانی حکومەتی ئیسلامی سەرمایەداری دەخەنە لەرزە.

کوموسیۆنی مەرگ، پێکهاتوو لە حسێنعەلی نەییری “حاکمی شەرع”، موڕتەزا ئیشڕاقی “دادستان”، ئیبڕاهیم ڕەئیسی “جێگەری دادستان” و موستەفا پورمحەممەدی “نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعات”، دوای ئەوەی کە ڕاپۆرتی مەئموریەتە جەنایەتکارانەکەی مانگی گەلاوێژیان لە زیندانەکان پێشکەشی خومەینی کرد، فەتوای کوشتاری کومونیستەکانیشیان لێوەرگرت و لە یەکەم رۆژەکانی مانگی خه‌رماناندا کەوتنەگیانی ئەو ئینسانە شه‌ریفانه‌ی کە دڵیان کەیلی ئەوین و ئارمانی بەرزی ڕزگاری ئینسانی چەوساوە و ستەم لێکراو بوو. داری ئێعدام دامەزران و زیندانیە ئارمان خوازەکان بە وتنی “نا” بۆ جەللادان پێی هەڵواسران و مۆری شەرمەزاریەکی مێژووییان بە نێوچاوانی قاتڵان و بکوژانیانەوە نا. هەزاران به‌ندكراوی تێکۆشەر و خۆڕاگر داری ئێعدامیان ماچ کرد، بەڵام لە بەرانبەر جەنایەتکاراندا سەریان دانەخست.

دائیرەتالمعارفی جیهانی بریتانیا ئەم رووداوە دژی ئینسانیەی بەم شێوەیە تۆمار کردوە:

“پرسیار و وڵام لەوان لە پێنجی مانگی خه‌رمانان و لە زیندانی گەوهەردەشتەوە دەستی پێکرد.” ئایا تۆ موسڵمانی؟”، “ئایا باوەڕت بە بەهەشت و جەهەنەم هەیە؟”، “ئایا لە مانگی ڕەمەزاندا قورئان دەخوێنی؟”، “ئایا پێت باشترە لەگەڵ موسڵمانێکدا هاوبەند بیت یان نا موسڵمانێک؟”، “ئایا ئامادەی کاغەزێک ئیمزا بکەی کە باوەڕت بە خودا، بە پێغەمبەر، بە قورئان و بە رۆژی قیامەت هەیە؟” و پڕ ماناتر لەوانەش:” ئایا لە بنەماڵەیەکدا گەورە بوویت کە باوک تێیدا نوێژی کردبێت، رۆژوی گرتبێت و قورئانی تێدا خوێندبێت؟”

تەنیا وڵامێکی “نا” بەم پرسیارانە دەیتوانی چارەنووسی کەسەکە بە ئێعدام کران یەکلایی بکاتەوە. سەبارەت بە پرسیاری ئاخر، وڵامی ئەرێنی پێی، بە واتای ئێعدام بوو لەبەر ئەوەی کە جەختی لەسەر “موڕتەد بوونی” کەسەکە دەرکرەوە. بەپێی یاسا و ڕێسای فێقهی، تەنیا کەسێک دەتوانێ وەک موڕتەد بناسڕێت کە لە بنەماڵەیەکی باوەڕمەند بە ئیسلام و لە سایەی باوکێکدا کە بەردەوام نوێژ و قورئانی خوێندوە و لە مانگی ڕەمەزاندا رۆژوی گرتوە پەروەردە بووبێت.

ئەگەر کەسێک جەختی لەسەر موسڵمان بوونی خۆی بکردایەتەوە و بەڵام بیوتایە نوێژ ناکات تەنیا مەحکوم بە لێدانی شه‌لاق دەکرا. بۆ هەر وادەیەک نوێژ ١٠ زەربە شه‌لاق و رۆژانە ٥٠ زەربە شه‌لاق بوو. سەبارەت بە ژنانی کومونیست، بە حوکمی شەرع سەبارەت بە ژنی موڕتەد “تۆبە یان مردن لەژێر شه‌لاقدا” وەک حوکم بەڕێوەچووە و لەم روەشەوە ژنانی کومونیست یان لەژێر زەربەکانی شه‌لاقدا دەمردن یان موسڵمان دەبوون. زۆربەی ئەو قوربانیانە، دەورەی مەحکومیەتیان تەواو کردبوو وە لە چاوەڕوانی ئازاد کراندا بوون. هۆکاری گیرانی گەلێکیان هێشتا روون نەکرابۆوە و لە چاوەڕوانی بەناو تەفهیمی ئیتیهامدا بوون.”

” ئابڕاهامیان” مێژوو نووسی ئێرانی جەریانی ئێعدامەکانی بەم شێوەیە وەسف کردوە”:

لێپرسینەوەکان، لە ئیوین و گەوهەردەشت لە تالاری سەرەکی دادگادا بەڕێوەدەچوو. بەشێک لە بازجوییەکان حاڵەتی زارەکی و شفاهیان هەبوو، وە بەشێکی دیکەیان بە شێوەی پرسیار نامەی پرێنتکراو ئەنجام ئەدران. هیندێک لە زیندانیەکان دەیانتوانی بازجوەکانیان ببینن بەڵام ئەوانی تر لە پشت دیواره‌ بەرزەکانەوە خۆیان شاردبۆوە. ئەو کەسانەی کە وڵامەکانیان قەبوڵ کرابایە بەرەو لای ڕاستی سالۆنی دادگا و ئەوانەش کە وڵامەکانیان قەبوڵ نەکرابایە بۆلای چەپی تالارەکە ڕەوانە دەکران، دەستەی یەکەم دەگەڕێندرانەوە بۆ نێو بەندکان و دەستوریان پێ دەدرا نوێژ بکەن و ئەگەر زیندانی نوێژەکانی نەکردایە لەبری هەر وادەیەک نوێژ ١٠ زەربە شێلاقی لێدەدرا و سزای کەسێک کە رۆژانە هەر پێنج فەڕزە نوێژەکەی بچواندایە، ٥٠ زەربە شێلاق بوو. ئەوانەی کە نەیانتوانیبوو بە سەرکەوتویی وڵامی پرسیارەکان بدەنەوە و ڕەد ببونەوە، دوای ماوەیەکی کورت بۆ تەحویلدانی کەلوپەلەکانیان و نووسینی ئاخرین وەسیەتیان بەرەو لای داری ئێعدام ڕەوانە دەکران. هێندێکیان بەوتەی خۆیان توانیبویان گیانی سالم دەربازکەن، لەبەر ئەوەی لە شلوغی و قەرەباڵغیەکدا کە پێکهاتبوو بە شێوەیەکی هەڵە بەرەو لای درگایەک کە نەدەبوو ببردرایەن ڕەوانە کرابوون. ئەو کەسانەی بە سڵامەت ڕزگاریان ببو وەبیری دێننەوە کە چلۆن قسەی پێوەندیدار بە نووسینی ئاخرین وەسیەتنامەیان بە گاڵەتە دەزانی لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی گۆمانی ئەوە بکەن کە ئەم جۆرە پرسیارە ڕەنگە ببێتە هۆی یەکلا کرندنەوەی چارەنووسی ژیانی کەسێک.”

هەواڵی ئەم جەنایەتە لە ڕادیۆ و تەلەویزیۆن و رۆژنامەکانەوە بڵاو نەکرایەوە. خومەینی و شاگردەکانی پێیان وابوو کە قوفڵی هەتاهەتایی ئیستبدادیان لە زاری کۆمەڵگا داوە. پەیکەری قوربانیەکانیان بە دزیەوە لە خاوەرانی تاران، دارۆلڕەحمەی شیراز، باغی ڕەزوانی ئیسفەهان، حەوشەی دادگای شۆڕشی سنە و دەیان شوێنی دیکەدا شاردەوە. گۆڕستانی ئەم ئازیزانەیان ناونا لەعنەت ئاوا تا بە خەیاڵی خاوەیان خەڵک خۆیان لەوان بە دوور بگرن. ئەو گۆڕستانانەی کە بە خێرایی بوونە ئارامگای ئازیزانی لەبیر نەکراو و بە دڵنیاییەوە لە داهاتویەکی نە زۆر دووردا دەبنە ژوانگه‌ی ئەویندارانی ڕێگای ڕزگاری بەشەریەت.

بێ گومان سەرئەنجام ئەو رۆژە دێت کە سەرانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە دادگای دادی خەڵکی ئازار چەشتوی ئێراندا بێننه‌ بەردەم مێزی محاکەمە، ڕازی سەربە مۆری ئەو جەنایەتە بێ ئەژمارانەی ئەنجامیان داوە زیاتر ئاشکرا ببێت و سزای شایستە و شیاوی خۆیان وەربگرن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-

خوێندکاران دژ بە جینۆساید پەرەسەندنی بزووتنەوەی ” دژ بە جینۆساید” لەئەمریکاوئوروپا

-