کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ ڕێزگرتن لە رۆژی جیهانی منداڵ

ئەمرۆ ٢٠ی نوامبر، بەرابەر لەگەڵ ٢٩ی خەزەڵوەر، “رۆژی جیهانی منداڵ”ە. کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ساڵی ١٩٥٩ ڕاگەیاندنی مافەکانی منداڵانی پەسند کرد و بە دەوڵەتانی تەوسیە کرد تا ئەم رۆژە وەک رۆژی جیهانی منداڵ بە ڕەسمیەت بناسن.

لەبەرچاو گرتنی مافی منداڵان لە رۆژئاوا لە سەدەی نۆزدە دا لە کاتێکەوە دەستی پێکرد کە سەرمایەداران بە کەڵک وەرگرتن لە ماشێن توانیان بەشێوەیەکی بەرین لە کاری منداڵان لە کارخانە و کانەکاندا کەڵک وەربگرن. خاوەنکاران منداڵانی چینی کرێکاریان چەندین کاتژمێر لە کارخانەکان و لە بارودۆخی مەترسی داری کانەکانی بەردی خەڵوزدا بەکار دێنا. لە ئاکامی ئەم کردارە نا مرۆڤانەیەدا لەش ساغی و گەشەی منداڵ كەوتە مەترسیەوە و بێبەش بوونیان لە ئاموزش و بارهێنان پەرەی سەند. تەماع و زێدەخوازی سەرمایەداران لە کەڵک وەرگرتن لە کاری منداڵان و لەبەین چوونی ژیانی منداڵان لەبەر دەستەبەر بوونی قازانج په‌ره‌ستی سه‌رمایه‌داری، مەسەلەی منداڵانی کردە گرفتێکی کۆمەڵایەتی گەورە. هەرچەند خەباتی کۆمەڵایەتیی لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرماداریدا گەلێک لە مافە سەرەتاییەکانی منداڵانی بەسەر دەوڵەتەکاندا سەپاند، بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی سەرمایەداری بەرەو وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئاسیا و ئافریقا، خاوەنانی سەرمایە خۆیان تا ماوەیەک لە گوشاری خەباتی کرێکاری و ئینسانی بە دوور ئەدیت و لە ئاستێکی مەترسیداردا دەستیان کرد بە پێشێل کردنی مافی منداڵان. بەکار هێنانی منداڵانی کۆیلە لە کارگاکانی خاوەنکاراندا لە هێندوستان و پاکستان لوتکەی ڕیسوا بوونی خاوەنکارانی لە سوئیستیفادە کردن لە کاری منداڵان دەرخست. لەوڵاتانی وەک هێند، ساڵانە بە ئیعتیرافی کاربەدەستانی ڕەسمی، بە سەدان هەزار منداڵ وەک کۆیلەی جنسی دەفرۆشرێن. داستانی شێخە ڕیسواکانی عەرەب لە کڕین و فرۆشتنی منداڵاندا بە تایبەت کچانی بنەماڵە هەژارەکان و سو ئیستیفادە کردن لەوان بەسەر زارانەوەیە. بەپێی ئامارەکانی یونیسێف هەموو ساڵێک ١١ ملیۆن منداڵی ژێر ٥ ساڵ لە وڵاتانی دواکەتوی سەرمایەداری بە هۆی برسیەتی و نەخۆشی سەرچاوەگرتو لە هەژاری خۆراکیەوە دمرن.

ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی منداڵ لە حاڵێکدایه‌ کە لە ئێرانی ژێر حاكمیەتی کۆماری ئیسلامیدا چەندین ملیۆن منداڵی بنەماڵە کرێکار و کەم داهاتەکان لە ئاموزش بێبەشن. ئازاری منداڵان بە شێوەی جۆراوجۆر پەێڕەو دەکرێت. هێشتا هێندێک مەدرەسە هەن کە تێیاندا سزای جه‌سته‌یی ئەنجام ئەدرێت. هێشتاش كه‌م نین لە منداڵانی کەمتر لە ١٨ ساڵ كه‌ له‌ زیندان دان. ئێرانی ژێر حاکمیەتی ڕژیمی ئیسلامی تەنیا وڵاتێکە لە دنیادا کە منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ ئێعدام دەکات. لە مەدرەسەکاندا بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ئامانجدار زەینی منداڵان ئاویتەی خۆرافەی مه‌زهه‌بی دەکەن. منداڵان لەسەر بنەمای ڕەگەزیان لە یەکتر جیا دەکەنەوە. رۆحیەی پیاوسالاری لە کوڕاندا و رۆحیەی تەسلیم و ئیتاعەت لە کچاندا بەهێز دەکەن. کچانی منداڵ لە هەمان رۆژی یەکەمەوە لە مەدەرەسەدا دەبێ مەقنەعە لەسەر بکەن و لە کوڕانی هاوتەمەنیان جیا ببنەوە. فێر دەکرێن کە هەڵسوکەوت لەگەڵ کوڕان کارێکی خراپە. جگه‌ له‌مانه‌ کتێبە دەرسیەکان پڕن لە ئاموزشی مه‌زهه‌بی و منداڵان لە دەورانی منداڵیەوە ناچار دەکرێن ئاداب و سوننەتی مەزهەبی ئەنجام بدەن و لە مەڕاسمە مەزهەبیەکاندا بەشداری بکەن. بەم جۆرە ئیجازە بە منداڵان نادەن کە بە دوور لە باوەڕ و خورافاتی مەزهەبی ئاموزش ببینن و زانست و زانیاری فێر بن و ئیمکانی ئەوەیان هەبێت لە داهاتوودا بیرو باوەڕەکانیان لە ڕێگای ژیانی خۆیان و وشیارانه‌ هەڵبژێرن. لە قوتابخانەکاندا بۆ کچانی ٩ ساڵان “مەراسمی تەکلیف” بەڕێوە دەبەن و منداڵان هان ئەدەن هاوسەرگیری بکەن. ئاخوند و تەلەبە و بەسیجی دەنێرنە نێو مەدرەسەکان تا رۆحیەی سیخوڕی لەنێو منداڵاندا ڕەواج بدەن. لە قوتابخانەکاندا دەستەی سینە زەنی و مەراسمی مەزهەبی دیكه‌ وەڕێدەخەن.

ئەو منداڵانەی کە لە کۆمەڵگایەکی ئاوێتە بە خورافاتی مەزهەبی و دواکەوتودا باردێن، ئیمکان و دەرفەتی ژیان بە منداڵی، ژیان بە شادی دوور ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ شكڵ و شێوازی دواکەوتوانە په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن كه‌ دەبنە خاوەنی رۆحیات و خوڵق و خوی و ڕه‌فتاری نه‌گونجاو، هەڵسوکەوتی خراپ و ئەنگیزەی گەلێک لاواز بۆ فێر بوون په‌ره‌ پێ ده‌دات. وەها منداڵانێک بە شێوەی سروشتی گەشە ناكه‌ن، ئاواتی شیرینی منداڵانەیان دەستەبەر نابێت و ئاسەوار و دواهاتی كه‌مبووده‌كانی دەورانی منداڵی تا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵیاندا ده‌مێنێته‌وه‌.

ئەوەی کە لەمرۆدا لە کۆمەڵگای ئێراندا روو ئەدات چارەنووسی چار هەڵنەگری منداڵان نییە. ئەم بارودۆخە دەکرێ و دەبێ بگۆڕدرێت. بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە و ڕزگار کردنی منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە لە وەها چارەنووسێک هیچ ڕێگایەک بێجگە لە دەست دانە دەستی یەکتر و خەبات کردن لەدژی ڕژیم، و لەدژی مناسباتێک کە منداڵانی بێتاوانی ئێمەی بەم شێوەیە بێڕەحمانە لە مافە سەرەتایی و ئینسایەکانیان بێبەش کردوە، شتێكی تر نییه‌.

ڕیزگرتنی ڕاستەقینە لەم رۆژە گرنگە لە گرەوی ئەوەدایە کە بارودۆخی بە شادی ژیان و بە باشتر ژیان بۆ منداڵەکانمان فەراهەم بکەین و ئەمەش مومکین نییە مەگەر بە خەبات و بە داسەپاندنی داخوازی دیاری كراو بەسەر دەوڵەت دا و کردنی بە فەرهەنگێکی جێکەوتوو لە کۆمەڵگەدا. ئەگەرچی گونجاو ترین بارودۆخی باشتر ژیانی منداڵان لە گرەوی ئەوە دایە کە کۆمەڵگا تەعەهودی دابین بوونی نیازەکانی منداڵان بگرێتە ئەستۆ بەڵام بەم حاڵەشەوە هەموو کەس دەتوانێ لە هەر ئاستێکدا، سەهمێکی هەرچەند کەمیشی بێت لە باشتر کردنی بارودۆخی ژیانی منداڵان هەبێت.

هەوڵدان بۆ دروست کردنی کەشێکی ئەمن و ئارام و فەراهەم کردنی ئیمکاناتێک کە مه‌جال بە منداڵان ئەدات زەرفیەت، قابیلیەت و تواناییەکانیانی خۆیان تێدا تاقی بکەنەوە، هەوڵدان بۆ قەدەغە کردنی کاری منداڵان، هەوڵدان بۆ قەدەغە کردنی یەکجارەکی ئه‌زیه‌ت و ئازاری به‌ده‌نی لە ماڵەوە و لە قوتابخانە، تێکۆشان لەپێناو دابین كردنی کلاس و پۆلی تایبه‌ت بۆ ئەو منداڵانەی کە بەردەوام هەڵەیان لێ روو ئەدات، هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامی منداڵان و تازەلاوان، هەوڵدان بۆ قەدەغە کرانی چەکدار کردنی منداڵان لەژێر ناوی بەسیجیدا، هەوڵدانی جیدی بۆ بە کردەوە دەرهاتنی کۆنوانسیۆنە نێو نەتەوەییەکانی مافی منداڵان، تێکۆشان لەپێناو پەرەدان بە ناوەندە نا حکومیەکانی داکۆکیکاری مافەکانی منداڵان و هەوڵدانی جیدی بۆ بەرگرتن لە دەخاڵەتی مەزهەبی لە کاروباری په‌روه‌رده‌ و بارهێنان دا، لە زومرەی ئەرکە بەردەوامەکانی کومونیستەکان و بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکانە.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-