کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ پشتیوانی لە مانگرتنی یەکشەممە 10 ی رەشمەی سەرتاسەری موعەلیمان

کانونی سینفی مەعەلیمانی ئێران بە بڵاو کردنەوەی راگەیاندنێک داوای لە سەرجەم مامۆستایان کردوە کە لە ناڕەزایەتی بە بێ مافی موعەلیمان، بارودۆخی نابەسامانی ئاموزش و پەروەرش و بێ تەوەجوھی بە داواکاریەکانیان، رۆژی یەکشەممە 10ی مانگی رەشەمەی ساڵی 1393 لە سەرتاسەری وڵاتدا دەست بدەنە مانگرتن و ھاوکات مامۆستایانی ئوستانی تاران لە بەرانبەر مجلیسی شوڕای ئیسلامیدا تەحەسون بکەن. رۆژەکانی سێشەممە و چوارشەممەی حەفتەی رابردوش شاھیدی مانگرتنی بەرینی موعەلیمان و قوتابیان لە زۆربەی شار و ئاوایه‌كانی ئێران بووین. پشتیوانی موعەلیمان و دانش ئاموزان لەم مانگرتنە گشتیە ھاندەری کانونی سینفی موعەلیمان بووە، لە دەر کردنی ئەم بانگەوازەی دواییدا. گومانی تێدا نییە کە سەرکەوتنی ئەم مانگرتنە باوەڕ بەخۆیی کۆمەڵگەی موعەلیمانی ئێران بۆ پەیگیری کردنی داواکاریەکانیان گەلێک دەباتەسەرێ. رژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە سێبەری خۆشی ئەترسێ، خێرا سەبارەت بەم بانگەوازە کاردانەوەی نیشاندا و ھەم375وو سایتە خەبەریەکانی سەربە ئەنجومەنی سینفی موعەلیمانی داخست و نەیھێشت کەس دەستی پێیان رابگات.

وڵامی رژیم بە ناڕەزایەتی ھێمنانەی موعه‌لیمان تا ئێستا بەردەوام ھەڕەشە و سەرکوت بووە. ھەموو رۆژێک ھەواڵی گرتن، ھەڕەشە و لێدانی موعەلیمان لە شوێنە جۆراو جۆرەکاندا دەبیستین. ساڵانێکە موعەلیمانی تێکۆشەری وەک “رەسوڵ بوداقی و محمود باقری” و دەیان کەسی تر بەخاتری دیفاع لە داواکاری رەوای موعەلیمان زیندانی کراون. 

بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا موعەلیمانی ئێران بەھۆی بارودۆخی عەینی ژیان و بەڕێچونیان و گوشارێکی چەند لایەنەی کە لە لایەن رژیمەوە دەخرێتە سەریان، بەردەوام بەشێک لە بزوتنەوەی متالباتی خەڵک بوون لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا.

زۆربەی ھەرە زۆری موعەلیمانی ئێران لە زومڕەی توێژی ھەژار و بێبەشی کۆمەڵگان و لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین. لەگەڵ توند بوونەوەی قەیرانی ئابووری رژیم و دابەزینی نرخی نەوت یەکەم مەیدانێک کە لە پاڵ باقی بوارە خزمەتگوزاریەکاندا کەوتۆتە بەر ھێرش، ئاموزش و پەروەرشە. رژیم لە حاڵێکدا بەردەوام ھەزینە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی زیاد دەکات، لە دابین کردنی لانیکەمی ژیان بۆ ملیۆن موعەلیم و بنەماڵەکانیان خۆی دەبوێرێ. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە دەوڵەت، بەرپرسانی مەدەرەسەکانی ناچار کردوە، بۆ دابین کردنی ئیمکاناتی جێگای پێداویستی مەدرەسەکان، پارە لە بنەماڵەی دانش ئاموزەکان بستێنن.

موعەلیمانی ئێران بەدروستی ھەستیان بەوە کردوە کە ئەم رژیمە بە توومار نووسین و نامەنیگاری و تەرحی شکایەت و داواکاری لە رێگای رەسمی و قانونیەوە، ناکرێ وادار بە پاشەکشە بکرێت. موعه‌لیمانی ئێران ئیستدلالە فریوکارانەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی رۆحانی کە دەیانەوێ بە بیانوی کەم بوونی بوجە باری قەیرانی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت بخەنە سەر شانی کرێکاران و توێژی ھەژاری کۆمەڵگە، قەبوڵ ناکەن. لەبەر ئەوەی بەچاوی خۆیان دەبینن کە چلۆن دزی ملیاردی لە سەروەت و سامانی گشتی وڵات دەکرێت. ئەوان دەبینن کە سەرەڕای قەیرانی ئێستا و دەقیقەن بەھۆی ئەم قیرانەوە، بوجەی ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتیەکانی رژیمیان لە ساڵی 1394 دا تاچەند زیاد کردوە.

رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیە حاکمییەتیدا ئەگەر لە لایەکەوە بە دخاڵەت دانی مەزھەب لە کاروباری ئاموزش و پەوەرشدا ھەوڵیداوە تا مەدرەسە و زانکۆکان بکاتە ناوەندی بڵاو کردنەوەی جەھل و خورافەی مەزھەبی، لە لایەکی دیکەوە بە دخاڵەتی پۆلیس لە ناوەندی ئاموزش و پەروەرش و پاکسازی سیاسی و ئیدئۆلۆژیک و خستنەژێر گوشاری ژیان و بەڕێچونی موعەلیمانی ئێران گورزی قەرەبوو نەکراوی لە بواری ئاموزش و پەروەرش لەم کۆمەڵگایەدا وەشاندوە. لە روانگەی کۆماری ئیسلامیەوە موعەلیمانی دڵسۆز و چالاک و خۆش ناو، سیکۆلار و تێکۆشەر وەک دوژمن بەحیساب دێن. تا ئێستا رژیم ژمارەیەکی زۆری لە موعه‌لیمانیان بەم تاوانە تەسفیە کردوە و لە کار و چەرخەی ئاموزش دەریکردون و خستونیەتە گۆشەی زیندان.

کۆماری ئیسلامی بە جێگای پێڕاگیشتن بە داواکاری و بارودۆخی ژیان و بەڕێچونی موعەلیمانی زەحمەتکێش، خەریکی کاری بەسیج گیری و سیخوڕ پەروەری لەنێو دانش ئاموزان و دروست کردنی تەفرەقە لە نێوان ئەوان و موعه‌لیمان دایە. بەجێگای فەراھەم کردنی بارودۆخێکی گونجاو بۆ ئاموزشی بەرەی لاوی ئەم وڵاتە لەبیری توند کردنەوەی بەندەکانی کۆنەپەرستی لە مەدرەسەکان، داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر خوێندكاران، خستنەژێر گوشاری ئەوان بۆ ئەنجامدانی ئوموراتی مەزھەبی، زیندو کردنەوەی بیرەوەری تاڵی شەڕی کۆنەپەرستانەی 8 ساڵە و ناردنی دانش ئاموزان بەرەو بەرەکانی ئەم شەڕە و دەیان تەرح و نەخشەی کۆنەپەرساتانەی تری لەم جۆرەیە.

مانگرتنی سەرتاسەری حەفتەی رابردوی موعەلیمان و بانگەواز بۆ مانگرتنی رۆژی یەکشەممە ھەشتی مانگی رەشەمە، بەشێکە لە ناڕەزایەتیەکی کۆماڵایەتی بەرین کە بەھۆی بارودۆخێکی نابەسامانی ئابووری کە بەسەر موعەلیمان و کرێکاران و توێژی کەم داھاتی کۆمەڵگەدا سەپاوە، شکڵی گرتوە. لە حەفتەکانی رابردودا شاھیدی درێژەی ناڕەزایەتی کرێکاران لە ناوەندەکانی بەرھەمھێنان، ناڕەزایەتی موعەلیمان، ناڕەزایەتی پەرستاران، بوین. شەپۆلی نوێی ئەم ناڕەزایەتیە سەرتاسەریانە، کاردانەوی بارودۆخێکی بەڕێچونی دژوارە کە کرێکاران و حقوق بگیرانی کەم داھات لە سەرودەمی نزیک بوونەوە لە ساڵی نوێ لەگەڵیدا بەرەو روون.

بەشەکانی ئاموزش و پەروەرش، سڵامەت و بێھ‌داشت، قەت لە ئەولەویەتی تەرخان کرانی بوجە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە نەبوون. لەم روەوە موعەلیمان و پەرستاران داواکاری و متالباتی ھاوبەشیان ھەیە. و ناڕەزایەتی و خەباتی ئەوان بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیانیان بەکردەوە بەیەکەوە گرێدراوە. متالباتی کرێکاران لە بەشەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاریدا، بارودۆخی ھاوبەشی ژیانیان لەگەڵ موعەلیمان و پەرستاران، بەکردەوە ئەوان دەخاتە ریزێکەوە. لەم روەوە لە سەرودەمی شکڵ گرتنی مانگرتنی گشتی رۆژی یەکشەممە 10ی مانگی رەشمەی موعه‌لیمان، چالاکان و پێشڕەوانی ئەم بزوتنەوانە دەبێ خەریکی دروست کردنی پێوەندی خەباتکارانە بەیەکەوە بن. موعەلیمانی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا خەباتێکیان بەرەوپێش بردوە کە بە پشتیوانی دانش ئاموزانی مەدرەسەکان، پەرستاران، کرێکاران و خەڵکی ئازادی خوازی ئێران دەتوانن لە چوارچێوەی تەسکی سینفی واوەتر بچێن و بە ھێنانە گۆڕی داواکاری ھاوبەش، بیکەنە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەرین. ئاوا بزوتنەوەیەکی بەھێز، دەتوانێ لەیەکەم ھەنگاویدا داواکاریە سەرەتاییەکانی خۆی بەسەر رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێڕاندا بسەپێنێ.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-