کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی پاریس و لەدژی پۆلیسی کردنی فەزای کۆمەڵگا

ئێوارەی رۆژی جومعه‌ ١٣ی نوامبر بەرابەر لەگەڵ ٢٢ی مانگی خەزەڵوەر هێزەکانی سەربە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە جەریانی زنجیرەیەک كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بەرنامە بۆداڕێژراو و هاوئاهەنگ لە شاری پاریس، پێتەختی فەرانسە، زیاتر لە ١٣٠ کەسیان کوشت و بەسەدان کەسی دیکەشیان بریندار کرد. کرداری جەنایەتکارانەی تیرۆریستە ئیسلامیەکانی داعش ترس و نائەمنیەکی زۆریان خستە نێو شارۆمەندان و دانیشتوانی فەرانسە و غەم و هاودەردی قوڵیان لەنێو خەڵکی دنیادا دروست کرد.حکومەتە ئیمپریالیستی و بۆرژواییەکان و لەوانە دەوڵەتی فەرانسە لەم ترس و نیگەرانیە سوئیستیفادەی کرد و سیاسەتی پۆلیسی، ئیمپڕیالیستی و دژی پەنابەری خۆی لەنێو وڵات و دەرەوەدا، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، توند کردەوە. راگەیەنەرەکانی هێڵی رەسمی بۆرژوایی و ئیمپڕیالیستی وەک ڕادیۆ ـــ تەلەویزیۆنی بی بی سی، یۆرۆنیوز، ئامریکا و ئەوانی تری هاوشێوەی ئەمان رۆژانە خەڵک لە ڕاستای پاساو و داسەپاندنی سیاسەتی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستیدا بۆمبارانی تەبلیغاتی دەکەن.راستیەکەی ئەوەیە کە لەپاڵ وتە و کرداری سەرانی دەوڵەتانی بۆرژوایی و سیاسەتمەدارانی بۆرژوادا دەنگێکی جیاوازیش بوونی هەیە کە ئەم راگەیەنەرانە سەبارەت بەوان بێدەنگن. راگەیەنەرە بۆرژواییەکان بەپێی ماهیەتێک کە هەیانە دەنگی یەکێتیە کرێکاریەکان و ئەو هێزە چەپانەی کە هاوتەریبی هەڵوێستی ئەم راگەیەنەرانە نییە بڵاو ناکەنەوە. لەم وتارەدا تەنیا ئاماژە بە چەند نمونەیەک لە هەڵویستی هێندێک لەو تەشەکولە کرێکاری و هێزە چەپانە دەکەین کە لە تەبلیغاتی راگەیەنەرە بۆرژواییەکاندا ئاماژەیان پێ نادرێت. شران بارو، دەبیری کۆنفیدراسیۆنی نیونەتەوەیی یەکێتیە کرێکاریەکانی ناسراو بە ئای تی سی، وێڕای مەحکوم کردنی هێرشی وحشیانەی داعش بۆسەر خەڵکی بێدیفاعی پاریس وتی کە: “یەکێتیە کرێکاریەکان لەپاڵ خەڵکی فەرانسەدا وئستاون و ستایشی کرداری مرۆڤانەی زۆربەی ئەوان بۆ پێشوازی و یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانە دەکەن کە لە ترسی شەڕ و كوشتار رایان کردوە.”584
فیدراسیۆنی جیهانی یەکێتیە کرێکاریەکان لە نووسراوێکدا لە لایەن چینی کرێکارەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی فەرانسە کردوە و هێرشی وەحشیانە و دژی ئینسانی داعشی بۆسەر خەڵکی بێ دیفاعی پاریس مەحکوم کردوە. لە نوسراوەکەدا هاتووە: “ئێمە لە رووی مێژوویەوە دەزانین کە دەوڵەتانی ئیمپریالیستی لە هێرشی تیرۆریستی لەم چەشنە کەڵکیان وەرگرتوە و کرداری دژی دیموکراتیک لەدژی خەڵک پەیڕەو دەکەن کە دەبێ لە بەرانبەریدا بوەستین.”
“یەکێتی جیهانی ئینداستریال ئال” وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەرانسە سەبارەت بە رووداوە تیرۆریستیەکەی داعش لە پاریس نووسی: “ئەم هێرشە تەنیا لەدژی خەڵکی پاریس نییە، بەڵکو لەدژی ئەویندارانی ئاشتی و لایەنگرانی کەرامەتی ئینسانی، رێزگرتنی بەرابەر و تەحەمول کردنە.” ئەم یەکێتیە لە درێژەدا دەنووسێ: “ئێمە تووشی ترس و نەفرەت لە بێگانە و خەڵک ئازاری نابین، بەڵکو هەروا دیفاع لە ئازادی، هاوپشتی و گۆمەڵگەی دیموکراتیک دەکەین.”
حیزبی کومونیستی بریتانیا وێڕای مەحکوم کردنی کرداری تیرۆریستی داعش لە رۆژی ١٣ی نوامبردا لە پاریس و راگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەرانسە داوای لە هەموان کرد لە بەرانبەر چالاک بوونەوەی رەگەزپەره‌ستی دەوڵەتی و نادەوڵەتیدا کاردانەوەی گونجاویان هەبێت. لە لایەکی دیکەوە “گرایشی کومونیستی ئینقلابی ئەنترناسیۆنالیستی” هێرشی جەنایەتکارانەی داعش بۆسەر خەڵکی بێ دیفاعی پاریسی بە هێرش لەدژی مرۆڤایەتی ناولێبرد و مەحکومی کرد. ئەم سازمانە کرداری دەوڵەتی لە پۆلیسی تر کردنی فەرانسەشی مەحکوم کرد و سیاسەتە شەڕخوازانە و سوڵتە جویانەکانی ئەم دەوڵەتە و باقی حكومەتە ئیمپڕیالیستیەکانی وەک رووسیە، ئامریکا و بریتانیای سەبارەت بە خەڵتانی خوێن کردنی زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لە چچێن، ئەفغانستان، لیبی و سوریەی بە زەمینەسازی بۆ هێرشی تیرۆریستی لە پاریس و باقی شوێنەکانی تر زانی.
“حیزبی بۆ سوسیالیزم و رزگار بوون” لە ئامریکا سەبارەت بە هێرشی جەنایەتکارانەی داعش بۆسەر خەڵکی بێ دیفاعی پاریس لە شەوی ١٣ی مانگی نوامبردا راگەیاندنێکی بڵاو کردەوە. لە بەشێک لە بەیانیەکەدا هاتووە: “تا ساڵی ٢٠٠١ کە دەوڵەتی ئامریکا، فەرانسە، بریتانیا، عەرەبستان، تورکیە و قەتەر بە ناردنی پارە و هەموو جۆرە چەک و ئیمکانانتێک یارمەتی بەهێز بوونی رەوتە ئیسلامیە توندڕه‌وەکانیان ئەدا، هێزێک بەناوی داعش بوونی نەبوو. ئەم دەوڵەتانە بە کرداری نیزامی و پشتیوانی ماڵی و راگەیاندنیان زەمینە سازی پێکهاتن و بەهێز بوونی داعش بوون. لە کۆتایی بەیانیەکەدا هاتووە کە بۆ بەرگرتن لە هێرشی گروپە تیرۆریستیەکان بۆسەر شارۆمەندانی بێ دیفاع لە ئەروپا، تورکیە، عێڕاق و بەیروت پێویستە لە رێگای خەبات و نارەزایەتی ناوچەیی و جیهانیەوە کۆتایی بە ده‌خاڵەتگەری ئیمپڕیالیستی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت لە سوریە بهێندرێت.”
“حێزبی بەرابەریی سوسیالیستی” لە سایتی ئێس دەبلیۆ ئێس دەبلیۆ دا لە سەرەتای وتارەکەیدا نووسیەیەتی: “کوشتاری زیاتر لە ١٣٠ کەس لە خەڵكی بێ دیفاعی پاریس لە لایەن جەنایەتکارانی ئیسلامیی داعشەوە لە شەوی جومعه‌ ١٣ی نوامبردا ئەو ئیمکانەی بە دەوڵەتی ئیمپڕیالیستی فەرانسەداوە تا فەزای وڵاتەکە پۆلیسی تر بکات. لەگەڵ ئەوەدا سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی دیکەش وەک بریتانیا و ئامریکا کەڵکیان لەم رووداوە تیرۆریستیە وەرگرتوە و کۆمەڵگای ژێر حاکمیەتی خۆیان زیاتر لە پێشوو پۆلیسی کردوە و مەئمورە ئەمنیەتیەکانیان بەهێز کردوە و خەریکن مافە دیموکراتیکەکانی بەدەست هاتوو لە لایەن کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشەوە وەردەگرنەوە.” لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا هاتووە: “سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی لە کرداری تیرۆریستی داعش کەڵکیان وەرگرتوە و سیاسەتی شەڕخوازانە، تاڵانچیانە و ده‌خاڵەتگەرانەی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیاتر پەرەپێداوە.” لە کۆتاییدا “حێزبی بەرابەری سوسیالیستی” دەنووسێت: “کرداری تیرۆریستی لە پاریس، پۆلیسی تر کردنی فەزای کۆمەڵگای رۆئاوا و توند کردنەوەی عەمەلیاتی شەڕخوازانە و تاڵانچیانە لە لایە سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستیەوە لە سوریە و عێڕاق دا پێویستی بو دروست کردنی بزوتنەوەیەکی دژی شەڕ و ئاشتی خوازانەی جیهانی لە لایەن چینی کرێکار و هێزە دژی سەرمایەداریەکانەوە هەیە و زۆریش لە رابردوو پێوێست ترە.”
ئه‌م چه‌ند حاڵه‌ته‌ كه‌ ئاماژه‌یان پێكرا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تانی حاكم و جه‌ریانه‌ راستگه‌راكان ناتوانن به‌ ئاسانی خۆڵ بكه‌نه‌ سه‌روچاوی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌. ئێستا لە بارودۆخێکدا کە شەپۆلێک لە قین و بێزاری لەدژی جەنایەتی تیرۆریستە ئیسلامیەکان بەسەر فەزای سیاسی فەرانسە و باقی وڵاتانی ئوروپاییدا حاکمە، پارێزگاری کردن لە ئەرزشە پێشکەوتووەکان و رۆحی هاوپشتی ئینسانی حوکم دەکات کە سازمان، ناوەند و ئینسانە ئازادیخوازەکان نەهێڵن کە رەوتە راسیستی و حیزبە راستگەراکان ئەم جەنایەتە تیرۆریستیە بکەنە بیانو بۆ توند کردنەوەی سیاسەتی رگەزپەره‌ستانە و دژی پەنابەری خۆیان. خەڵکی ئاسایی لە وڵاتانی موسڵمان نشین رۆژانە قوربانی رەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکانن، نابێ ئیجازە بدرێت شارۆمەندانی موسڵمان لە وڵاتانی ئوروپایشدا ببنە قوربانی توندوتیژی رەوتە راستگەرا توندڕەوەکان. خەڵکی فەرانسە و باقی وڵاتانی دیکەی ئوروپایی بە لەبەرچاو گرتنی ئەم راستیە سادەیە کە جیاوازی هەیە لەنێوان رەوتە تیرۆریستەکانی ئیسلامی سیاسی و شارۆمەندانی موسڵماندا، نابێ ئیجازە بدەن کە رووداوی تیرۆریستی ئێوارەی ١٣ی نوامبر ببێتە بیانوویەک بۆ دروست کردنی نائەمنی و کرداری توندوتیژی ئامێز لەدژی شارۆمەندانی موسڵمانی ئەم وڵاتانە لەلایەن رەوتە رەگەزپەره‌ستەکانەوە.