کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ مەحکوم کردنی دەور و نەخشی دەوڵەتی تورکیە لە کوشتاری پرسوسدا

رۆژی دووشەممە ٢٠ی مانگی ژوئیە بەرابەر لەگەڵ ٢٩ی مانگی پوشپەڕ، تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوەندی فەرهەنگی ئەمارە لە شاری پرسوس، کە حکومەتی تورکیە ناوەکەی گۆڕێوە بۆ سوروچ، رویدا. بەپێی دوایین هه‌واڵه‌كان، ٣٢ کەس لە جه‌ریانی ئه‌م ته‌قینەوەیەدا گیانیان لەدەست داوە کە زۆربەیان خوێندکارانی ئەندامی “فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سۆسیالیست” بوون. سەد و چوار کەسیش لەم کارەساتەدا بریندار بوون کە حاڵی ٥ کەسیان خراپ راگه‌یه‌ندراوه‌. چەند کەس لە ئەندامانی “حیزبی دیموکراتیکی گەل”ی تورکیە بە ناوی ( ها د پ)یش لەنێو گیانبەختکردووان دان.489ناوەندی فەرهەنگی “ئەمارە” لە کاتی کۆبونەوەکەدا شوێنی میتینگی ٣٠٠ لاوی ژن و پیاوی ئەندامی “فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سۆسیالیست” بوو. ئەوان چوبوونە ئەم شارە تا بنێردرێنە کۆبانی و دەست بکەن بە نوێژن کردنەوەی باخچەیەکی ساوایان، مەیدانێکی یاری و نەمام چاندن لەو شارەدا. ئەم هەڵسوڕاوە گەنج و سوسیالیستانە لە کاتی تەقینەوەکەدا لەو ناوەندەدا سه‌رقاڵی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسێکی خەبەری بوون لە راستای شیکردنەوەی ئامانجی سەفەرەکەیان بۆ شاری کۆبانی و روون کردنەوەی پێویستی یارمەتیدانی خێرای سەرلەنوێ بنیاد نانەوەی ئەم شارە.بۆ پێویستی پتەو کردنی هاوڕێیەتی کرێکاری و هاوئاهەنگی دروشم و داواکارییەکانیانهەر خێرا دوای روودانی کارەساتەکە “ئەحمەد داود ئۆغڵو” سەرۆک وەزیری تورکیە، لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا لە ئانکارا خۆی بە خاوەن پرسە راگەیاند و وتی کە دیاردەکان دەریدەخەن کە ئەم کردارە تیرۆریستیە لە لایەن داعشەوە به‌رنامه‌رێژی و ئیجرا کراوە. دوای ئەم قسانە کاربەدەستانی دەوڵەتیی شاری پرسوس و راگەیەنەرەکانی خەتی رەسمی توركیە و لەوانە رۆژنامەی حورییەت لە هەواڵێکدا وتیان کە کەسێکی لاوی سەربە داعش تەقینەوەكه‌ی ئەنجام داوە.رێبەریی ( پ ک ک) و سەلاحەدین دیمیرتاش رێبەری ( ها د پ) ئۆردوغانیان بە بەرپرسی ئەم کوشتارە بە کۆمەڵە زانی. ( ها د پ) ئامانجی تەقینەوەکەی، تێکشکاندنی هاوپشتی جیهانی لەگەڵ خەڵکی کۆبانی راگەیاند و داوای لە لایەنگرانی حیزبەکەی لە سەرتاسەری تورکیە و کوردستان کرد لە بەرانبەر ئەم جەنایەتەدا ناڕەزایەتی خیابانی وه‌ڕێبخه‌ن.لە رۆژی ٢١ی ژوئیە، رۆژێک دوای تەقینەوە خۆکوژیەکەی شاری پرسوس، بە هەزاران کەس لە خەڵکی تورکیە لە مەیدانی ” ژتەقسیم”ی ستانبول لەدژی دەوڵەتی تورکیە و “رەجەب تەیب ئۆردوغان” سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست. خۆپیشاندەران بە دانی دروشم لەدژی داعش و حێزبی داد و گەشە، دەوڵەتی ئیسلام گەرای تورکیەیان بە پشتیوان و هاوکاری گروپی جەنایەتکاری داعش ناساند. هێزەکانی پۆلیسی تورکیە بە هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران و کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ و ماشێنی ئاوپاش هەوڵیدا بڵاوە بە ناڕازییان بکەن کە بەرەروی خۆڕاگری ئەوان بوونەوە. لە ئانکارا خۆپیشاندەران و دۆستانی قوربانیانی گیانبەخت کردوو لەگەڵ خەڵکی ناڕازی، لە بەردەم پاڕلمانی تورکیە کۆبونەوە و هەوڵەکانی گاردی چەکداریان بۆ تێکدانی کۆبونەوەکە به‌ ناکامی هێشتەوە.راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بێجگە لە ئانکارا و ستانبول لە دەیان شار و شارەستانی تری تورکیە و کوردستان وەک ئانتالیا، ئەزمیر، دنیزلی، ئامێد، بورسای و وان، خەڵکی ناڕازی و هه‌ڵسووڕاوانی چەپ و سوسیالیست رژانه‌ سەر شەقامەکان و وەحشیگەری کۆنەپەرستانی داعش و دەوڵەتی ئیسلامگه‌رای تورکیەیان بە توندی مەحکوم کرد. لەم خۆپیشاندانانەدا بەسەدان هەزار شارۆمەند کوشتاری بەکۆمەڵی لاوانی ئەندامی” فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سۆسیالیست “یان بەتوندترین شێوە مەحکوم کرد. بەپێی راپۆرتەکان لە بێرلینی ئاڵمان و شاری سلێمانیه‌ی هه‌رێمی کوردستان خەڵک رژانە سەر شەقامەکان و هەستی هاوخەمی خۆیان لەگەڵ قوربانیانی تەقینەوەکەی پرسوس دەربڕی. ئەوان دەوڵەتی ئیسلامی ئۆردوغانیان بە پشتیوانی داعش و سەبەبکاری سەرەکی ئەو جەنایەتە ناولێبرد.زۆرێک لە هێز و سازمانە سوسیالیستەکان، ناوەندەکانی دیفاع لە مافی مرۆڤ و سازمانە جۆراوجۆرەکانی دژی سەرمایەداری و دژی ئیمپریالیستی لە ناوچەکە و لە ئاستی دنیادا لە گەلێک راگەیاندندا تاریف و باسیان لە هەوڵی خەباتکارانە و بوێری قوربانیانی شاری پرسوس کرد. لەم راگەیاندنانەدا هاوخەمی خۆیان بۆ “فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سۆسیالیست” دەربڕی و داواکاری نەمانی پشتیوانی دەوڵەتی ئانکارا لە داعش بوون.شاری کوردنشینی پرسوس کە تەقینەوە جەنایەتکارانەکەی رۆژی ٢٠ی ژوئیە تێیدا رویدا، لە باشوری رۆژهه‌ڵات، لە سەر سنوری نێوان تورکیە و سوریە و لە ١٠ کیلۆمیتری شاری کۆبانی هەڵکەوتووە. دانیشتوانی شارەکەیان بە ٧٥ هەزار کەس راگایاندووە. دوای هێرشی داعش بۆسەر کۆبانی لە نێوەڕاستی سیپتامبری ٢٠١٣ دا هەزاران کەس ئاوارەی ئەم شارە، بە دەیان هەزار ئاوارەی سوری نیشتەجێ لە شاری پرسوس پەیوەست بوون.ئەو ئەندامانەی “فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سۆسیالیست” کە کراونەتە ئامانج، لە هەڵسوڕاوانی بەشدار لە ناڕەزایەتیەکانی پارکی گێزی و مەیدانی تەقسیمی ستانبول بوون. ئەوان لەگەڵ باقی تێکۆشەران لە ساڵی ٢٠١٣ دا ئیجازەیان بە دەوڵەتی ئۆردوغان نەدا پارک و مەیدانی تەقسیم ناسراو بە مەیدانی رۆژی جیهانی کرێکار، وێران بکات و هێما ئیسلامیەکانی تێدا دروست بکات. ئەوان لەکاتی خۆڕاگری قارەمانانە لە کۆبانی بۆ دیفاعی چەکدارانە لە کۆبانی بەشداریان کرد و لە هەوڵدا بوون بریگاردێکی سور لەم شارەدا لەژێر ناوی بریگادی نێونەتەوەیی دروست بکەن. ئەندامانی “فیدڕاسیۆنی ئەنجومەنەکانی لاوانی سۆسیالیست” لە راستای دەستەبەر بوونی ئەم ئامانجەدا هەوڵیان ئەدا یارمەتی تێکۆشەرانی سوسیالیستی ئوروپایی بدەن تا بتوانن خۆیان بگەیەننە کۆبانی. ئەم فیدڕاسیۆنە دەکرا ئامانجێکی باش بێت بۆ “میت”ی تورکیە و دەوڵەتی ئیسلامی ئۆردوغان. کوشتاری ئەم لاوە سوسیالیستانە دەکرێ فایدەیەکی دیکەشی بۆ دەوڵەتی تورکیە هەبێت. ئەم دەوڵەتە کە خۆی داعش بەهێز دەکات و پشتیوانیەتی، بوونی ئەم هێزەی کردۆتە بیانوو تا ناوچەیەکی چۆڵ و بۆشاییەک لە نێوان سنوری تورکیە و کوردستانی سوریەدا دروست بکات. ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە دەتوانێ بیانوی ئەم دەوڵەتە بۆ دروست کردنی ئەم ناوچە بۆشاییە سنورییە بەهێز بکات.داعش هێزێکی ئامرازی بووە و درەنگ یان زوو تێدادەچێ. دەوڵەتی پیلانگێڕی حیزبی داد و گەشەش رۆژ لەگەڵ رۆژ بە زەلکاوی قەیراندا دەچێتە خوارێ. ئەم جۆرە هێزانە بە کوشتنی لاوانی سوسیالیست نەتەنیا هەنگاوێک لە ئامانجە دزیوەکانیان نزیک نەبوونەتەوە، بەڵکو تەنیا خۆیان ریسواتر کردووە