کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ مەحکوم کردنی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی کرێکارانی فولادی ئەهواز

راپۆرته‌كان باس لەوە دەکەن کە نیوە شەوی یەکشەممە ٢٥ ی سەرماوەز، هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە هێرش کردنەسەر ماڵی کرێکارانی موجتەمەعی سەنعەتی فولادی ئەهواز ٣١ کەسیان دەستبەسەر کردوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، چوونی هێزە ئەمنیەتیەکان بۆسەر ماڵی کرێکاران بەبێ پیشاندانی حوكمی دادگا بووە. مەئمورەکان بۆ گرتنی کرێکارانی زیاتریش هەوڵیان دابوو بەڵام بەهۆی لە ماڵ نەبوونیان، نەیانتوانیبوو بیانگرن. گرتنەکان ئاوێتە لەگەڵ توندوتیژی و لێدان و سوکایەتی پێکردن بووە. یەکێک لە ڕاپۆرتەکان دەڵێ کە کرێکاران بە بەرچاوی هاوسه‌ری دووگیانیه‌وه‌ ئازار و ئەزیەت دراوه‌ و ته‌وهینی پێكراوه‌. هەروەها رۆژی دووشەممە بەرپرسانی یەگانی ویژەی ئەهواز لەگەڵ سەرۆکی پاسگای ئینتیزامی رۆژئاوای ئەهواز چوونەتە شوێنی شیرکەتی گوروپی میللی سەنعەتی فولادی ئەهواز و هەڕەشەیان لە کرێکاران کردوە کە ئەگەر کۆبوونەوە بەڕێوەبەرن، ئەوانیش دەگرن. بەم حاڵەوە و سەرەڕای بانگ کردن و هەڕەشە لە کرێکاران لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهوازەوە و ئامادە بوونی بەرینی هێزە نیزامیەکان، رۆژی دووشەممە ٢٦ ی سەرماوەز، کرێکارانی ناڕازی وەک رۆژەکانی ڕابردوو هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و دانی دروشمی خەباتکارانە.

بە ڕاستی چ ڕەزالەتێک ده‌توانی بانتر لەوە بێت کە وڵامی کرێکارێك كه‌ داوای حەقدەستی کارێکی کە کردویانه‌ ده‌كه‌ن، واتە سەرەتایی ترین مافی خۆیان دەوێ، بە گرتن و لێدان و ئەزیەت و ئازار و سوکایەتی پێکردن بدرێتەوە؟ کرێكارانی فولادی ئەهواز ئەمنیەتی پیشەییان دەوێت. ئەم یەکەی بەرهەمهێنانە لە ئاکامی خراپی بەڕێوەبردندا لە سەرودەمی وەرشکست بوونی دایە، کرێکاران دەڵێن دەکرێ زیندوو بکرێتەوە و شوێنی بەڕێچوونی چەند هەزار کرێکار لە داخران بپارێزرێت. کرێکاران ئەم داخوازیە مافخوازانەیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەربڕیوە. نە شوشەیەکیان شکاندوە، نە بەردێکیان هاویشتوە، نە هێرشێکیان کردوەتە سەر مائمورێک. ئامرازەکانیان لەو نەبەردەدا، تەنیا گەروی پڕ لە هاریان بووە. ئەوان داوای یارمەتیان لە هیچ ده‌وڵه‌تێك نەکردوە، بەڵکو تەنیا چاوەڕێی ئه‌وه‌ بوون كه‌ ده‌نگیان به‌ گوی هاو چیناکانیاندا لە ئێران و لە دنیادا، به‌ خەڵکی شەریف و ئازادی خوازدا بگات. داخوازیەکانیان لە چوارچێوەیەکدا هێناوەتە گۆڕێ کە لە هەموو شوێنێک مەقبوڵیەت و مەشروعیەتی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەوان دەڵێن کە ئەگەر بۆ کەس یان کەسانێک سەرمایەدار کە مالیکیەت بەسەر شیرکەتی فولادیان دا دەستەبەر کردوە، داخرانی کار لەم بوارەدا بە واتای دەستپیکردنی چالاکی لە بواری بازرگانی یان هەر جێگایەگی تردایە، بۆ کرێکاران داخرانی بە واتای کەوتنە مەترسی سەرجەم ژیان و بەڕێچوونیانە. ئەوان بۆ بەرگرتن لە بەهەدەر چوونی جەستەیی و روحی، خۆیان و بنەماڵەکانیان هیچ ڕێگایەکی تریان بێجگە لە خەبات و ناڕەزایەتی لەبەردەمدا نییە. و بۆ سەرکەوتن هێزێکی تر بێجگە لە پشتیوانی هاو چارەنووسەکانیان شک نابەن.

٣٨ رۆژە کە بەردەوام داخوازیەکانیان بەم شێوەیە پەیگیری دەکەن بەڵام، چاو و گوێی سەرانی ڕژیم لە بەرانبەر داخوازیەکانیاندا کەڕ و كوێرە. ڕژیم و خاوەنکارانی شیرکەت، بەو هیوایەی کە کرێکاران ماندوو بن و بچنەوە ماڵەوە، مۆری بێدەنگیەکی بێ شەرمانەیان لە ده‌بێ خۆیان داوە. بەڵام کرێکاران ئەگەر بەبێ نەتیجە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بێبەش بوون لە نانی شەو و برسیەتی لە چاوڕوانیان دایە و ئەگەر لەسەر شەقامیش بمێننەوە، بەرەو رووی هێرشی دوژمن و نەبەرد بە دەستی بەتاڵ لە بەرانبەر هێزێکی سەرتاپا چەکداردان. به‌ ڕاستی لەم مەیدانەی خەباتی مەرگ و ژیانەدا بۆ سەرکەوتن دەبێ چی بکرێت؟

له‌ ڕاستی دا کرێکارانی فولادی ئەهواز و نەیشەکەری حەوت تەپە وەک بەشێک لە بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران، ئەرکی خۆیان و ئەوەی کە لە توانایاندا بووە، بە باشترین شێوە و بە لێزانی و بوێریەوە ئەنجام داوە. ئەوان ویژدانی زیندووی ئەم کۆمەڵگایەن و درووشمه‌كانیان ئازاری هاوبەش و داخوازی سەرجەم بەشەکانی چینی کرێکارە لە ئێران نوێنه‌رایه‌تیی ده‌كات. بە كه‌م شوێنی کار و زەحمەتی وا هه‌یه‌ کە کرێکاران حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا و به‌ ته‌واوی پێ بدرێت. کەمتر کارگا و کارخانەیەک دەبیندرێت کە لە سەرودەمی داخراندا نەبێت و مەترسی بێکار بوون و نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی بەسەر سەری کرێکارانەوە نە سوڕێتەوە. کەوایە ئاشکرایە دەبێ چی بکرێت. ئەم چارەنووسه‌ هاوبەشە، کاردانەوەی هاوبەشی دەوێ. نابێ ڕژیم پێیوابێ کە بەشێک لە هاوچینەکانی ئێمه‌ی لە سوچێکدا بە تانیا کەوتونەتە بەردەستی و دەتوانێ هاواریان لە گەرودا کپ بکات. شێلاق بە جەستەی کرێکارانی فوولادی ئەهواز و نەیشەکەری حەوت تەپە، شه‌لاق بەسەر جەستەی گشتمانە. نیگەرانی و ترسی بنەماڵەکانی کرێکارانی زیندانی، خەو لە چاوی هەمومان دەزڕێنێ.

گوێ نەدان به‌ داخوازی کرێکارانی فوولاد و حەوت تەپە لە لایەن ڕژیمێکی داماوی وەک کۆماری ئیسلامیەوە، کە لە هەموو لایەکەوە لەژێر گوشار دایە و چەندین قەیرانی کەمەر شکێن بەرۆکیان پێ گرتووە، دەبێ وڵامی شیاو، سەرتاسەری و لێبڕاوانەی خۆی وەربگرێتەوە. نابێ ڕێگا بدرێت کە ڕژیم ئەم دەست درێژیە بە ئاشکرایەی بۆسەر کرێکارانی فولادی ئەهواز بە هاسانی بۆ بچێتە سەر. کرێکارانی فولاد لە باری بارودۆخی عەینی ژیان و بەڕێچوونەوە بە تەنیا نین. ئەو کرێکارانەی کە هێشتا حقوقی ٦ مانگ و یەکساڵی پێشویان وەرنەگرتوە، ئەو موعەلیمە شاغڵ و خانەنشینانەی داخوازیەکانیان لە لایەن ڕژیمەوە پشت گوێ خراوە، لاوانی بێکار کە هێشتا دەستیان لە کارێک گیر نەبووە، ژنانی ماڵەوە کە گەلێک زیاتر لە کرێکارێک، قورسایی کاری ماڵەوەیان لەسەر شانە، گشت ئەوانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، سەرجەم ئەوانەی لە هەمان کەمترین خزمەتگوزاری گشتیشیان بڕدراوە؛ خەڵکێکی هاو چارەنووسی کرێکارانی فولادن. پێویستە وڵامی چ كردن له‌م بارودۆخه‌ هاوبه‌شه‌دا بدۆزێته‌وه‌. مەحکوم کردنی دەست بەسەرکردنی کرێکاران و داخوازی ئازادی بە خێرایی ئەوان، پێویستە بەڵام بەس نییە. ناڕەزایەتی، هاوئاهەنگ و سەرتاسەری دەتوانێ ڕژیم وادار بکات لە بەرانبەر کرێکارانی فولاد دا سەری تەسلیم دانەوێنێ.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-