کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ دیفاع لە ئازادی دەستبەجێی مەحموود ساڵحی

ڕۆژی شەممە ٦ ی مانگی خەزەڵوەر مەحموود ساڵحی، هەڵسوڕاوی ناسراو و سیمای بەرچاوی بزووتنەوەی کرێکاری، دوای هاتنەدەر لە نەخۆشخانەی سەقز و ئەنجامدانی دیالیزی کولییەکانی، بە بەرچاوی هاوژینەکەیەوە نەجیبە ساڵحزادە لە لایەن مەئمورانی ئینتیزامییەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندی ئەو شارە کرا. کاربەدەستانی ڕژیم ڕایانگەیاند کە :” مەحموود ساڵحی بۆ تەواو کردنی دەورانی مەحکومیەتەکەی گیراوە و براوەتە زیندان.” ئەوە یەکەم جار نییە کە مەحمود ساڵحی زیندانی دەکرێت و ئەویش تەنیا هەڵسوڕاوی کرێکاری نییە کە لەبەر دیفاع لە مافەکانی چینی کرێكار خۆی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا ئەبینێتەوە. پرسیار ئەوەیە کە چ هێز و تواناییەک لە جەستەی شەکەتی مەحموود ساڵحی دا هەیە و چ وەحشەتێک لە دڵی ڕژیمی سەرمایەداران لە بە ئازادی ژیانی ئەودا هێلانەی کردوە کە ئابەم شێوەیە خەریکی زیاتر ڕیسوا کردنی خۆیەتی و کەسێکی نەخۆش لە پشت دەزگای دیالیزەوە دەگوازێتەوە بۆ زیندان؟ وڵامەکەی روونە، چینی کرێکاری ئێران لە سیمای وەحشەت لێدەراوی دوژمنی چینایەتی خۆیدا کە بەم شێوەیە کەوتۆتە گیانی ڕێبەرێکی کرێکاری ، دەتوانێ هێز و توانایی واقعی خۆی ببینێ و باوەڕی پێبێنێ.

مەحموود ساڵحی بەشێک لە باشترین ساڵەکانی ژیانی لە ئەشکەنجە گاکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرسەر برد. ئەو لەبەر خاتری دیفاع لە ئاڕمانە چینایەتیەکانی کرێکاران، لە جەستە و گیانی مایەی دانا و لە ئامانجێک کە خەباتی بۆ ئەکرد، دەستی هەڵنەگرت. جەستە و رۆحیان ئازار دا، نەخۆش بوونەکەی چاوپۆشی لێکرا و بەبێ دەواو دەرمان هێشتیانەوە، ئەویان پا بە زنجیرەوە بە تەختی نەخۆشخانەوە بەستەوە، تا ئیرادە و ئەوینی بە چینی کرێکار تێک بشکێنن، تا هاوسەنگەرەکانی لە دەرەوەی زیندان بترسێنن. بەڵام لەم نەبەردی ئیرادەیەدا شکستیان هێنا.

بەڕاستی بۆچی مەحموود ساڵحی بەم شێوەیە بۆتە نیشانەی قین لە دڵیی ڕژیمی ئیسلامی؟ ئایا مەسئلە، دەرکرانی حوکمێکی قەزاییە کە رۆژێک بێدادگایەک لەدژی ئەو دەری کردوە و گۆیا بۆ پاراستنی ئوتوریتەی دەزگای قەزایی دەبێ بەکردەوە دەربێت؟ بێ گومان وا نییە. گوشار خستنە سەر مەحموود ساڵحی و باقی ڕێبەرانی کرێکاری و پشتگوێ خستنی گوشارە نێونەتەوەیی و نێوخۆییەکان بۆ ئازاد کرانیان، سیاسەتێکی ئاگاهانەیە کە لە بانترین ئاستی ڕژیمدا لە بارەیەوە قسەو باس و بڕیار دراوە. ئەم سیاسەتە هیچ شتێک نییە بێجگە لە خستنە ژێر گوشار و هەڕەشە لە ڕێبەرانی کرێکاری لە دەرەوەی زیندان و لەنێو چینی کرێکاردا. گوشار هێنان بۆسەر مەحموود ساڵحی پەیامی دەوڵەت و نیزامی سەرمایەداری حاکم لە ئێرانە بۆ گشت ڕێبەرانی کرێکاری. گرتنە پێشی ئەم سیاسەتە ڕەنگدانەوەی نیگەرانیە لە نەبەردێکی چینایەتی بناغە هەڵتەکێن کە سەرانی ئەم ڕژیمە سەرەتاکەیان لە کۆمەڵگای ئێراندا بەدی کردوە. ڕژیم بەباشیی دەتوانێ ببینێ کە لە ناخی قەیرانی سیاسی و ئابووری و حکومەتی مەوجوددا چ مەترسیەک و لە لایەن کام بەش لە کۆمەڵگای ئێرانەوە، هەڕەشە لە مەوجوودیەتی دەکرێت.

یەکێک لە تاکتیکەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیندانەکاندا سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی بە تایبەت لە پێوەند لەگەڵ ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی ناسراوی بزوتنەوەی کرێکاری و بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەیە کە ئەوان ئەوەندە لە زینداندا ڕابگرێت وئەوەندە بیانخاتە ژێر گوشارەوە، تا جەستە و ڕۆح و ڕەوانیان بە تەواوی ماندوو دەبێت، بە چەشنێک کە کاتێک لە زیندان هاتنەدەرێ، توانایی جەستەییان بەتەواوەتی کەم بووبێتەوە و مابەقی تەمەنیان لە ڕێگای نەخۆشخانە و بەستەری بووندا بەسەر بەرن و بەکردەوە لە چەرخەی خەبات بچنە دەرەوە. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ، مەحموود ساڵحی و ڕەزا شەهابیش توشی چارەنوسی محەممەد جەڕاحێ و ئەفشین ئوسالو و شاهروخ زەمانی و کوروش بەخشەندە، بن.

بزوتنەوەی کرێکاری و شۆڕشگێرانەی ئێران لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم هەڵسوڕاوە کرێکاریە ناسراوانەی لەنێو زیندان و یان لەدەرەوەی زیندان لەدەست داوە و بەرپرسی ڕاستەوخۆی مردنیشیان سەرانی ڕژیمن. ئەوان لە زیندان لەژێر ئەشکەنجەی جستەیی و رۆحی و بارودۆخی نامرۆڤانەی زاڵ بەسەر زینداندا، گیرۆدەی کۆمەڵێک نەخۆشی دژوار بوون. بەر بە چارەسەر کرانی نەخۆشیەکانیان گیراو و سەرئەنجام لەنێو یان لە دەرەوەی زیندان، بارودۆخی مردنیان فەراهەم کرا. کۆماری ئیسلامی بەرپرسی ڕاستەوخۆی سەرجەم ئەو مردنانەیە.

بەڵام ئەم سیاسەتە مەحکوم بە شکستە، لەبەر ئەوەی چینی کرێکاری ئێران شوشەی تەمەنی ڕژیمی لە دەستدایە و ڕژیم لەم بارەیەوە یاری بە ئاگر دەکات. پەرەگرتنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری، بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەمەر شکێن دەبێت. ئەو رۆژە دێت کە ڕژیم تاوانی گوشارەکانی ئەمرۆی بۆسەر ڕێبەرانی کرێکار بدات. گوشار بۆسەر کۆماری ئیسلامی بۆ ئازاد کردنی سەرجەم ڕێبەرانی کرێکاری و هەڵسوڕاوانی مەدەنی زیندانی کراو دەبێ شێلگیرانە تر دەرێژەی هەبێت. بۆ ناچارکردنی ڕژیم بە پاشەکشەی زیاتر لە بواری کۆتایی هێنان بە کرداری گوشار خستنەسەر هەڵسوڕاوانی کرێکاری، دەکرێ شکڵ و شێوەی نوێ و کاریگەر تر بخرێتە دەستوری کارەوە. ئەم ڕژیمەی پارێزەری سەرمایەداری تەنیا ئەو کاتە دەست لە بێڕەحمی و بێ شەرمی و گرنگی نەدان بە گیانی ئەم ئازیزە زیندانی کراوانە هەڵدەگرێت کە ترسی ئەوەی هەبێت لە جێگایەکدا سود و سەرمایە و پێکهاتەی حکومەتەکەی کەوتۆتە مەترسیەوە. دەبێ پیشانی ڕژیم بدرێت کە سیاسەتی ترساندن لەدژی پێشڕەوانی کرێکاری و خەباتی مەدەنی، نەتیجەی پێچەوانەی بووە و خەڵکیش چارەنووسی ڕێبەرانی خۆیان لە چنگ جەنایەتکاراندا بە تەنیا ناهێڵنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-