خۆپیشاندانی خه‌ڵك له به‌غدا و زۆربه‌ی شاره‌كانی عێراق هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. ده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵاتداری عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م باروودۆخه، هاوكات دوو زمانی جیاواز به‌كار دێنێت. یه‌كیان زمانی زۆره‌ملی و توندوتیژییه له‌دژی خه‌ڵكی بێدفاع و دووهه‌میش زمانێكی ڕیاكارانه‌یه كه بۆ كوژراو و برینداره‌كان فرمێسكی درۆیین ده‌رێژێت و به‌ڵێنی ڕێفۆرم به خه‌ڵك ده‌دات.
زمانی یه‌كه‌می ڕژیمی عێراق له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی ناڕازی له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا پتر له ٢٥٠ كوژراو و به هه‌زاران برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه. توندوتیژی و سه‌ركوتگه‌ری هێزه ده‌وڵه‌تیه‌كانی عێراق له به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌رانێك كه به ده‌ستی به‌تاڵ و مشتی گرێ دراوه، سینگیان كردووه‌ته قه‌ڵغانی گولله و داوای مافه پێشێلكراوه‌كانیان ده‌كه‌ن، هیچ حه‌د و سنوورێكی نییه. هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌گان ڕاسته‌وخۆ خه‌ڵك ده‌ده‌نه به‌ر ده‌ستڕێژی گولله و ته‌ك تیرئه‌ندازه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له سه‌ربانی ماڵه‌كانه‌وه كه‌سانی دیاریكراو ده‌كه‌نه ئامانج. به پێی ڕاپۆرتی سه‌رچاوه‌كانی نه‌خۆشخانه له به‌غدا، ناڕازیان به نارنجه‌كی فرمێسك ڕێژ كه ماده‌ی ژه‌هراوییان تێكراوه، كراونه‌ته ئامانج. لێكۆڵینه‌وه‌كانی ڕێكخراوی لێبۆردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاشكرای كردووه كه لانیكه‌م ٥ كه‌س له خۆپیشانده‌ران به‌و جۆره نارنجه‌كانه‌ی كه ده‌وترێ له ئێران درووست ده‌كرێن، گیانیان له‌ده‌ست داوه. بێ گۆمان له‌م بواره‌دا كۆماری ئیسلامی ئه‌زموونه‌كانی سه‌ركوتی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك ڕاسته‌وخۆ فێری هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات. هه‌واڵنێری ڕوویتێرز له‌سه‌ر زاری یه‌كێك له سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كانی ڕایگه‌یاندووه كه له نیوه شه‌وی حه‌فته‌ی ڕابردوودا، “قاسم سوله‌یمانی” فه‌رمانده‌ی هێزی قۆدسی سپای پاسداران به هێلیكۆپتێر خۆی گه‌یاندووه‌ته دانیشتنێكی ڕێبه‌رانی ده‌وڵه‌تی عێراق له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و له‌وێ باسی له ئه‌زموونه‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناڕازی كردووه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه ده‌بینین كه زمانی زۆرملی و كوشتاری بێره‌حمانه‌ش نه‌یتوانیوه پاشه‌كشه به خه‌ڵكی ناڕازی بكات.
زمانی دووهه‌می ڕژیمی عێراق درۆ و ڕیا و به‌ڵێنی بێ بنه‌مایه. ڕۆژێك سیستانی به نیگه‌رانیه‌وه باسی سه‌ركوتی خوێنینی خه‌ڵك ده‌كات و هه‌موان ده‌عوه‌ت به ئارامش ده‌كات و له هه‌مان كاتدا سه‌رچاوه‌ی به‌شێك له توندوتیژیه‌كان بۆ خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. ڕۆژێكی دیكه‌ش كاربه‌ده‌ستێكی حیزبی یان ده‌وڵه‌تی به‌رپرسایه‌تی خۆی له سه‌ركوت كردنی جه‌ماوه‌ر ئینكار ده‌كات و بۆ كوژراو و برینداره‌كان فرمێسكی درۆیین ده‌ڕێژێ. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه بۆ وڵامدانه‌وه به ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك ئاماده‌یه پێداچوونه‌وه له یاسای بنه‌ڕه‌تی عێراقدا ئه‌نجام دا. به‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ر له ئێستاوه هه‌یئه‌تێك بۆ به‌رپرسی ئاماده كردنی ڕه‌ش نووسی ئه‌م گۆڕانكاریانه دیاری كراوه. هه‌روه‌ها به‌وته‌ی به‌رهه‌م ساڵحی سه‌رۆك كۆمار، عه‌بدولمه‌هدی واته سه‌رۆك وه‌زیران ئاماده‌یه كه واز له پۆسته‌كه‌ی بێنێت. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه باس له هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت و ئه‌نجامدانی ڕێفۆرم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و خوڵقاندنی ده‌رفه‌تی شوغڵی بۆ لاوان ده‌كرێت. به‌ڵام ده‌بینین كه هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه بۆ دامركاندنی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك، چكۆله‌ترین كاریگه‌ریان نه‌بووه.
له ڕاستیدا، خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو له عێراق متمانه‌یان به ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م وڵاته نه‌ماوه. بۆشایی نێوان حیزبه سیاسیه‌كانی به‌شدار له دسه‌ڵات و خه‌ڵكێك كه ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته ئه‌م قۆناخه، له دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه له هه‌ڵبژاردنی پاڕله‌مانه‌وه ده‌بیندرا. نزیك به ٧٠ له‌سه‌دی خه‌ڵك ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان بایكۆت كرد. ئه‌وان زۆرینه‌یه‌كی خامۆش بوون كه ئه‌وكات بێ متمانه‌یی خۆیان به سندووقی ده‌نگدان و له واقعدا به گشت ڕژیم له ڕێگه‌ی بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌وه نیشان دا و ئه‌مرۆش هه‌ر ئه‌و ٧٠ له‌سه‌ده وێڕای ٣٠ له‌سه‌دێك كه ئه‌وكات به سندووقی ده‌نگدانی ژێر كونترۆڵی ڕژیم خۆشباوه‌ڕ بوون، هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان. هه‌ڵبه‌ت له‌بیریشمانه كه سه‌باره‌ت به ده‌نگی ئه‌م ٣٠ له‌سه‌ده‌ش كار گه‌یشت به ڕسوا كردنی فێڵ و ته‌قه‌لۆب و ژوماردنی دووباره‌ی ده‌نگ و سووتاندنی سندووقی ده‌نگدان و سه‌ره‌نجام بۆ ده‌رباز بوون له‌م قه‌یرانه‌ش به یارمه‌تی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن كه گۆیا “سه‌ربه‌خۆ” بوو، به‌و سه‌روبه‌ری گاڵته‌جاڕیه‌كه پێكهات. له‌وه‌ش بێ ماناتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق لایان وایه كه ده‌توانن به به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خت و گۆڕانكاری له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی به‌ئه‌زموون دامركێنن.
له سه‌رده‌می قه‌یرانی توندی سیاسی‌دا، له باروودۆخێكدا كه زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ده‌زگای ده‌سه‌ڵاتدار بێگانه‌ن و له هه‌مان كاتیش‌دا ترسیان له هێزی سه‌ركوت ڕژاوه، له وه‌ها باروودۆخه‌دا به‌ڵێنی و زمانی نه‌رم هیچ به‌رهه‌مێكی بۆ ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار تێدا نییه. له پاییزی ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی محه‌ممه‌د ڕه‌زاشا ڕووبه خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی ئێران وتی: “ده‌نگی شۆڕشی ئێوه‌مان بیست” و به‌ڵێنیی ڕێفۆرمی دا. به‌ڵام شه‌پۆلێك كه وه‌ڕێ كه‌وتبوو ئیتر نه‌ده‌گه‌ڕاوه. له باروودۆخێكدا كه هێشتا كۆمه‌ڵگا هه‌نگاوی نه‌ناوه‌ته قۆناخێكی شۆڕشگێڕانه‌وه، زۆر جار بزووتنه‌وه‌ی موتالباتی وه‌ڕێ ده‌كه‌وێ. خه‌ڵك خواستی دیاریكراوی خۆیان ده‌رده‌بڕن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتداریدا بسه‌پێنن. به‌ڵام كاتێك كه باروودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گۆڕێ و پرسی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌كه‌وێته ناو كۆمه‌ڵگاوه، به‌و مانایه كه خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو به‌ره‌و ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌رۆن، له وه‌ها باروودۆخێكدا باسی ڕێفۆرم له لایه‌ن ڕژیمه‌وه به مانای ڕاگرتنی پێشڕه‌وی شۆڕشه. ئه‌وجار ئه‌و خواستانه‌ی كه ڕۆژێك له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ڕووبه ڕژیم ده‌هاته گۆڕێ، ده‌بنه به‌شێك له به‌رنامه‌ی هێزی چینه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه خۆیان بۆ جێنشینی ئه‌م ڕژیمه ئاماده ده‌كه‌ن.
له ئێستادا، سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵكی عێراق ناكرێ لێبڕاوانه قسه بكرێت، ئه‌وه‌ی كه دیاره، ئه‌م ئاخێزه له بوار ڕێكخستنه‌وه لاوازه و له ڕێبه‌ریه‌كی ڕادیكاڵ و پێشڕه‌و بێ به‌ریه. به‌ڵام له هه‌مان حاڵیش‌دا باروودۆخی ئێستا، ده‌رفه‌تی بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی خێرای كه‌م و كوڕیه‌كان خوڵقاندووه. كارێك كه له باروودۆخی ئارامی سیاسی‌دا ساڵیان ساڵ كاتی پێویسته تا به سه‌ره‌نجام بگات. بێ گومان له قۆناخێكدا كه ئینسانه‌كان به به‌رژه‌وه‌ند و ئاواتی هاوبه‌شه‌وه ده‌كه‌ونه هه‌ل و مه‌رجێكه‌وه كه به‌ناچار ده‌بێ ڕێگای خۆیان دیاری بكه‌ن، كه‌م و كوڕیه‌كانی ڕابردوو خێراتر قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه.