کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی راگەیاندنی رەسمی لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراوی کرێکاران رادەگیرێ بۆ چرکەساتی کۆتایی؟

چەندین مانگە شاھیدی بەڕیوەچونی زنجیرەیەک کۆبونەوە و جەلەسەین لەژێر ناوی “مزاکرە و مشاورە” سەبارەت بە دیاریکردنی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی 94 لە لایەن ناوەندێکی دەوڵەتیەوە بەناوی “شوڕای باڵای کار”. لە حەفتەی دووھەمی مانگی رەشەممە بەملاوە، بەڕێوەچوونی ئەم جەلەسە شانۆییانە بەشێوەی هه‌فتانه‌ بەڕێوەدەچێت و چەند وەزیرێکی دەوڵەتیش لەوانە، وەزیرانی ئابووری، سەنعەت و مەعدەن و وەزیری کار بەشداریان تێدا کردووە. دوایین پەردەی تا ئێستای ئەم شانۆ فریوکارانەیە رۆژی شەممە 16ی رەشەمە لەژێر ناوی “کۆبونەوەی مشاورەی 3 لایەنەی میللی” بە ناوەرۆکی دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی ساڵی 94 بەڕێوەچوو. ئێوارەی ھەمان رۆژ لە شانۆیەکدا ڕایانگەیاند کە، کۆبونەوەکە بەبێ ھیچ ئاکامێکی تایبەت کۆتایی ھاتووە. دەوترێ کە، ئەگەری ئەوە ھەیە تا کۆتایی رۆژی جومعه‌ 22 ی مانگی رەشەممە رێژەی حەقدەستی کرێکاران بۆ ساڵی 94 رابگەیەنن. بەڕێوەچوونی ئەم کۆبونەوەیە ساڵانێکە لە مانگی رەزبەرەوە دەست پێدەکات و لە حەفتەی ئاخری مانگی رەشەممەدا پەروەندەکەی بە راگەیاندنی حەقدەستی چەند جار لەژێر ھێڵی ھەژاریدا بۆ کرێکارانی مەشمولی قانونی کار کۆتایی پێھاتو رادەگەیەندرێت. لە ئاخری ئەم شانۆ گاڵتەجاڕە ساڵانەیەشدا یاریکەران بەناوی “گروپە کرێکاری”ەکەوە لە ھەراوھوریایەکی رەسانەیی چەند رۆژەدا دەکەونە ھەوڵی پاساودانی کرداری دژی کرێکاری، فریوکارانە و نەخشی رازێنەرەوەی خۆیان لەم شانۆیانەدا.

 384

بەکورتی دەبێ بوترێت کە، بێ ئیعتیبار ترین جەلەساتێک کە لە کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوەدەچێت، جەلەسەکانی شوڕای باڵای کارە.
چەندین ساڵە، دەوڵەت و خاوەنکاران دوای بەڕێوەچوونی ئەم شانۆگەریانە، حەقدەستی دیاریکراو بۆ کرێکاران کە بە پشتیوانی میکانیزمەکانی دەرەوەی ئەم کۆبونەوانە دیاری دەکرێت لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵدا رادەگەیەنن. ساڵی رابردوو رۆژی 22 ی مانگی رەشەممە و لە حاڵێکدا کە کرێکاران و خەڵکی ئێران سەرگەرمی خۆئامادە کردن بۆ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی بوون، رێژەی حەقدەستی ساڵی 93یان راگەیاند و ئەمساڵیش دەیانەوێ ھەمان تاکتیک بەکاربێننەوە.

لە پێوەند لەگەڵ دیاری کردنی حەقدەستی کرێکاران لە ئێران و کاتی ڕاگەیاندنی، دوو پرسیار لە ئارادایە. یەکەم ئەوەیکە، ئایا جەلەسەکانی شوڕای باڵای کار ناوەندێکی سەڵاحیەتدارە بۆ دیاریکردنی حەقدەستی کرێکاران و ئەو کەسانەی کە لەژێر ناوی گروپی کرێکاری لەم کۆبونەوانەدا بەشداری دەکەن نوێنەری کرێکارانی ئێرانن؟ وه‌ دووھەم ئەوەیکە، بۆچی دەوڵەت و خاوەنکاران راگەیاندنی حەقدەستی دیاریکراوی کرێکاران بۆ ساڵی داھاتوو تا رۆژەکانی کۆتایی ساڵ دوادەخەن؟

لە وڵام بە پرسیاری یەکەم دەبێ بڵێین کە، نە شوڕای باڵای کار مەڕجەعی دیاری کردنی حەقدەستی کرێکارانە و نە ئەو کەسانەی لەژێر ناوی ” گروپی کرێکاری” دا لەم کۆبونەوانەدا بەشداری دەکەن نوێنەری کرێکارانن. حەقدەستی کرێکاران دەوڵەت و خاوەنکاران یەکلایەنە و لە راستای بەرژەوەندی سەرمایەدارانی دەوڵەتی و تایبەتدا چەند مانگ بەرلە بەڕێوەچونی کۆبونەوەکانی شوڕای باڵای کار دیاری دەکەن. حەقدەستی ساڵی 94 ی کرێکاران کاتێک دیاری کرا کە دەوڵەتی حەسەن رۆحانی لەگەڵ بانكی ناوەندیدا نرخی تەوەرۆمی لەژێر 20 لەسەدەوە راگەیاند. لە کەلێن و قوژبنی ئەو قسانەدا کە لە دەوروبەری کۆبونەوەکانی “شوڕای باڵای کار” دا دەبیسترێن، وادیارە کە دەزگا تەبلیغاتیەکانی رژیم خەریکی زەمینە خۆش کردنن بۆ ڕاگەیاندنی 15 تا 17 لەسەد، زیاد کردنی لانیکەمی حەقدەست بۆ ساڵی 94. بەپێی ئاکامی توێژینەوەی کارناسان توانایی کڕینی کرێکاران لە ساڵی 93 دا بە رێژەی 57 لەسەد دابەزیوە. ئەگەر زیاد کردنی حەقدەست لەسەر بنەمای 17 لەسەدی نرخی رەسمی تەوەڕۆم حیساب بکرێت، حەقدەستی 609 ھەزار تمەنی ئێستا دەبێتە حەقدەستێکی ٧١٢ هه‌زار و٥٣٠ تمەنی.

بەڵام لەم رۆژانەدا، وەک رەسمی ساڵەکانی رابردوو، دەوڵەت و لایەنگرانی لە کۆمەڵێک رێکخراو بەناوی کرێکاردا لە کەمپەینێکی فریودانی رای گشتیدا بە جێگای زیاد کردنی حەقدەستی پایە، زیاد کردنی حاشیەیی حەقدەستی پایە لەوانە حەقی مەسکەن، بۆنی کرێکاری و سەنەواتێک کە خاوەنکاران ھیچ تەعەھودێکیان لە بەرانبەریاندا نییە، تەبلیغ دەکەن.

چەق بەستن و کەم بونەوەی حەقدەستی کریکاران لە لایەن دەوڵەتەوە لە ساڵی 94 دا لە بارودۆخێکدایە کە ھەموو توێژینەوە کارناسیەکان دەریدەخەن کە، نرخی سەبەدی ھەزینەکانی بنەماڵەیەک لە تاران 3 ملیۆن تمەن پێش بینی کراوە. واتە بنەماڵەیەکی کرێکاری لە تاران لە ساڵی 94 دا لەگەڵ کەسری مەنگانە 2 ملیۆن و 300 ھەزار تمەندا بەرەو روو دەبێتەوە، ئەوە لەحاڵێکدایە کە تەنیا 20 لەسەد لە کرێکاران مەشمولی قانونی کارن و 80 لەسەدەکەی تریان بەھۆی ھەبوونی قەراردادی کاتی و سپی ئیمزا، کار بۆ شیرکەتە پەیمانکاری و ئیجارەییەکانی ھێزی ئینسانی، کار لە کارگاکانی ژێر 10 کەسی دا، حەقدەستی پایە شاملی حاڵی ئەوان نابێت.

ئەوەش بڵێین کە، ئەو کەسانەی کە لەم کۆبونەوانەدا بەناوی نوێنەری کرێکاران بەشداری دەکەن نوێنەری کرێکاران نین. لە ئێراندا نە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری ئیجازەی چالاکی ھەیە و نە ئەم کەسانە لە پرۆسەیەکی دیموکراتیکی ھەڵبژاردندا مافی نوێنەرایەتیان بۆ بەشداری کردن لە کۆبونەوەکان و وتووێژ سەبارەت بە دیاری کردنی حەقدەستەکان پێدراوە. ئەمانە ئەندامانی ھەیئەت مودیرەی تەشەکولە دەوڵەتیەکانن کە لە باشترین حاڵەتدا وابەستە و سەربە باڵەکانی نێوخۆی دەسەڵاتن و لە ھاوسەنگیەکی ھێزی نێوان باڵە حکومه‌تیەکاندا ھەر ئەو رۆڵە دەگێڕن کە کاربەدەستانی رژیم لە مەجلیس گرتویانەتە ئەستۆ.

رژیم بۆ بەرگرتن لە کاردانەوەی کرێکاران لە بەرانبەر بارودۆخێکی دژواردا کە ھەموو ساڵێک بەسه‌ریاندا دەسەپێ، ھەموو ساڵێک لە مانگی رەشه‌مەدا وێڕای ئیجرای مانۆڕە جۆراوجۆرەکانی سپا، بەسیج و ھێزی ئینتیزامی، بە بانگ کردن و گرتنی ھەڵسوراوانی کرێکاری و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەکەوە کەش و ھەواکە ئەمنیەتی تر دەکات و لە لایەکی ترەوە لە سەرگەرم بوونی کرێکاران و باقی توێژە کۆمەڵایەتیەکان بە ئامادەکاریەوە بۆ ڕێوڕەسمەکان و جه‌ژن و سەفەر و سەردانی نەورۆزی ئەوپەڕی بەھەرەبەرداری دەکات.

دیارە چینی کرێکاری ئێران بەم حەقدەستانەوە ساڵێکی گەلێک دژواری لەبەر دەمدا دەبێت. تەنیا رێگای بەرگرتن لە درێژەی ئەم ژیانە دژوار و موسیبەتبارە خەباتی رێکخراو و لە دەرەوەی بازنەی ئەم دەمە تەقە فریوکارانەیە. زیاد کردنی حەقدەستی کرێکاران گونجاو لەگەڵ سەبەدی ھەزینەکانی ژیان تەنیا بە یەکێتی و ھێزی چینایەتی لە بزوتنەوەیەکی بەیەکەوە گرێدراو و سەرتاسەریدا دەکرێ دەستەبەر بێت. دەور و نەخشی ھەڵسوڕاوان و تەشەکەلە سەربەخۆ کرێکاریەکان و بردنەسەری ئاستی خەباتیان و ھێنانە مەیدانی ژمارەیەکی ھەرچی زیاتر لە کرێکاران، کلیلی چارەسەر کردنی ئەم گرفتەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-