کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی داعش هێشتا زیندووە و تاوان ئەنجام دەدات؟

 لقی خوراسانی داعش یان دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی جینایەتەکەی ڕۆژی ٣ی مانگی خاکەلێوەی هۆڵی کۆنسێرتەکانی شاری کرۆکوس لە ڕووسیای لە ئەستۆ گرت. جینایەتێکی کە تێیدا ١٣٣ کەسی بێ دیفاع کوژران و زیاتر لە ١١٤ کەسیش بریندار بوون. هێشتا ماوەیەکی زۆر بەسەر ڕووداوەکەی شاری کرمان لە سەر گۆڕی قاسم سولەیمانی دا تێپەڕ نەبووە کە تێیدا داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی زیاتر لە ٩٥ کەس و برینداربوونی ١٨٠ کەس ڕاگەیاند. کەمتر ڕۆژێک هەیە کە ئەم ڕێکخراوە ئایینییە جینایەتکارە لە گۆشەیەکی ئەم جیهانە کارەساتێک نەخوڵقێنێت. لە وڵاتەکانی عێراق و سوریا، هێشتا بە ئازادی لە ناوچەکاندا تەراتێن دەکەن. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستانی سوریا، ئەرتەشی تورکیا بە کردەوە چاوپۆشی لە بوونی ئەو ڕەوتە کۆنەپەرستە دەکات و تەنانەت لە ژێر ناویبەرەی ئەلنەسردژ بە بزووتنەوەی ڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت. بەڵام داعش و قاعیدە و نەسر و تاڵیبان و هتد، هەر هەموویان هێز لە ڕەوتی سەلەفییەکان وەردەگرن. ڕەوتی سەلەفی لە وڵاتە موسڵمانەکان و تەنانەت لە وڵاتانی ئەوروپاش بە ئاشکرا بنکە و بارەگایان هەیە و مزگەوتەکانیان کردووە بە ناوەندێک بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانیان. شۆردنەوەی مێشک و ئامادەکارییەکان بۆ پەیوەست بوون بە ڕەوتگەلێکی هاوشێوەی داعش و بەڕێوەبردنی کردەوە خۆکوژییەکان هەر لەم ناوەندە ئاشکرایانەوە دەست پێدەکات. زۆربەی پێداویستییە داراییەکانی ئەم ڕێکخراوە ئیسلامییە ترسناکانە، لە ڕێگەی ئەم مزگەوت و بەناو دەزگا خێرخوازیانەوە کە دروستیان کردووە، دابین دەکرێت. کۆنەپەرستترین کەسانی سەلەفی لە ڕێگەی هەر ئەم ناوەندە ئایینییە دیاریکراوانەوە، بەرەولای ڕێکخراوە نیزامی و چەکدارییەکانی داعش و ئەلقاعیدە و هتددا ڕادەکێشرێن، کە ئاوا بەوپەڕی نەزانی و کوێر کوێرانە، بەمەبەستی کوشتنی ئینسانەکان، خۆیان دەتەقێننەوە.

سەلەفییەت لە ڕووی بیروباوەڕی فیکری و ئایینیەوە، لەژێر ناویدەعوەت و جیهاد، بانگەشەی گەڕانەوە بۆ قورئان و سوننەت دەکات و پەرەی پێدەدات، بەڵام ئەمڕۆ سروشتی سەلەفییەت تەنها بەو تایبەتمەندییە دواکەوتوووانەی پێناسە ناکرێت. سەلەفییەتی هاوچەرخ و ئەو ڕەوتە تیرۆریستی و چەکدارانەی کە لەژێر کاریگەریی ئەودان، لە بنەڕەتدا دەستکردی دەوڵەتە سەرمایەدارییە ئیمپریالیستی و ناوچەییەکانە لە دژی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان و ئامرازێکن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی و ململانێ ناوچەییەکان لە بەرژەوەندی خۆیاندا. پێکهێنان و بەهێزکردنیبەرەی ئەلنەسروداعشلە سوریا لەلایەن ئەمریکاوە بە پاڵپشتی سعودیە و قەتەر و تورکیا، بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی سوریا لەدژی دەوڵەتی جینایەتکاری بەشارئەسەد و بەکارهێنانیان لە پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و کوشتاری بە هەزاران کوردی ئێزیدی و خوڵقاندنی کارەساتی دڵتەزێنی مرۆیی لە کوردستانی عێراق، لە زومرەی جینایەتەکانی ئەو ڕەوتە بەکرێگیراو و کۆنەپەرستەن لە خزمەت بە دەوڵەتەکانی ناوچەکەدا.

بەڵام سەلەفییەت وەک قوتابخانەیەکی پەروەردەی داعش لە کوردستانی ئێران و عێراق، نموونەیەکە کە دەکرێ ئەزموونی لێوەربگرێت و هاوکات ئاگادارکەرەوەیە، کە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەبارەوە بکرێت. گرووپە سەلەفییەکان لە شارەکانی کوردستانی ئێران بە پشتیوانی سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی، بە ئازادی چالاکییەکانی خۆیان درێژە پێدەدەن. کۆماری ئیسلامی زۆر باش دەزانێت سەلەفییەکان بەشی ئاشکرا و یاسایی چالاکییەکانی داعشن، بەڵام بوونیان تەحەمول دەکات بۆ ئەوەی لەبەرامبەر هێزە چەپ و خەباتکارەکاندا ڕایان بگرێت. ئەم ڕژیمە بە کردەوە ڕێگای بۆ بەشێک لە گەنجانی ئایینی لە کوردستان کردۆتەوە بۆ ئەوەی بەرەولای ڕەوتە سەلەفییەکان ڕابکێشرێن. هاوکات سەلەفییەکانی کوردستانی ئێران پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ سەلەفییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و لەوانە کوردستانی عێراق هەیە. لەو ساڵانەی کە داعش بەشێک لە عێراق و سوریای لەژێر کۆنترۆڵدابوو، سەلەفییەکان، کوردستانی ئێران و عێراقیان وەک کۆریدۆرێک بۆ پەیوەست بوونی کەسانی توندڕەو به داعشەوە، بەکاردەهێنا. مەترسی و دوژمنی سەرەکی بۆ سەلەفییەکان، بەشی چەپ و سکۆلاری کۆمەڵگە، ژنانی ئازادیخواز، سۆسیالیست و ڕێکخراو و دامەزراوە یەکسانیخواز و عەداڵەتخوازەکانی کۆمەڵگان. کار گەیشتووەتە ئاستێک کە لەم ساڵانەی دواییدا بینیمان سەلەفییەکان هەرکە لە گڵۆپی سەوزی سپای پاسداران دڵنیا بوون، هێرشیان کردووەتە سەر گەنجە چەپەکان و ئەزیەت و ئازاریان داون. جگە لەوەش، دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە خەڵکی کوردی تێیدا دەژین، ڕەوتی سەلەفی لە ژێر ناویبانگەشەی یەکڕیزی ئومەتی ئیسلامیلەدژی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کورد بەکار دێنن.

کوردستانی ئێران، بەهۆی تایبەتمەندییە ناوازەکانی، لەوانە نفووز و کاریگەری قووڵی بیر و باوەڕی سکۆلار، ئازادیخوازانە و سۆسیالیستی، هەرگیز ڕێگەی بە ڕەوتی سەلەفی نەداوە کە ببێتە خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی. سەلەفییەت و ئیسلامیی توندڕەو پشت بەستوو بە هیچ ویست و داواکارییەکی خەڵکی کوردستان نین. سەلەفییەت لە کوردستانی ئێران لە بنەڕەتدا یەکێکە لە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی کوردستان و دەستکردی دام و دەزگا ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و بەرهەمی هاوبەشی سپای پاسداران و ئیسلامییە توندڕەوەکانی کوردستانی عێراقە. لەماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا و لەژێر کاریگەریی پێشهاتە ناوچەییەکان، جموجۆڵی سەلەفییەکان لە مزگەوتەکانی هەندێک ناوچەی پەراوێز کەوتووی بەشێک لە شارەکانی کوردستان و چەند گوندێکدا بینراوە و ئەم ڕەوتە لە بۆنەی جۆراوجۆردا، بە بەڕێوەبردنی مانۆڕگەلێکی کۆنترۆڵکراو و هاوئاهەنگ لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی، بە ئاشکرا خۆی دەرخستووە. خەڵکی کوردستان نە ئیسلامیگەری شیعە و نە ئیسلامیگەری سەلەفییان هەزم نەکردووە. بەڵام لەم قۆناغەدا کە سەرەڕۆیی دەوڵەتێکی شیعە و پەرەسەندنی ستەمی نەتەوەیی و مەزهەبی لەسەر خەڵکی کوردستان، زەمینەی سەرهەڵدانی بۆ جۆرێکی دیکەی ئیسلامیگەری خوڵقاندووە، هەم ئاستێکی زیاتر لە وشیاری و هەم خەباتێکی ڕێکخراوتر لە دژی سەلەفییەت هاوتەریب لەگەڵ خەبات دژ بە دەوڵەتی دەسەڵاتداری ئایینی، پێویستە. بنەبڕکردنیجینایەتەکانیداعشوکۆتاییهێنانبەڕووداوەکانیهاوشێوەیئەوەیکەلەکرۆکوسیڕووسیاڕوویدا،بەبێناسینیڕەگوڕیشەسیاسیوکۆمەڵایەتییەکانیسەرهەڵدانیداعشوهاوشێوەکانی،کەبریتییەلە

هەمان سەلەفییەت و خەباتی جددی لە دژی، مومکین نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-