کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی باڵەکانی ڕژیم دەستیان داوه‌ته‌ پێداهه‌ڵگوتن به‌ یەکتر؟

ئەوی کە لەم ڕۆژانەدا لە ئێران ڕوو ئەدات، بە بەراورد بە دەورەکانی ڕابردوو لە هەموو بارێکەوە ڕواڵەتێکی جیاواز لەم کۆمەڵگایە پیشان ئەدات. هەموو بۆیان دەرکەوتووە کە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئیتر دەرگا لەسەر هەمان پاژنەی پێشوو نا سوڕێتەوە.

لە بواری خەباتی خەڵکدا، گۆڕان لە ئاست و پانتایی ناڕەزایەتییەکان، لە داخوازی و دروشمەکاندا، لە پێکهاتەی چینایەتی ناڕازیاندا، لە تاکتیکی خەبات و هیتردا، بەگشتی هه‌مووی ئه‌وانه‌ باسی گۆڕانكاری گەورە دەکەن کە لە ڕێگەدایە. هەرکام لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قۆناغە باسێكی جیاواز هه‌ڵده‌گرێت. بەڵام یەکێک لەو جیاوازیانەی کە ئەم دەورەیە لە دەورەکانی تر جیا دەکاتەوە، شپرزەیه‌كی بە ئاشکرایە كە به‌ ڕێزەکانی ڕژیمه‌وه‌ دیاره‌. وەک نمونە ئێمه‌ ده‌زانین هەردوو باڵەکەی ڕژیم بۆ مانەوەی كۆماری ئیسلامیی دوو ستراتێژی جیاوازیان هه‌بووه‌ و بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ لە ئاکامی کێشمەکێشە نێوخۆییەکانیاندا خەڵکیان سەبارەت بە سەلماندنی یەکێک لەم دوو ستراتێژیە لە چاوەڕوانیدا ڕاگرتبوو، وە لەم چاوەڕوانییەش وەک ئامرازیک بۆ مانەوەی ڕژیم کەڵکیان وەردەگرت، ئه‌مڕۆكه‌ هەموو ئەوەی کە لەم بوارەدا بە دەستیان هێنابوو، بەبا چووە. ئەوان لە بەرانبەر گوشاری خەباتی خەڵکدا ناچار بوون، ناکۆکی ستراتێژیکی خۆیان وەلا بنێن و بە ڕواڵەت یەک دەست بجوڵێنەوە. بەڵام لەپشت ئەم ڕواڵەتە یەکدەستەیانەوە، لە بەرانبەر خەڵکدا، زۆر شپرزە و سەر لێ شێواو دەجوڵێنەوە و ئاسۆیەکی ڕوونیان لەبەردەمدا نییە. ئەم بارودۆخە لە وه‌رزی مانگی بەفرانباری پاره‌كه‌وه‌ بەم لاوە کە ڕژیم هێشتا لەژێر قورساییەکەی پشتی ڕاست نەبۆتەوە، شیاوی دیتنە. با چەند نمونە لەم سەر لێ شێوایەی کە لە کەمتر لە یەک حەفتەدا بیندراوە دەور بکەینەوە:156

سەرلەشکر ” ڕەحیم سەفەوی” فەرماندەی پێشوی سپای پاسداران و ڕاوێژکاری خامنەیی لە کاروباری نیزامیدا، وتوبووی:” هه‌ندێکجار وا بەزەین دەگات کە دەوڵەت نەبێ، وڵات باشتر بەڕێوەدەچێت، سبەینێکەی قسەکەی وەردەگرێتەوە و بۆ ماوەیەک خۆی لەبەرچاوان وەن دەکات.

ڕووحانیی سەبارەت بە قەیرانی ئەرز دەڵێ:” گران بوونی ئەرزی خاریجی شەڕێکی ڕەوانییە”. بەڵام ڕۆژێک دواتر سەرجەمی ئەم وتانەی ڕەد دەکرێنەوە و لە لایەن وەزارەتی توجارەتی دەوڵەتی ڕووحانییەوە لیستێکی دورو درێژ لە شێرکەتە ئیسم و ڕەسم دارەکان بڵاو دەکرێتەوە کە دۆلاری ٤٢٠٠ تەمەنیان بۆ کڕینی کالا لە خەزانەی دەوڵەت وەرگرتووە و بەبێ هێنانی کالا، بە دوو بەرابەری قیمەت لە بازاڕدا تواندویانەتەوە. عەباس جەعفەری دەوڵەت ئابادی دادستانی تاران دەڵێ تیکدەرانی بازاڕ کە گۆیا خۆیان لە گەورە بازرگانەکانن، گیراون و ئەوان هەڕەشەی ئێعدامیان لەسەرە، بەڵام کاتێک ناوی گیراوەکان ئاشکرا دەبێت، تەنیا کۆمەڵێک گەنجی وەگیان هاتوو و ژمارەیەک لە دوکاندارانی وردە فرۆشن و کەسێک لە دەوڵەمەندەکانیان لەنێودا نابیندرێت. ڕۆژێک لە زمان نوێنەرێکی مەجلیسەوە بەشێوەی ئاشکرا باس لە ئیستیزاح و لابردنی ڕووحانیی دەکرێت و ڕۆژی دواتری بە شاراوەیی قسەکەی وەردەگرێتەوە و بە نوێژەن بوونەوەی کابینەکەی ڕازی دەبێت. ڕۆژێک خۆپیشاندانی خەڵکی خوزستان بە دەستێوەردانی بێگانەکان دەبەستنەوە و ڕۆژێکی تر دەڵێن حەرەکەتەکە لەبنەڕەتدا ئەمنییەتی نییە و خەڵک تەنیا ئاویان دەوێ. ڕۆژێک یەکێک لە فەرماندەکانی سپا دەڵێ کەم ئاوی خەتای ئیسڕائیلە کە لە ڕێگای دوورەوە ئەو هەورانەی دێن بەرو ئێران نا باوەر دەکات، بەڵام هەمان ڕۆژ ئیدارەی کەشناسی ئەم ئیدیعایە ڕەد دەکاتەوە و دەڵی ئەم جۆرە قسانە ئێمە لە دۆزینەی ڕێگا چارەی دروست بەلاڕیدا دەبات. لە ماوەی ١٠ ڕۆژی داوییدا چه‌ندین نمونەی تری لەم چەشنە لە ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆدا دەتوانی بدۆزیتەوە.

ئەم سەر لێ شیواوی و شپرزەییە و ئەم قسە ناکۆکانە لە چیەوە سەرچاوە دەگرن؟ بۆچی باڵەکان بە پێچەوانەی ڕابردوو خەریکی تاریف و تەئید کردنی یەکترن؟ ئایا ئەم بارودۆخەی نێوخۆی ڕژیم نیشانەی بێ ئاکام بوونی بەرجام و گوشارەکانی ئەمریکایە؟ بێگومان ئەم بابەتە کەمترین دەوری لە بەدیهاتنی وەها فەزایەکدا هەبووە. هۆکارەکەشی ڕوونە. لەبەر ئەوەی ئەگەر گرفتەکە تەنیا ئەوە بوایە، ڕژیم ڕێگای دەرباز بوون لێی فێر بووە. کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ئەم گوشارانەدا هەڵی کردووە و تا ئاستێکی زۆر فوت و فەننی دەور دانەوە و سازش کردن و پاشەکشە کردنی ” قارەمانانە” فێر بووە.

له‌ڕاستی دا ئەوەی وا سەرانی ڕژیمی بەم شێوەیە توشی وڕێنە کردووە، هیچ شتێک نییە جگە لە ئاگرێک کە هه‌ر ڕۆژه‌ لە شوێنێکەوە لەبن ژیلەمۆدا دەگەژێتەوە و بڵێسه‌ ده‌ستێنێ. وەحشەت لە ئاخێزی جه‌ماوه‌ری خەڵک، کاری گەیاندۆتە جێگایەک، به‌جۆرێك كه‌ تایبەتمەندی ئەم جۆرە سەردەمانەیە. کۆمەڵێک نوێنەری نان بەنرخی ڕۆژ خۆری مەجلیسی ئیسلامیی لە ئێستاوە کەوتونەتە بیری داهاتوی خۆیان و فرمێسکی درۆینە بۆ خەڵکی بێ ئاو و نان دەڕێژن. باس لە بەرحەق بوونی داخوازی خەڵک دەکەن و خەریکی سەرکۆت کردنی دەوڵەتن.

ئەم دەورەیە هەم بە ئیعتیباری ئاسەواری لاوازیەک کە بە پەیکەری ڕژیمی ئیسلامییەوە دیاره‌ و هەم ئیعتیباری خەباتی بەرینی کۆمەڵایەتی ئێستا، دەتوانێ ببێتە دەورەیەکی گەشەی شۆڕشگێرانە. ئەم دەورەیە لە عەینی حاڵدا دەرفەتێکە بۆ پتەو کردنی ڕیزی شۆڕشی سبەی ڕۆژ، لەنێو کرێکاران و خەڵکی هەژار و ستەم دیتوی ئەم کۆمەڵگایەدا. دەرفەتێکە بۆ پڕ کردنەوەی هەر بۆشاییەک کە تا ئێستا بوونی هەبووە. هەر کرێکارێکی چەوساوە و مافخواز، هەر ژنێکی ئازادیخواز، هەر ئینسانێکی ستەم دیتو بە دەست هەڵاواردن و نا یەکسانییەوە، هەر لاوێکی بێکار کە بەشوێن ئاسۆیەکی ڕووندا دەگەڕێ بۆ داهاتووی، هەموو ئەوانەی کە لە دزی و گەندەڵی و پێشێل کرانی مافە سەرەتاییەکانی ئینسان لەم وڵاتەدا ناڕازین، هێزێکی ئامادەن کە دەبێ پێگەی شیاوی خۆیان لەم خەباتە ڕزگاری بەخشەدا بدۆزنەوە.