کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆردومانی زیندانی ئێڤین: مرۆڤایەتی لە بەرامبەر وەحشیگەریدا

5204305

بۆردومانی زیندانی ئێڤین: مرۆڤایەتی لە بەرامبەر وەحشیگەریدا

ئەرتەشی جینایەتکاری ئیسرائیل بەپێی پلانێکی پێشوەختە دیاریکراو، کاتژمێر ١٢ و پێنج خولەکی سەرلە نیوەڕۆی ٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥، بەرامبەر بە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤، لە گەرمەی کاتی کارکردندا، زیندانی ئێڤینی بۆردومان کرد. کۆماری ئیسلامیی داماو و کۆنەپەرست تەنیا ژمارەی کوژراوانی خۆی ڕاگەیاندووە کە ٧٩ کەس بوون و تا ئێستا ژمارەی قوربانیانی بەندکراوی بە فەرمی ڕانەگەیاندووە. بەشێوەیەکی گشتی هەموو ئەو ڕاپۆرتە فەرمییانەی تا ئێستا سەبارەت بە هێرشەکە و ئەنجامەکانی بڵاو کراوەتەوە، پڕن لە درۆ و چەواشەکاری. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەو هەواڵانەی لەلایەن زیندانیانی سیاسی ڕزگاربووەوە بەدەست دەگەن، بەشێک لە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن.

محەممەد حەسەن پوورە، چالاکوانی فەرهەنگیی زیندانیی، لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناویبە چاوی خۆمان هەم دۆزەخمان بینی و هەم مرۆڤ مانەوەنووسیویەتی: “رۆژی دووشەممە ٢ی پووشپەڕ، بەشێک لە دیواری زیندانەکە ڕووخا و کەلێنێکی وەک ڕێگەی هەڵهاتن دروستکرد، کۆمەڵێک زیندانی بەرەو ئەو شوێنە ڕۆیشتین و لەگەڵ دیمەنێکی دڵتەزێن بەرەوڕوو بوینەوە: زەوی ژێر پێمان پڕ بوو لە تەرمی بریندار و کوژراوەکان. ژمارەی بریندارەکان ئەوەندە زۆر بوو کە هەموومان تووشی شۆک بووین، ئەمەش وایکرد دەستبەرداری هەڵهاتن بین و بڕیار بدەین هاوکاریی بریندارەکان بکەین. هەربۆیە یەکسەر چووین بەهانای نەخۆشخانە و ستافی پزیشکییەوە کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردبوو. مەگەر دەکرا خانمی مەکارەم ئەو دکتۆرە میهرەبانە، بە دەستی پەڕیوەوە جێ بهێڵیت؟ مەگەر دەکرا دکتۆر ئەحمەد وەحیدی بە ڕووخسارێکی بریندار و قاچێکی شەلەوە بەجێبهێڵی و ڕابکەی؟. محەممەد حەسەن وێڕای وەسفکردنی ئەم ئاستە لە مرۆڤدۆستی و فیداکاریی، ئاماژە بە هاتنی هێزە ئەمنییە ترساو و دڕندەکان دەکات و دەڵێت: “ئێمە سەرقاڵی یارمەتیدان و ڕزگارکردنی بریندارەکان و دەرهێنانی تەرمەکان بووین لەژێر داروپەردوو، کاتێک هێزە ئەمنییەکان سەرلێشێواوانە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە ترس و لەرزەوە ڕووی چەکەکانیان ئاراستەی ئێمە کرد و بردیانین بەرەو بەندی چوار کە دەرگا و دیوارەی هەمووی داڕمابوو“.

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لایەن ئەبولفەزل غەدیانی و مێهدی مەحمودیان دوو زیندانیی سیاسییەوە سەبارەت بە بۆردومانی زیندانی ئێڤین بڵاوکراوەتەوە، دیمەنێک دەگێڕدرێتەوە کە بە دەگمەن لە مێژووی جیهاندا دەیبینین، ساتێکی سەرسوڕهێنەری کە سنووری نێوان دیلبوون و ئازادی، دەسەڵات و شەرافەت، مانایەکی نوێ وەردەگرێت. ئەوان دەگێڕنەوە کە: دەوروبەری نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، زیندانی ئێڤین بە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی یەک لە دوای یەک لەرزی. دوو سێ تەقینەوە لەنزیک بەندی چوار ڕوویدا و کاتێک زیندانییەکان لە دەرگای بەندەکە هاتنە دەرەوە، بینیان کە نەخۆشخانەکە چەند مەتر دوورتر لەوانەوە لە ئاگردا دەسووتێت و کۆگای خۆراک و کەلوپەلی بێهداشتی زیندانەکە وێران بووە. بەشێک لە زیندانییەکان بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان چوونەتە ناو نەخۆشخانەکە و ژمارەیەک لە کوژراو و بریندارەکانیان دەرهێنا. لە هەمان کاتدا، بەندی ئەمنییەتی زیندانەکە، کە دەیان زیندانیی لەناو ژوورە تاکەکەسییە ترسناکەکانیدا بەندکرابوون، زیانی پێگەیشت. دەرگاکان کرانەوە و زیندانییەکان و مەئموورانی ئەمنییەتی بە ترس و خۆفەوە لە نەخۆشخانەکە هاتنە دەرەوە. تا نزیکەی کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ، لە کاتێکدا ژمارەی مەئموورانی زیندان و هێزە ئەمنییەکان کەم بوون، تەرمی نزیکەی ١٥ بۆ ٢٠ کارمەندی بەشی پزیشکی، زیندانیان، کۆگاکان و مەئموورانی بەندی ٢٠٩ لەلایەن خودی زیندانییەکانەوە لە ژێر داروپەردوو دەرهێنران”.

لەو ساتەوەختە ترسناک و مەترسیدارەدا ئەوەی بۆ زیندانییەکان سروشتی دەهاتە بەرچاو، هەڵاتن بوو لە دەست ستەم و سەرەڕۆیی، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە هەمووی باس لە فیداکاریی و لەخۆبردوویی دەکات. لە وەها ساتەوەختێکی ئاڵۆز و بێسەرەوبەرەدا، سروشتییە بیر لە هەڵهاتن بکرێتەوە. بەڵام زیندانییەکان، بەبێ هیچ ئامرازێکی خۆپارێزی، خۆیان فڕێ دەدەنە ناو ئاگر و وێرانەکان و تەرمی بریندار و بێ گیانی کارمەندانی زیندانەکە دەردەهێنن، تەنانەت کاتێک زیندانییەکان و مەئموورانی بەندی ئەمنییەتی ٢٠٩ بە ڕوخسارێکی ترساوەوە هاتنە دەرەوە، بەبێ بچووکترین جیاوازی لە نێوان زیندانییەکان و مەئموورانی لێپرسینەوە، بە هانای بریندارەکانەوە دەچن. لەو ڕۆژەدا زیندانیانی بەندی چوار لەگەڵ هەڵبژاردەیەک بەرەوڕوو دەبنەوە لە نێوان ڕزگارکردنی خۆیان لە دەست ستەم و سەرەڕۆیی یان ڕزگارکردنی کەسانی تری خاوەن هەر بۆچوون و بیروباوەڕێک. ئازادی جەستەیی خۆیان لەپێناو ژیانی کەسانێکدا فیدا کرد کە پێشتر لە بەرامبەریاندا وەستابوون. ئەوان نە تۆڵەیان کردەوە، نە بە توندوتیژی وەڵامی توندوتیژییان دایەوە، بەڵکوو بە سادەترین و شەرافەتمەندانەترین شێوە، مرۆڤ مانەوە و مانایان بە مرۆڤایەتی بەخشی و ئەمەش ئەو ساتەیە کە مرۆڤدۆستی دیوارە بەرزەکانی زیندان تێدەپەڕێنێ و لە یادەوەری مێژوودا دەمێنێتەوە.

بەڵام هەر لەو سەرزەمینەی کە ئەم زیندانیانە گیانی زیندانوانەکانیان ڕزگار دەکەن، لە چەندین سەردەمی جیاوازدا لە شەقامەکانیدا، لە خەزەڵوەری ٩٨ و لە ڕۆژەکانی ئاخێزیژن، ژیان، ئازادی، لە ساڵی ١٤٠١دا دیمەنێکی پێچەوانە ڕوویدا، مەئموورانی حکوومەت، نەک لە جەرگەی شەڕدا، بەڵکوو لە ئارامیی شەقامەکاندا، ڕووی چەکەکانیان لە خەڵک کرد. تەرمی گەنجانی ئەم وڵاتەیان خەڵتانی خوێن کرد، چاویان کردنە ئامانجی گوللەی ڕاستەوخۆ و دانیان بەوەدا ناوە کە نەک هەر لە سەریان، بەڵکوو تەقەیان لە قاچیشیان کردووە. نەک بۆ ڕزگارکردنی گیانی کەس، بەڵکوو بۆ پاراستن و مانەوەی دەسەڵات. تەنانەت لە هەمان ڕۆژی هێرش بۆسەر سەر زیندانی ئێڤین، تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای دامرکانەوەی شۆکی بۆردومانی زیندان، هێزەکانی سپا و وەزارەتی ئیتلاعات، ڕووی تفەنگەکانیان کردە ئەو زیندانیانەی کە هێشتا سەرقاڵی هاوکاریکردن بوون. لە دۆخێکدا کە هێشتا ئەگەری هێرشی دووەم لەئارادا بوو، ئەو دەرگایانەی کە کرابوونەوە سەرلەنوێ قوفڵ کرانەوە. ئاو بڕا، کارەبا کوژایەوە و تاریکی سەرلەنوێ هەموو شوێنێکی داگرت.

بەڵام حەقیقەت، پێش ئەوەی دەرگاکان دابخرێن، پێکهاتبوو: زیندانیانی سیاسیی، بە جەستەی بریندارەوە بەڵام بە دڵێکی ئازاد، کارێکیان کرد کە مێژوو فەرامۆشی ناکات. ئەوان نیشانیان دا کە ناتوانرێت شەرافەت کۆت و زەنجیر و مرۆڤایەتی سەرکوت بکرێت.