ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕشەمە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، دوو ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین لە شاری سنە لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و بە زۆرەملی ئەو دوو هاوڵاتیە کە هاوژینی یەکن دەستبەسەر دەکرێن و بۆ یەکێک لە بنکەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەگوازرێنەوە.
هاوڵاتیەک کە شایەتحاڵی ئەو ڕووداوەیە گرتە ڤیدیۆیەکی لە ساتی پەلامار و دەستبەسەر کردنی ئەو دوو هاوڵاتیە بە ناوەکانی “واران محەمەد-نژاد” و “پەیام میری” خەڵکی گوندی تەنگیسەر تۆمار کردووە کە تێیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە لە کاتێکدا ئەو دوو هاوڵاتیە تەنانەت بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە بە توندی هەڕەشەیان لێ دەکرێت و دەستبەسەر دەکرێن.