سبەینێ ٨ ی مانگی مارس بەرابەر لەگەڵ ١٧ ی مانگی ڕەشەممە، ڕۆژی جیهانیی ژنە. ئەم ڕۆژە مەزنە مێژوییە لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز پیروزبێت. ژنانی ئێران لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا شان بە شانی چینی کرێکار زۆر ترین ئازار و چەرمەسەریان بەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە چێشتوە. سوکایەتی و بێ مافی ژنان لە ئێرانی ژێر دهسهڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، سنورێک ناناسێت. کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵدا تا بە پشت بەستن بە باوەڕی مەزهەبی، ستەم لەسەر ژنان دەرونی بکاتەوە و ئەوان ڕازی بە پێگەی ژێر دەستەیی خۆیان بن و ئهو بارودۆخه به چارهنووسی سرووشتی خویان بزانن، بەڵام نەک هەر لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بۆرکانی قین و توڕەیی و نەفرەتی كۆمهلی ژنانیشی زیاتر هەڵخراند. ئەگەر ئەمرۆ لە هەرکوێیەک خەبات و تێکۆشانێک بوونی هەیە، ژنان لە ڕیزی پێشەوەیدا دەبینین، ئهوه تەنها بەشێکی چکۆلەیە لەو شەپۆلە گەورە و خورۆشاوەی کە لە ڕێدایە. وشیاریەکی کۆمەڵایەتی بەرز، باهوڕ به خۆ و سەرسەختی و قاتعیەتێکی کەم وێنە لە بزوتنەوەی ڕزگاری ژندا لە ئێران لەحاڵی شکڵ گرتن دایە. بێ گومان ئەم بزوتنەوەیە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا دەبێتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی شۆڕشی داهاتووی ئێران. شۆڕشێک کە لە هەر هەنگاوێکیدا یەکێک لە بهربهستهكانی سهر ریگای ئازادی ژنان ڕادهمالێ.
ئیستراتیژی ئێمە لە بزوتنەوەی ژناندا لەسەر ئەو هێلانەی خوارەوە دامەزراو:
– داواکاری ژنان بۆ رزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالاری و لە کۆیلەتی یاسا مەزهەبییەکان، ودابین بوونی یەکسانی ڕەگەزی لە داواکاریەکانی چینی کرێکار بۆ ڕزگار بوونی لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری جیا نییە. بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار، ڕزگار بوونی ژنان لە ستەمکێشی و بێ مافی، مەرجی بەرەوپێش چوونیانە بۆ ڕزگار بوون لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری.
٢ – خەبات بۆ دابین بوونی یەکسانی ژن و پیاو، تەنیا ئەرکی ژنان نییە، بەڵکو ئەرکی سەرجەم ئەو ئینسنانەیە بە ژن و بە پیاوەوە کە لە ڕێگای ڕزگار بوونی بەشەر لە بەندی ستەم و ئیختیناق و چەوساندنەوەدا خەبات دەکەن. خەباتی یەکسانی تەلەبانە و ئازادی خوازانەی ژنان، نابێ بەرتەسک بکرێتەوە بە خەباتی خودی ژنانەوە. ٣ – دەستەبەر بوونی داخوازی یەکسانی خوازنەی ژنان لە گرەوی جەماوەری بوونەوەی خەباتی ژناندایە. بۆ بوونی بزوتنەوەی ژنان بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و کۆماڵایەتی دەبێ جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستێکی ملیۆنیدا بێنە گۆڕەپانی ئەم خەباتەوە. بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارەش دەبێ جەخت لەسەر سەربەخۆیی ئابووری ژنان و لەسەر دواخوازی و نیازە ڕیفاهیەکانی ژنان بکرێتەوە و مەسیری دەستەبەر بوونی ئەم داخوازیانە نیشان بدرێت. تەرحی داخوازیەکان لە ” بەیانیەی مافەکانی ژن” دا، ڕێ پیشاندەرمانە لەم ئاڕاستەیەدا.
٤ – بزوتنەوەی ژنان بەو داخوازیانەوە کە هەیەتی لە یەکەم هەنگاودا بەرەو رووی بەربەستی ئیختیناقی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە. بۆ پاشکشە کردن بە ئیختیناقی کۆماری ئیسلامی، هاوکاری و ئیتیحادی عەمەل لەگەڵ بزوتنەوە دیموکراتیکەکانی تر پێویستە. لە هەمانحاڵدا دەبێ دەست بکرێت بە ڕەخنە و رۆشنگەری سەبارەت بەو ڕەوتە لیبڕالیانەی کە لە بزوتنەوەی ژنان تەنیا وەک نێردیوانێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات کەڵک وەردەگرن.
٥ – ژنان لە گەڵ ئەوەدا کە لە شوێنەکانی کار و ژیاندا لەگەڵ پیاوان لە ڕێکخراوە جۆراو جۆرە سیاسی و چینایەتیەکاندا ڕێک دەخرێن، پێویستە بە ئامانجی هەرچی جەماوەری تر بوونەوەی بزوتنەوەی ژن، لە ئاستی بەرینتردا ڕێکخراوەی ڕادیکاڵ و پێشڕەوی خۆیان دروست بکەن. بەرەو پێش بردنی ئەم ئیستراتیژیە لە عەینی حاڵدا لە خزمەت دەستەبەر بوونی ئەم داخوازیانەی خوارەوەدایە :
دابین بوونی یەکسانی بە تەواوەتی ژن و پیاو لە گشت بوارەکانی ژیانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا. ژنانی ئێران دەبێ بە شێوەیەکی یەکسان خاوەنی مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران لە سەرجەم ئۆرگانەکانی یاسادانان، قەزایی و ئیجراییدا لە سەرجەم ئاستەکانی وڵاتدا، بن. هەموو قانون و یاسا و ڕێسایەک کە ئازادی ژنان لە پۆشینی جل وبەرگدا بەرتەسک دەکاتەوە، وەک یاسای حیجابی ئیجباری، دەبێ هەڵبوەشێتەوە. کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرە یاسا و ڕێسایەکی پێوەندیدار بە هەڵاواردنی ژنان و پیاوان لە کۆبوونەوەکان، مەدرەسە و زانکۆکان، شوێنەکان و نێو ئامرازەکانی گواستنەوەی گشتیدا.
دانی حه ق ده ستی یەکسان بۆ کاری وەک یەک بە ژنان و پیاوان، بیمە کۆمەڵایەتیەکانی وەک یەک بۆ ژنان و پیاوان، بەهرەمەند بوون لە مافی دوو رۆژ مەرەخەسی مانگانە بۆ ژنانی شاغڵ، قەدەغە بوونی سپاردنی هەر جۆرە کارێکی زیان ئاوەر بە ژنانی دووگیان، قەدەغە بوونی دەرکردنی ژنانی دووگیان بەهەر بیانویەک. بەهرەمەند بوون لە ١٦ حەفتە مەرەخەسی بۆ دەورانی دووگیانی و ساڵێک مەرەخەسی بۆ ئاگاداری کردن لە منداڵ بە تەوافوقی هەردوو لا لە لایەن ژن و مێردەوە. ئازادی لە باری هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی هاوسەرەوە، بەڕەسمی ناسرانی هاوسەرگیری لە ڕێگای تۆمار بوون لە دەفتەرە دەوڵەتیەکاندا، قدەغە بوونی سیغە و چەند هاوسەری، یەکسانی حقوقی ژن و پیاو لە بواری تەلاق و سەرپەرستی کردنی منداڵدا، قەدەغە بوونی هاوسەرگیری ژنان و پیاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ.
ژن و پیاو دەبێ لە ماف و بەرپرسیاریەتی وەک یەک لە بەرانبەر یەکتردا، لە بەرانبەر منداڵ و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، بەهرەمەند بن. شوێنی ژیان دەبێ بە ڕەزامەندی هەردوولا دیاری بکرێت. مافی ژنان بۆ کار کردن و سەفەر کردن نابێ مەرجدار بێت بە ئیجازەی هاوسەرەوە. سەرجەم ئەو یاسا شەرعی و عورفیانەی کە لەژێر ناوی دیفاع لە ناموسدا، تاوانی ئەوانەی جەنایەتیان لەدژی ژنان ئەنجامداوە کەم دەکەنەوە هەڵدەوەشێتەوە. بۆ ئەو جورم و جەنایەتانەی کە نیسبەت بە ژنان، لەژێر ناوی دیفاع لە ناموس و شتی لەم چهشنه بەڕێوەدەچێت، سزای قورس دیاری بکرێت. هەموو جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانیەکی نێوان ژن و پیاو لە قانونی پێوەندیدار بە بهش كردنی میرات، دابەشکردنی ماڵ و داراییەکان و ئیمتیازاتی یاسایی پیاوان و پشتاوپشت لە باوەکەوە، لە تهوهری سەرپەرستی کردندا هەڵدەوەشێتەوە.
پێوەندی تایبەتی ژن و پیاو دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و لە هەموو هیرش و هەڕەشەیەک پارێزراو بێت. دخاڵەتی کەسان و مەڕاجعی دەوڵەتی لە ژیانی خوسوسی ژن و پیاودا بەتوندی قەدەغەیە. ئەو ژنانەی کە بەبێ هاوسەرگیری دەبنە خاوەنی منداڵ دەبێ لە هەموو مافێکی تاكهكهسی و کۆمەڵایەتی دایکایەتی بەهرەمەند بن.