کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامە سەبارەت بە پێویستی یەکگرتووی چەپ لە کوردستان

 

بە لەبەر چاو گرتنی هەلومەرجی ئێستای کۆمەڵگای ئێران و کوردستان، کە بنەڕەتیترین تایبەتمەندیەکەی بریتییە لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی کرێکاران و باقی بێبەشان و خەڵکانی زوڵم لێکراو، بە لەبەرچاو گرتنی ڕوون بوونەوەی ڕیزبەندییە سیاسییەکان و هەروەها بە سەرنجدان بە نزیک بوونەوەی کۆمەڵگای ئێران لە ئاخێزێکی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە، شكڵ پێدان بە جەمسەرێکی ڕێكخراو و بەهێزی چەپ و سۆسیالیست لە کوردستان، لە هەموو کات زیاتر بووەتە پێویستیەکی حاشا هەڵنەگری خەبات. بە لەبەر چاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە و ڕۆڵی مێژوویی کۆمەڵە وەک بەستێنی سەرەکی ڕەوتی چەپ و سۆسیالیست لە کۆمەڵگای کوردستاندا، و بە سەرنجدان بە بەهێزکردنی بزوتنەوەی چەپ وەکوو سەرەکیترین ئەولەویەتی ڕەوتی ئێمە لە ئێستادا، کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە لە درێژەی هەوڵەکانی تاکوو ئێستای، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە جارێکی تر دەخاتە دەستووری کاری کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە.

یەکەم- گرتنەبەری ئاراستەی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی چەپ، لەسەر ئەساسی کردەوەی هاوبەش و بیروڕای جیاواز. ئەم جۆرە لە ئاراستەیە دەکرێ لە ڕێگای سمینار، کۆڕ و کۆبونەوەی گشتی و پێوەندی بەردەوام، بەدواداچوونی بۆ بکرێ تا لە لایەک بە یەکدەنگی و هاوڕابوون لەسەر کۆسپەکانی بەردەم شکڵپێدان بە بەرەیەکی چەپ و کردارێکی یەکگرتووانە و خەباتێکی کاریگەر بگەین و لە لایەکی ترەوە بۆ چارەسەر کردنی ئەم کۆسپانە هەنگاوی کرداری، ڕاستەقینە و هاوبەش لە دەستوری کارماندا دابنێین. هەر لەم پێوەندەدا ئێمە هەموو ئەو هێز و هەڵسوراوانەی کە خۆیان بە بەشێک لە ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان دەزانن بۆ هاوکاری، دیالۆگ و هەنگاو گەلی کرداری بانگەواز دەکەین.

دووهەم- دوورکەوتنەوە لەو کردەوانەی کە بەستێنی یەکگرتوویی لاواز دەکا، هۆکاری پەرتەوازەیی نێوان هێزەکان و هوڵسوڕاوانی چەپ خۆش دەکا و پێک هێنانی ڕێکخراوێکی بەهێز و بەربڵاو لەگەڵ کۆسپی جدی بەرەوڕوو دەکات. لەوانە ڕەخنە گرتن لە فەرهەنگێک کە خاڵە هاوبەشەکانی ‌هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەبەرچاو ناگرێ و بەردەوام جیاوازییەکان بەرجەستە دەکا و ئەوە بە هۆکارێکی “پاساو‌ەهەڵگر” بۆ پەرتەوازەیی ئەم هێزانە دەزانێ. فەرهەنگێک کە حیزب و ڕێكخراوی سیاسی وەکوو ئامرازێک بۆ بەرەوپێش بردنی ئەو شتەی کە پێی دەڵێن “خەباتی ئیدۆلۆژیک” چاو لێدەکات نەوەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی گۆرانکاری و بەرەوپێش بردنی خەبات و هەڵسوڕانێکی ئاکامداری کۆمەڵایەتی. کۆمەڵە خۆی بە بەرپرسیار و مەسئوول دەزانێ کە لە هەردوو مەیدانی تئۆری و پراکتیکدا ڕەخنە لەم فەرهەنگە سیاسی و شێوەکارە بگرێ، تاکوو هەم ڕێكخراوی حیزبی بەهێز بکا و هەمیش هەوڵ بۆ پێکهێنانی خەباتێکی یەکگرتووی بەربڵاوی کاریگەر بدات. ئەم شێوە کارە لە ئاستی سەرتاسەریشدا دەبێتە هۆی یەکگرتوویی و بەهێز بوونی سیاسەتی حیزب لەم پێوەندەدا.

سێهەم- هەوڵدان بۆ پێکهێنانی جەمسەرێکی چەپ لە کوردستان هەمیشە بەشێکی گرنگ بووە لە ئامانجەکانی ڕەوتی ئێمە. بەڵام هەوڵەکانی تاکوو ئێستا بەهۆی ئەو فەرهەنگەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا و هەروەها بەهۆی کێشەکانی ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەداخەوە بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەدیووە. کنگرە بە ڕەخنە گرتن لە کۆسپەکانی بەردەم هەوڵەکانی تاکوو ئێستای ئێمە لەم بابەتەوە، هەروەها بە لەبەر چاو گرتنی هەلومەرجی ئاڵۆزی ئێستای کۆمەڵگا هەوڵ بۆ گۆڕانکارییەکی جیدی و ئەرێنی لەم بابەتەدا دەخاتە دەستووری کاری کۆمەڵەوە.

چوارەم- ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەو سیاسەت و بڕیارانەی ڕابردوو کە بە کردەوە کۆسپ بوون لەبەردەم ڕێكخراوبوونی هەڵسوڕاوانی چەپ. لەم پێوەندەدا بە شێوەیەکی دیاریکراو کۆنگرەی ١٨ ئەو سیاسەت و بڕیارە دەداتە بەر ڕەخنە کە لە ساڵی ٢٠٠٩ی میلادی بووە هۆی وەلانانی کۆمەڵێک لە هەڵسوڕاوانی کۆمەڵە کە لە ژێر ناوی “فڕاکسیۆنی هەڵسوڕان بە ناوی کۆمەڵە”ەوە بوونی خۆیان ڕاگەیاند و دواتر “ڕەوەندی سۆسیالیستی کۆمەڵە”یان پێکهێنا. سەرەڕای هەر ڕەخنەیەک کە لە شێوەی هەڵسوڕانی ئەو هاوڕێیانە لەو سەردەمەدا بوومانە، بڕیاری دەرکردنیان بە پێچەوانەی سیاسەت و هەوڵەکانی کۆمەڵە بۆ ڕێکخستنی هەڵسوڕاوانی چەپ بووە. ڕەخنە لە شێوازی هەڵسوڕانی ئەو هاوڕێیانە، دەکرا لە چوارچێوەی پێوەرە حیزبییەکان و بە تایبەت پێداگری لەسەر قەبووڵی فرەیی بیروڕای سیاسی و  کاری هاوبەشی حیزبی چارەسەر بکرێ. لەو ڕووەوە کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە، وێڕای بەهەڵە زانینی ئەو بڕیارە، کە لە فەرهەنگێکی ناکارای سیاسی بەسەر هەڵسوڕانی ئێمەوە سەرچاوەی گرتبوو، لە چوار چێوەی هەنگاوە بەربڵاوەکانی خۆیدا بۆ وڵام دانەوە بە پێویستی شكڵ پێدان بە بەرەیەکی ڕێكخراوی چەپ، بە شێوەی دیاریکراو لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە دەکەوێتە گفتوگۆ و دیالۆگەوە.

 

کۆنگرەی ١٨ی کــــــــــــــــــۆمـــــــــــــــەڵــــــــــــــــە

ڕێكخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

-

پەیامی کۆنگرەی ۱٨ کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان

-

پەیامی کۆنگرەی ۱۸ کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی

-

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

-

بڕیارنامە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد وەک مەسەلەیەکی هه‌رێمی

-

بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە سەبارەت بە خەباتی یەکگرتووانەی مامۆستایان

-