کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد وەک مەسەلەیەکی هه‌رێمی

 

١.  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک لە ناوەندەکانی قەیرانی سیاسییە لە جیهانی ئەمڕۆ دا. ئەم ناوچەیە بۆتە خاڵی بەیەک گەیشتنی بەرژەوەندیە دژ بەیەکەکانی هێزە ئەمپریالیستی و دەوڵەتە بۆرژوازیە ناوچەییەکان. ململانێ بۆ دەستەبەر کردنی هەژمونی و دابینکردنی بەرژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی ئەم زل هێزانە، ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی خستۆتە ناو شەڕێکەوە کە بە هیچ شێوەیەک پێوەندی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمڕۆ و سبەی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکەوە نییە. ئەم دەوڵەتانە خواستی خۆیان لە ڕێگای لەشکەر کێشی و دەست تێوەردانی ڕاستەوخۆ و هەروەها لەڕێگای شەڕە نیابەتییەکانەوە دەستەبەر دەکەن. کوشتوبڕی خەڵکی بێ دیفاع لەم ناوچەیە لە وڵاتەکانی عێراق، سوریە، لیبی، یەمەن و ئەفغانستان گەیشتۆتە ملیۆنان کەس و ئاوارە و ماڵ وێران بوونی بە دەیان ملیۆن کەسیتر. پەرە بە کێشە نەتەوایەتی و ئایینیەکان دەدرێ و بەشێک لەو خەڵکانەی کە هاوچارەنووسن و لە پەنای یەکتردا ژیاون، لە گیانی یەکدی بەردەدەن.

٢. ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ئەم قەیرانانەدان. خەڵکی کورد لە نێوان چوار دەوڵەتی ناوچەکە لەوانە تورکیە، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش کراون. مەسەلەی نەتەوایەتی کورد یەکێک لە مەسەلە چارەسەر نەکراوەکانی ناوچەکەیە. ئەم خەڵکە لە بوونی ستەمی نەتەوایەتی، واتە هەڵاواردن لەسەر بنەمای نەتەوایەتی ئازار دەچێژن و هەر بەو هۆیەوە بزوتنەوەی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی لە هەموو ئەو وڵاتانە وەک کاردانەوە بەرامبەر بەو  هەڵاواردن و نابەرابەری و بێ مافییە لە ئارادایە. ڕێبەری ئەم بزوتنەوانە لە دەستی هێز و لایەنە لیبڕاڵ و ناسیۆنالیستەکاندایە کە خاوەنی پێشینەی مێژوویی و ستراتێژی سیاسی جیاوازن. بەڵام لە کوردستانی ئێران کۆمەڵە وەک لایەنێکی سۆسیالیست کە بەردەوام ئاڵا هەڵگری خەبات لەپێناو داواکاری ئابووری، خۆشگوزەرانی و دیمۆکراتیکی کرێکاران و چینە زەحمەتکێشەکان و ژنانی زوڵم لێکراوی کۆمەڵگا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شێلگیرترین هێز بۆ خەبات لەدژی ستەمی نەتەوایەتی بووە. کۆمەڵە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی زوڵم لێکراو بە هێزی بزوێنەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی دیموکراتیک و ئازادیخوازانە لە کۆمەڵگادا دەزانێ و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بە هاتنە مەیدانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتیانەیە کە پێش مەرجەکانی چارەسەری دیموکراتیکی مەسەلەی نەتەوایەتی مسۆگەر دەبێت. هەروەها کۆمەڵە وەک هێزێکی ئەنترناسیۆنالیست کە بەهێز کردنی هاوپشتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و زوڵم لێکراو لە ناوچەکە بە ئەرکی خۆی دەزانێ، هەروەها ئەوەش بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە سیاسەت و ڕێگا چارەی خۆی بەرامبەر بە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی ناوچەیی، بخاتە دەستوری کاری خۆیەوە.

٣. ستەمی نەتەوایەتی، لەو وڵاتانەی کە خەڵکی کوردی تیایدا دەژین، سیاسەتێکی زاڵمانەیە کە بە پشت بەستن بە بنەما ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییە زاڵەکانی ئەو کۆمەڵگایانە بەسەر خەڵکی کورد دا دەسەپێنرێت. ستەمی نەتەوایەتی ئامرازێکە بۆ پەرتەوازە کردنی ڕیزەکانی چینی کرێکاری ئەم نەتەوە جیاوازانە. خەبات بە دژی ئەم ستەمگەریە ڕەوایە و ستەمی نەتەوایەتی دەتوانێ و دەبێ لە ڕێشەوە چارەسەر بکرێت.

٤. بوونی ستەمی نەتەوایەتی، لەوانە ستەمکێشی ژن، دیکتاتۆڕی و زەبر و زەنگی سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاوە و هتد…، هۆکارێکە بۆ دروست بوون و پەرەسەندنی پەرتەوازەیی هەرچێ زیاتر لە نێوان کرێکارانی سەر بە نەتەوە جیاوازاەکان، ئامرازێکە لەدەستی دەوڵەت و سەرمایەدارە ناوچەی و سەرتاسەریەکاندا بۆ بەردەوامیدان بە هەژمونی سیاسی و ئابووری خۆیان بەسەر ژیانی خەڵکەوە. بوونی ئەم ستەمە ڕواڵەتی ڕاستەقینەی بۆڕژوازی کورد کە هاوبەرژەوەندە لەگەڵ بۆرژوازی سەراسەری بۆ هێشتنەوەی دەرەجەیەک لە ستەمی نەتەوایەتی، لە چاوی کرێکاران دەشارێتەوە.

٥. بزوتنەوەی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی لە کوردستان کاردانەوەیەکی جەماوەرییە بە دژی هەڵاواردن، نابەرابەری و بێ مافی خەڵکی کورد. هەر بەم هۆیەوە بزوتنەوەی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی لە بەشەکانی تری کوردستان بە هۆی ناوەڕۆکە دیمۆکراتیک و دادپەروەرانەکەی جێی پشتیوانییە. کاریگەری ئێمە بەسەر ئەم بزوتنەوەیەوە دەبێ بە ئاراستەی پاراستنی ئەم جێگا و ناوەڕۆکە بێت.

٦. لەو ناوچانەی کە خەڵکی کورد و غەیرە کورد لەگەڵ یەکدیدا دەژین، کۆمەڵە نەک تەنیا بە دژی هەر جۆرە جیاکاری و هەوڵدان بۆ جیاکاری لە نێوان خەڵکی کورد و غەیرە کورد، لێبڕاوانە خەبات دەکات، بەڵکو بە پشت بەستنن بە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان و جەخت کردنەوە لەسەر پێناسەی ئینسانیان بۆ پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوپشتی لە نێوان ئەو نەتەوانەدا هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ.

٧. بە هۆی ئاڵوگۆڕی ئابووری و  زاڵ بوونی سەرمایە بەسەر جیهاندا، چینی سەرمایەدار و خەڵکانی دەوڵەمەندی کۆمەڵگا هیچ  هۆکار و پاڵنەرێکیان بۆ خەبات لە ڕێگای نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتیدا نییە. لە ئاکامی ئەم ئاڵو گۆڕانەدا، ئەحزاب و هێزگەلێک کە نوێنەرایەتی سیاسی چینی دەوڵەمەندی کۆمەڵگایان لە ئەستۆیە، چ لە ڕووی بابەتییەوە و چ لە ڕووی مێژوویەوە توانایی چارەسەری دیموکراتیکی مەسەلەی نەتەوایەتیان بە ئاراستەی بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی ستەم لێکراوی کوردستان لە دەست داوە و بزوتنەوەی نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە خواست و بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی خۆیان بەکار دێنن.

٨.  بە هۆی ئەو دەور و نەخشەی کە بوونی ئازادییە سیاسییەکان و  نەمانی هەڵاواردن و ستەمی نەتەوایەتی لەسەر پرسی ڕێکخراو بوونی چینی کرێکار هەیەتی، ئەو چینە خوازیاری بەربڵاوترین ئاڵوگۆڕی دێموکراتیک لە کۆمەڵگادایە. چینی کرێکار نەک تەنیا هیچ بەرژەوەندیەکی لەگەڵ مانەوەی هیچ جۆرە ستەمێک نییە، بەڵکو شێلگیرانە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ئەو ستەم و نابەرابەریەی کە مرۆڤەکان بە پێی نەتەوەکەیان دەخاتە ژێر باری ستەمەوە.

٩. لە هەناوی خەباتی چینایەتیدا و بوونی بزوتنەوەگەلی کۆمەڵایەتی جیاواز و ئیدئۆلۆژی و مەکتەبە سیاسییە جیاوازەکانی وەک ناسیۆنالیزم، لیبڕالیزم و سۆسیالیزم، کۆمەڵێک لە ئەحزاب و گروپە سیاسییە جیاوازەکان شکڵیان گرتووە کە هەرکامە بەپێی ستراتێژێکی سیاسی جیاواز بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی خەبات دەکەن:

لیبڕالیزم ئاراستەیەکی بۆرژواییە کە هەوڵدەدا بزوتنەوەی کوردستان لە ناوەڕۆکە دیموکراتیک و ئازادی بەخشەکەی خاڵی بکا و بە ئەنجامدانی هەندێک چاکسازی ‌لەسەرەخۆ و هەنگاو بە هەنگاوی ئیداری و دانی هەندێک ئیمتیاز لە بواری فەرهەنگی نەتەوایەتی، جۆش و خرۆشی خەباتی خەڵکی کورد لەم یان لەو وڵات دابمرکێنێتەوە. ئەوان لە پێوەندی بزوتنەوەی کوردستان لەگەڵ خەباتی سەرتاسەری و هەروەها لە پێوەندی بزوتنەوەی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان نیگەرانن. ئەو ڕێگە چارانەی کە ئەم ڕەوتە دەیهێنێتە گۆڕێ، هێچکات نابێتە هۆی ڕزگار بوونی خەڵکی کورد لە چنگ ستەمی نەتەوایەتی، بەڵکو ڕێگای بەشداری خۆی لە دەسەڵاتی ناوچەیی و سەرتاسەری خۆشدەکا و بەشی خۆی لە چەوساندنەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش وەردەگرێ.

ناسیۆنالیزم ئاکامی دەرکەوتنی نیزامی سەرمایەدارییە. دەوڵەتە بۆرژوازییەکان چ ئەوانەی کە ئاکامی شۆڕشی دژە دەرەبەگایەتییەکان بوون و چ ئەوانەی دوای دەورەیەک لە چاکسازی هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت، سنوری دەسەڵاتیان تا ئەو جێگایەی کە زەبری هێزیان بڕی دەکرد، پەرە پێدا، دواتر بۆ پاراستن و هێشتنەوەی بازاڕی ناوخۆی وڵاتەکانیان، لە بابەتی زمانی هاوبەش، فەرهەنگی هاوبەش و هتد…، وەک هۆکار و پاڵنەرێک لەناو خەڵکدا کەڵکیان وەرگرت بۆ ئەوەی بەم هۆیەوە  پارێزگاری لە سنوورەکانیان بکەن. ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو سنوورەدا جیاوازیگەلێکی زمانی و فەرهەنگی و هتد بوونیان هەبووبێ، بە یارمەتی ئامرازەکانی دەوڵەت دەستیان دەکرد بە هاوتا کردنیان و ئەو کەمایەتیانەیان بە هەموو جیاوازیییەکانیاانەوە لە ناو یەکدیدا دەتواندەوە. لە دەستکەوتە مێژووییەکانی خەڵک لە بابەتە جیاوازەکاندا، هێما گەلێکیان بۆ “شانازی کردن” دروست دەکرد، جار و بار بە شێوەیەکی زێدەگۆیانە خۆیان بە سەرتر لە کەسانیتر دەزانی و بەمجۆرە بە باوەڕ و بۆچوونگەلی ئیدیۆلۆژیک و زۆر دواکەوتوانەی وەک فاشیزم دەگەیشتن. لە لایەکی ترەوە لە وڵاتە هیستۆکەکاندا (مستعمرە) لە ئاکامی لە ناوچوونی هەنگاو بە هەنگاوی پێوەندییە بەرهەمهێنەرەکانی بەر لە سەرمایەداری و سەرهەڵدانی چینە تازە پێگەیشتوەکانی بۆڕژوا و کرێکار، خەبات بۆ وەدەرنانی هێزە داگیرکەرەکان پێویستی بە پاڵنەری نەتەوەیی بوو، لەم ناوچانەشدا ناسیۆنالیزم بووە ئامرازی ئەم پێداویستییە. بەڵام ئەمڕۆکانە لە سەردەمی بە جیهانی بوونی سەرمایە، ناسیۆنالیزم بنەمای ئابووری و ئاسۆی سیاسی خۆی لەدەست داوە.

سۆسیالیزم، زانست و بزوتنەوەیەکی ڕزگاری بەخشە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە هەموو پاشماوەکانی نیزامی کۆن، لە ستەم و چەوساندنەوە ڕزگار دەکا و ڕێنوێنیمان دەکات بۆ گەیشتن بە ئازادی ڕاستەقینە و لەوانە نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی. سۆسیالیزم وەدی هاتنی ئامانجەکانی خۆی بەستۆتەوە بە ژیان و خەباتی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی واتە چینی کرێکار. لەم نەریتەدا بە ڕەسمی ناسینی مافی دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە مانای جیابوونەوە و دروست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، ڕاستەوخۆترین و راستەقینەترین ڕێگایە بۆ نەهێشتنی تەواوەتی ستەمی نەتەوایەتی. لەم ڕووەوە کۆمۆنیستەکان خوازیاری دابینکردنی بێ مەرجی ئەم مافەن بۆ خەڵکی کوردستان. دابین کردنی ئەم مافە لە ڕوانگەی ئێمەوە بە مانای بوونی هەلومەرجێکی دیمۆکراتیکە کە تیایدا خەڵکی کوردستان لەم مافەی خۆیان بتوانن کەڵک وەربگرن. جیا بوونەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە، لە هەلومەرجێکدا دەتوانێ بەسوود و گونجاو بێت کە نیزامێکی پێشکەوتووتر، هەلومەرجێکی دیمۆکرات تر بۆ ژیان و هەروەها ڕێگایەکی نزیکتر بۆ دەست پێڕاگەیشتنی چینی کرێکار بە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی نیشان بدات. ئەگەرچی مانەوەی خەڵکی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی دواکەوتوو و دژە خەڵکی هیچکات پێشنیار ناکەین، بەڵام لە هەلومەرجێکدا کە تەرازوی هێزی خەبات، کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەی گەیشتن بە ئازادی و سۆسیالیزم دەبات، ئێمە جیایی پێشنیار ناکەین و لە خەڵکی کوردستان داوا دەکەین کە ڕیزی خەباتی خۆیان لە ڕیزی هاوچارەنووسانیان جیا نەکەنەوە.

١٠. فێدرالیزم و خودموختاری وەکوو ڕێگا چارەیەک بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی لە هیچکام لە بەشەکانی کوردستان ناتوانێ ڕێگایەکی گونجاو بێ بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی. لەبەرئەوەی فێدرالیزم، هیچ تەرکیز ناکاتەسەر ناوەڕؤکی ڕژیمی دەسەڵاتدار و گەڵاڵەیەکە بۆ دیاریکردنی چوارچێوەی دەسەڵات و  شێوازی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند، هەروەها بەپێی ماهییەتی سیستەمی فیدڕالی، هەموو ئامرازەکانی چەوساندنەوە و سەرکووت لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیدا دەمێنێتەوە. فێدرالیزم لە پێوەند لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی ناوەڕۆکێکی ساتوسەوداگەرانەی هەیە و هیچ پێوەندیەکی بە مافی دیاریکردنی چارەنووسەوە نییە و ستەمی نەتەوایەتیش چارەسەر ناکات. بەڵکوو سەنەدێکە بۆ بەردەوامی ستەمی نەتەوایەتی و کێشەی نەتەوایەتی هەروا بە چارەسەر نەکراوی دەمێنێتەوە. فیدرالیزم وەکوو ڕێگا چارەیەک بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی، هەموو ئورگان و دامودەزگا سەرکووتکارەکان و هێزی ئابووری و پلان دانانی ناوەندی لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیدا دەهێڵێتەوە. بەڵام ئەوی کە وڵاتێک لە ڕووی دابەشکاری ئیداری و جوغرافیاییەوە بە شێوەی فێدراڵی یان ناکۆجێیی بەڕێوە بچێت، بابەتێکی جیاوازە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە بابەتگەلێکی لەم چەشنە لە کۆتاییدا بە دەنگی زۆرینەی خەڵکی ڕێکخراو لە شۆڕاکانی نوێنەرانی خەڵکدا دیاری دەکرێ.

١١. کرێکاران، خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی زوڵم لێکراو ی کۆمەڵگا هێزی سەرەکی بەرەو پێش بردنی خەبات بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمگەری نەتەوایەتین. بەهێزی وشیاری و ڕێکخراو بوونی ئەم هێزانە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ڕێبەرییەکی شۆڕشگێڕانەیە کە خەڵکی کوردستان لە ژێردەستەیی ستەمی نەتەوایەتی ڕزگاریان دەبێ. دەست تێوەردانی زل هێزەکان و بوار خوڵقاندن بۆ دەست تێوەردانی دەوڵەتە ناوچەییەکان کە هەر کامەو بە شوێن بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن، ئەو ترس و نیگەرانیانەن کە بە بەردەوامی هەڕەشەیە بۆسەر بزوتنەوەی دادپەروەرانەی خەڵکی کورد لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان. کۆمەڵە شێلگیرانە لە سەبارەت بە دەست تێوەردانی هێزە دەرەکیەکان و مەترسیەکانی ئەو دەست تێوەردانانە بەردەوام هۆشداری دەداتە هەموو بەشەکانی کوردستان. کۆمەڵە زیانبەخش بوونی سیاسەتی ئەو بەشە لە ئەحزاب و هێزە سیاسیەکان کە لەبری پشت بەستن بە هێزی ڕاستەوخۆی خەڵک، تۆوی خۆشباوەڕی و هیوابەستن بە دەست تێوەردانی هێزە دەرەکیەکان بڵاو دەکەنەوە و خەڵک لە چاوەڕوانیدا دەهێڵنەوە، بەردەوام بۆ خەڵک ڕوون دەکاتەوە.

١٢. لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان لە ژێر ستەمی نەتەوایەتیدان و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوەند لە خەبات و بەربەرەکانیدان، بەڵام هە ر کامەو بە هۆی هەلومەرجی بابەتیانە و تایبەتمەندیە کۆمەڵایەتی، سیاسی، جیۆپۆلەتیک و ڕژیمە سیاسییە دەسەلاتدارەکانەوە، ناتوان خاوەنی یەک ستراتێژی دیاریکراو بن. کۆمەڵە وێڕای بە ڕەسمی ناسینی ئەم هەلومەرجە جیاوازە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی کرێکاران و خەڵکی ستەم لێکراوەوە ئەم ستراتێژییە سیاسییە دەداتەبەر ڕەخنە و هەڵسەنگاندن.

١٣. بە هۆی هەلومەرجی بابەتیانەی هەرکام لە وڵاتەکانی ناوچەکە، خەباتی خەڵکی کورد ناتوانێ لە خەباتی سەراسەری ئەم وڵاتانە جیابێ. مێژووی ڕاستەقینەی ئاڵوگۆڕەکان لە وڵاتەکانی سوریا، عێراق، تورکیە و ئێران نیشان دەدا کە تەنیا لە کاتێکدا دەوڵەتەکانی ناوەند توشی قەیران بوون و یا بە هۆی هەر هۆکارێک لاواز بووبن، بۆ بزوتنەوەکانی خەڵکی کوردیش دەرفەتگەلێک ڕەخساون و تەرازوی هێز لە بەرژەوەندی ئەوان گۆڕاوە. لەم ڕووەوە ئێمە هەموو خەڵکی کوردستان بۆ بەشداری کارا و چالاکانە لە خەبات بۆ گۆڕینی دەوڵەتی ناوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە پێشڕەو و پێشکەوتووەکان لەم کۆمەڵگایانەدا بانگەواز دەکەین.

١٤. پێکهێنانی وەها هەلومەرجێکی کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تێیدا بتوانن ئازادانە و دوور لە هەر چەشنە ترس و گوشارێک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن لە گرەوی دیمۆکراتیزە کردنی ڕەوشی سیاسی تەواوی ئەو کۆمەڵگایەدایە کە ئەمڕۆ خەڵکی کورد تێیدا دەژین. بە ئەنجام گەیشتنی ئەم بابەتە بەبێ خەباتی چینی کرێکار و ئەو بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیانەی کە بە شێوەی دیار و بەرچاو بە ئاراستەی بەدەستهێنانی داخوازی و ئازادییە دیموکراتییەکان هەنگاو هەڵدەگرن و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەسەڵاتی حاکم دەخاتە ژێر گوشار، مومکین نییە. لەم ڕوانگەیەوە پێکهێنانی هاوپەیمانی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ ئەو بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیانە لە ئاستی سەراسەریدا یەکێکە لە پێویستیەکانی پێشکەوتن و بەرەو پیش چوونی بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کورد لە خەبات بۆ لەناوبردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتیدا.

١٥. لە نەبوونی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ لەناو بردنی چەوسانەوەی نەتەوایەتی کە ڕێبەرایەتیەکەی لە دەستی ڕەوتێکی پێشڕەو و شۆڕشگێڕدا بێت، هەروەها بەبێ دابین کردنی هەلومەرج  و پێویستیەکانی بەکردەوە دەرهێنانی ئیرادەی ئازادانەی خەڵک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و درووست کردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کوردستان لە ڕێگای هاووپەیمانی و هاوئاڕاستەیی لەگەڵ دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان، نەتەنیا نابێتە هۆی پێکهاتنی نیزامێکی سیاسی پێشکەوتوو و دیموکراتیک بەڵکوو حکومەتی کوردستانی سەربەخۆ دەخاتە بازنەی حکومەتە دواکەوتوو و ئیرتجاعییەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانی ئامریکا.

١٦. حکومەتی دەسەڵاتدار لەو وڵاتانەی کە خەڵکی کورد تێیدا دەژین، بە پێچەوانەی ئەو جیاوازی و دژایەتیانەی کە بۆ قازانجی خۆیان بەرانبەر بە یەکتر هەیانە، بۆ قەڵاچۆ کردن و شکست پێهێنانی بزوتنەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ یەکتر هاوکاری و یەکدەنگیان هەیە. پیلانگێڕییەکان تا ئەو ئاستە بەردەوام دەبن کە حیزب و هێزە سیاسیەکان دەخەنە گیانی یەکتر  و جیاوازی و کەلێنی نێوانیان زیاتر دەکەن. خەبات لەدژی ئەم سیاسەتەی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستان و پوچەڵکردنەوەیان یەکێكە لە بنەماکانی ستراتیژی کۆمەڵە سەبارەت بە مەسەلەی کورد و بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە لەهەر کاتێک و زەمەنێکی دیاریکراودا رێگاچارەی شیاو و  پێشنیار دەکات.

١٧. کۆمەڵە لەسەر بنەمای ئەرکی ئینتێرناسوۆناڵیستی و چینایەتی، هاوپەیمانانی خۆی لە پارچەکانی تری کوردستان لە ناو کرێکارانی هۆشیار و کۆمۆنیستەکاندا دەدۆزێتەوە و لێبڕاوانە بەرگری لە خواست و داواکاریەکانی چینی کرێکار دەکات. هەروەها کۆمەڵە پارێزەری لێبڕاوی ئازادییە کۆمەڵایەتیەکان، سیکۆلاریزم و جیایی دین لە دەوڵەت، لەناو بردنی چەوساندنەوەی ژنان و بە گشتی ئازادییە دیموکراتیەکان لە ناو بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستاندا دەبێت. کۆمەڵە لەسەر ئەو ڕاستیە جەخت دەکاتەوە کە سوسیالیزم و شۆڕشی لێبڕاوی سوسیالیستی، تەنیا زامنی بەدەستهێنانی ڕزگاری و ئاسایش و بایەخە مرۆڤییەکانە. ستراتێژی کۆمەڵە بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان لەدەست چەوسانەوەی نەتەوایەتی، وەدیهاتنی وەها ئامانجێک ئاسانتر دەکات.

١٨. لەو ڕوەوە کە حکومەتە سەرکوتگەرەکانی خەڵکی کورد ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی خەڵک بە لەشکرکێشی و بەکارهێنانی هێز و سەرکوت پێشێل دەکەن، بەهۆوی ئەوەی کە هێزە چەکدارەکان بە چەشنی هێزێکی داگیرکەر لەگەڵ خەڵکی کورد هەڵسوکەوت دەکەن، خەڵکی کوردستانیش دەتوانن ” وەک مافێکی ڕەوای بۆ بەرگری لە خۆیان” دەست بدەنە چەک و پارێزگاری لە ماف و شکۆ و کەرامەتی مرۆڤانەی خۆیان بکەن. مافی خۆیانە چەکدار بن و هێزێکی چەکداری کۆمەڵایەتی خۆیان لەژێر فەرمان و ڕێبەرایەتی بنکەکان و شوراکانی خەڵکدا پێکبێنن. خەڵکی کوردستان پەنا بۆ توندوتیژی نابەن، بەڵام لە ئاست دەستدرێژی و توندوتیژییەکان ڕادەوەستن و بەرگری لە کەرامەتی مرۆڤانەی خۆیان دەکەن. کۆمەڵە ئەو بۆچوون و گەرایشە لیبڕالیانەی کە هەڵوێستی خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانی، بۆ دەست بردن بۆ چەک و بەرگری کردن و خۆڕاگری بەرانبەر هێرشەکانی دەوڵەتانی ناوەندی، بە زیان دەزانن ڕەت دەکاتەوە. بەڵام لەهەمانکاتدا جەخت دەکاتەوە کە گرنگ و پێویستە هێزی چەکداری حیزبەکان، جێگەی خۆیان بدەن بەو هێزە چەکدارانەی کە لەژێر فەرمان و ڕێنوێنی بنکەکانی پێکهاتووی دەسەڵاتی کۆمەڵانی خەڵکدان.

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

-

پەیامی کۆنگرەی ۱٨ کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان

-

پەیامی کۆنگرەی ۱۸ کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی

-

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

-

بڕیارنامە سەبارەت بە پێویستی یەکگرتووی چەپ لە کوردستان

-

بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە سەبارەت بە خەباتی یەکگرتووانەی مامۆستایان

-