کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە دەربارەی بزووتنەوەی ژنان

 

یەکەم: ئێرانی ئەمڕۆکە لەژێر دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا بووە بە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ ژنان. ئەم ڕژیمە لە ماوەی زیاتر لە چواردەیەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا هەوڵی داوە تاوەکوو دیوارەکانی ئەم زیندانە گەورەیە بە کەڵک وەرگرتن لە باوەڕە دینییەکان و پەرەدان بە کلتوری کۆن و ژەنگارگرتووی پیاوسالاری بپارێزێت و لەم ڕێگەیەوە بێ مافی نیوەی هاوڵاتیانی ئێران بکات بە بابەتێکی ئاسایی. بەڵام هەر لەم ماوەیەدا ئەم بێ مافییە ئاشکرایە لەلایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازەوە  بە شێوەگەلی جۆراوجۆر خراوەتە ژێر پرسیار و دیوارەکانی ئەم زیندانە بە تێپەڕینی هەر ڕۆژێک زیاتر درزی بردووە، تا ئەو جێگایەی کە ڕژیمی ئیسلامی لە جێ خستنیی بێ مافی ژنان لە کۆمەڵگادا، بێ توانا کردووە.

لەمڕووەوە دەکرێ بوترێت کە دیوێکی تری ئێرانی ئەمڕۆکە خۆڕاگری ئەو ژن و پیاوانەیە کە لەم بێ مافییە بێزارن و بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی خۆڕاگری، ئاگری تووڕەیی و بێزاری خۆیان بەتینتر کردووە و لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا بە متمانە بەخۆبوونێکی زیاترەوە دێنە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە لە دژی یاسا کۆنەپارێزەکانی کۆماری ئیسلامی. ئەمڕۆکە ئەم خۆڕاگری و ناڕەزایەتییانە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنانیان لە کەشی سیاسی ئیراندا کردووە بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر. بزووتنەوەیەک کە لە پاڵ بزووتنەوە ناڕەزایەتی و ڕادیکاڵەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا بووە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شۆڕشی داهاتووی ئێران.

دووهەم: ژنانی ئازادیخواز لە کوردستان، هاوڕێ و هاوشان لەگەڵ بزووتنەوەی پێشەنگی ژنان لە سەرتاسەری ئێراندا و لەڕێی داهێنانەکانی خۆیانەوە بۆ خۆڕاگری لە دژی یاسا و کلتورە کۆنەپارێزە ئیسلامییەکان، هەنگاوگەلێکی گەرەیان هەڵێناوە. ژنان لە کوردستان لە بوارە جیاوازەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا و لە هەر جێیەک کە ئاماژەیەک لە ناڕەزایەتی و خۆڕاگری هەیە، لە بەشی پێشەوەی ئەم خەباتەدا وەستاون. بە بێ هیچ گومانێک ئەم بزووتنەوەیە بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی پیاوسالاری و یاسا ئایینییەکان و بەدیهێنانی خواستی یەکسانی، ناتوانێ لە خواستی ڕزگاربوون لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری جیا بێ. خەبات و خۆڕاگری ئەمڕۆکەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، مەرجی پێشڤەچوون و هاوشان بوونە لەگەڵ باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە بۆ ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی سەرمایەداری.

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە وێڕای ڕێزگرتن لەم خەبات و خۆڕاگرییە، جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە:

١. خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە پێشێلکراوەکانی ژنان لەژێر دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی تەنیا پرسی ژنان نییە، بەڵکوو ئەمە پرسی سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکانە کە لە ستەم و زەبروزەنگ و نایەکسانیی زاڵ لە ناو کۆمەڵگا بێزارن.

٢. بەدیهێنانی خواستەکانی ژنان بۆ یەکسانی، پێویستی بە جەماوەریبوونەوەی خەباتی ژنانە. بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ژنان ببێت بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی دەبێ سەرجەم ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئاستی ملیۆنیدا بێنە ناو گۆڕەپانی خەباتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش پێویستە جەخت بکرێتەوە لەسەر سەربەخۆیی ئابووری ژنان و پێداگری بکرێت لەسەر خواست و پێداویستییەکانی ژنان بۆ خۆشبژێوی و ڕێگەی بەدیهێنانی ئەم خواستانەیان نیشان بدرێت. گەڵاڵەی ئەو خواستانەی کە لە “ڕاگەیاندراوی مافەکانی ژنان”دا هاتووە، ڕێنیشاندەری ئێمەیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.

٣. کۆسپی بەردەم بزووتنەوەی ژنان لە ڕێی گەیشتن بە خواستەکانیاندا، کۆماری ئیسلامی و ئەو کلتور و یاسا کۆنەپارێزانەن کە ئەم ڕژیمە پارێزگارییان لێ دەکات. لەمڕووەوە وێڕای هاوشان بوون لەگەڵ باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تردا، ئەرکێکی تریش ڕخنەگرتن و ڕوونکردنەوەیە لە بابەت ئەو ڕەوتە سیاسیانەی تر کە خەبات و خۆڕاگری ژنان بە تەنیا گۆڕانکاری کردن لە یاسا هەنووکەییەکاندا سنووردار دەکەنەوە.

٤. بە بێ گومان پێکهێنانی ڕێکخراوی ژنان بە مەبەستی جەماوەریتر کردنەوەی بزووتنەوەی ڕگاریخوازانەی ژنان، ئەرکی سەرەکی پێشەنگانی ئەم بزووتنەوەیەیە کە دەبێ بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرەی پێ بدرێت. کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە، کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراویی خۆی ڕادەسپێرێت کە لە پێناو بەهێزترکردنی ئەم بزووتنەوەیە و خەبات و خۆڕاگری ژناندا بەتایبەت لە کوردستان، هەوڵ و هەنگاوی جدی بخاتە دەستوری کاری خۆیەوە.

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

-

پەیامی کۆنگرەی ۱٨ کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان

-

پەیامی کۆنگرەی ۱۸ کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی

-

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

-

بڕیارنامە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد وەک مەسەلەیەکی هه‌رێمی

-

بڕیارنامە سەبارەت بە پێویستی یەکگرتووی چەپ لە کوردستان

-