کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە سەبارەت بە كۆڵبەری

 

  1. ئەوەی کە لەسەر سنوورەکان بەناوی کۆڵبەری دەناسرێت لەڕاستیدا نەک هەر شوغڵ یان “پیشە” نییە، بەڵکوو زۆرتر جۆرێکە لە هەرزانفرۆش کردنی گیان و ژیان لەپێناو بەدەستهێنانی پاروە نانێکدا کە خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بە ناچاری ڕوویان تێکردووە. ئەم بەناو شوغڵ یان پیشەیە ئەنجام و دەستکەوتی بێکاری بەربڵاو و ڕوو لە زیادبوونی لاوان و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەتی ناوچە کوردییەکانە. ژومارەیەکی بەربڵاو لە ژن و پیاو، لاوان و بەساڵاچوان “کەسانی بەتەمەن و پیر” لە ١٣ ساڵ تەمەنەوە هەتا ٧٠ ساڵ لەسەر سنوورەکان لەگەڵ ئەو هەموو دژواری و مەترسییە گیانیانەی کە ئەم جۆرە کارە هەیەتی، بە ناچاری ڕوویان تێکردووە. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ی زایینی ٢١٩ کەسی شەریف و زەحمەتکێش لەسەر سنوورەکان گیانی خۆیان لەم ڕێگایەدا لەدەستداوە یان بریندار بوون.

 

  1. ئەم تاوانە ئاشکرایە لە کوردستان بە تەنیا بەسە کە دوژمنایەتی و ڕق و قینی ڕژێمی جینایەتکاری ئیسلامی بەتایبەت دژ بە خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکات. دەبێت لەدژی ئەم تاوان و جینایەتانە خەبات بکرێت و کۆتایی بە وەها شوغڵێکی پڕ مەترسی و لەتاقەتبەدەر بهێنرێت. بۆ ئەم کارە لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت بە خەبات و تێکۆشان ڕژێمی سەرکوتگەر و جنایەتکاری ئیسلامی ناچار بکرێت کە کار و پیشەی شیاو بۆ ئەم مرۆڤە زەحمەتکێشانە دابین بکات یان بە پێدانی بیمەی بێکاری ئیمکانی دابین کردنی پێداویستی ژیانیان بۆ بڕەخسێنێ بۆ ئەوەی ناچار نەبن ڕوو بکەنە وەها پیشەیەک. لە هەنگاوی دووهەمدا دەبێت ئەم ڕژێمە ناچار بکرێت کە قەرەبووی بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانە بکاتەوە کە گیانی خۆیان لە ڕێگای هاتوچۆی کۆڵبەریدا لەدەستداوە.

 

  1. کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە وێڕای مەحکوم کردنی هەر جۆرە دەستڕێژیەک بۆسەر گیان و ماڵی ئەم مرۆڤە زەحمەتکێشانە، داوا لەهەموو ئازادیخوازان دەکات بۆ داکۆکی و بەرگری لەم مرۆڤە زەحمەتکێشانە هەستن و بە ڕێکخستنی بزوتنەوە و حەرەکەتی ناڕەزایەتی بەرانبەر تاوانی ئاشکرای ڕژێمی جینایەتکاری ئیسلامی ئێران کە وەها هەلومەرجێکی خوڵقاندووە، ڕێگە نەدەن ئەمجۆرە تاوانکاریانە هەروا بەردەوام بێت. هەروەها کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە لەگەڵ دەربڕینی هاودەردی خۆی بۆ بنەماڵەی ئەو زەحمەتکێشانەی لەم ڕێگایەدا گیانیان بەخت کردووە، بەمەبەستی بەهێزتر کردنی خەبات و ناڕەزایەتییەکان لە دژی تاوانەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامی و دابین کردنی خواست و داواکاریەکانی سەرەوە، کۆمیتەی ناوەندی ڕادەسپێرێ بۆ گرتنەبەری ڕێکار و هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست لەم بوارەدا.

 

 

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

(رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢

 

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

-

پەیامی کۆنگرەی ۱٨ کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان

-

پەیامی کۆنگرەی ۱۸ کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی

-

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

-

بڕیارنامە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد وەک مەسەلەیەکی هه‌رێمی

-

بڕیارنامە سەبارەت بە پێویستی یەکگرتووی چەپ لە کوردستان

-