کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە دەربارەی پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەکان لە کوردستان و ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵیدا

 

١. ڕاستییەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان لە کوردستاندا پەرەی سەندووە و زۆرێک لە بنەماڵەکان بەجۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ ئەم دیاردە نگریسەدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بە ڕووکەش باس لە بەرەنگاربوونەوە لە دژی قاچاخی مادە هۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوەیان دەکات، بەڵام بەرفراوانبوونەوەی ڕەهەندەکانی ئەم دیاردەیە هیچ گومانێک لەوەدا ناهێڵێتەوە کە ئەم کارەساتە بە بێ پشتیوانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی کاربەدەستانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی مومکین نییە. جگە لەو قازانجە زۆرەی کە ئەو کەسانەی بازرگانی بە ژیانی ملیۆنەها مرۆڤەوە دەکەن لەم ڕێگەیەوە بەدەستی دەهێنن، هاوکات پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بەتایبەتی لە کوردستان ئامانج‌گەلێکی سیاسی تریشی لە پشتە. کۆماری ئیسلامی لەڕیی پەرەدان بە گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، بە ئاگاییەوە سەرمایەگوزاری کردووە لەسەر بەدیهێنانی کەشێک لە کەمتەرخەمی سیاسی لاوان و بێ ئیرادە کردنیان و ناچارکردنیان بۆ خۆبەدەستەوەدان و گوێڕایەڵی لە هەمبەر ئەو هەلومەرجە هەنووکەییەی لە ئارادایە.

٢.قوربانیانی وەها سیاسەتێک بەتایبەت ئەو لاوانەن کە سەر بە چینە هەژار و دەستکورتەکانی کۆمەڵگان. ئەم کەسانە دەبێ بکرێنە قوربانی و وەک تاوانبار بناسێنرێن، تاکوو هاوکات لەگەڵ بەدەستهێنانی سەرمایەی زۆر و قەبە، ئەم کەسانەش لە کۆمەڵگە دووربخرێنەوە. قوربانیانی مادە هۆشبەرەکان تاوانبار نیین، بەڵکوو تاوانبار ئەو کەسانەن کە لەناو دام و دەزگا دەوڵەتییەکاندا دەستڕۆیشتوون و کۆنتڕۆڵی تۆڕە مافیاییەکان و بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم مادە کاولکەرەیان لە دەست دایە. تاوانبار ئەوانەن کە لە ڕێگەی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم مادانەوە، سەروەت و سەرمایەی باوەڕپێنەکراو بەدەست دەهێنن. تاوانبار ئەو سیستەم و نیزامەیە کە بەستێنێکی لەبار بۆ بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم مادەیە دەڕخسێنێ. تاوانبار ئەم نیزام و حکومەتە و کاربەدەست و دەسەڵاتدارەکانی ئەم ڕژیمەن. هەر بۆیە لە ئاکامدا، ئەوەی کە دەبێ دووربخرێتەوە ئەم ڕژیمە ئیسلامییەیە تاکوو کەسانی دوورخراو و پەراوێزخراوی ئەمڕۆکە بتوانن بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگە.

٣. کۆماری ئیسلامی بە پەرەدان بە کەشی سەرکوت و زەبروزەنگ، تاڵ کردنی ژیان بۆ زۆرێک لە لاوان و بێبەشکردنیان لە هەوڵ دان بۆ بنیاتنانی ژیانی خۆیان و دژایەتی کردن لەگەڵ هەر شتێک کە هیوایەک بە ژیان دەبەخشێت و داهاتوویەکی ڕون بۆ لاوان دەنەخشێنێ، بەستێنێک دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی کە کەسانێکی بەرچاو پەنا بۆ مادە هۆشبەرەکان بەرن. لەمڕووەوەیە کە کەسی گیرۆدەبوو دەبێ وەک قوربانی ئەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییە چاوی لێ بکرێت کە ڕژیمی ئیسلامی بەرپرس و خوڵقێنەر و پارێزەرێتی. هەوڵ و هەنگاوەکانی ئەم ڕژیمە بۆ درووستکردنی ناوەندگەلێک بۆ ڕاگرتنی گیرۆدەبووان، هیچ شتێک لەم ڕاستییە کەم ناکاتەوە، بەو پێیەی کە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر وەک خۆی نەگۆڕ دەمێنێت و کەسی گیرۆدەبوو دوای ماوەیەک مانەوە لەم ناوەندانە سەرلەنوێ لەگەڵ هەمان ئەو دۆخ و گرفتانەی وەک هەژاری و بێبەشی کە ڕژیمی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگایدا داسەپاندووە، ڕووبەڕوو دەبێتەوە و پەنا دەباتەوە بەر مادە هۆشبەرەکان.

٤.لەمڕووەوە خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی مادە هۆشبەرەکان گرێدراوی خەباتە لە دژی کۆماری ئیسلامی و ئەو نیزامەی کە خۆی هۆکاری بەرهەمهێنانەوەی هەلومەرجێکە کە تێیدا مرۆڤەکان بەشێوەگەلی جۆراوجۆر دەکاتە قوربانی، واتە ئەم هەلومەرجەی کە ئەم ڕژیمە بەرگری لێ دەکات. خەبات لە دژی ئەم ڕژیمە و خەبات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە زیانبەخشەکانیی پەرەسەندنی مادە هۆشبەرەکان، تان و پۆی یەک خەباتی دیاریکراو و گشتگیرە. ئەم خەباتە دەتوانێ ئاسۆیەکی گەش بە ڕووی لاواندا بکاتەوە. ئەوان لەژێر تیشکی ئەم ئاسۆ هیوابەخشەدا ئەو بەستێنە دەدۆزنەوە کە لە جێگەی خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر دژوارییەکاندا، ڕێگەی خەبات  و لەناوبردنی هۆکارەکانی ئەم کارەساتە هەڵبژێرن.

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە هاوکات لەگەڵ پێداگری لەسەر ئەم ڕاستییانە، خەبات لە دژی دیاردەی گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە کوردستان وەک پرسێکی جدی چاو لێ دەکات و بەم مەبەستە کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو ئەمە بە ئەرکی سەر شانی خۆی دەزانێت کە خستنە ڕێی جووڵانەوەی گشتی بۆ بەرەنگاری لە دژی ئەم دیاردەیە بخاتە دەستوری کاری خۆیەوە.

 

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاپۆرتی سیاسی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە کۆنگرەی ١٨

-

پەیامی کۆنگرەی ۱٨ کۆمەڵە بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووان

-

پەیامی کۆنگرەی ۱۸ کۆمەڵە بۆ زیندانیانی سیاسی

-

پەیامی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە بۆ کرێکارانی ئێران

-

بڕیارنامە سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی كورد وەک مەسەلەیەکی هه‌رێمی

-

بڕیارنامە سەبارەت بە پێویستی یەکگرتووی چەپ لە کوردستان

-