کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

photo 2024 10 14 11 45 54

بڕیارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی سێزدەیەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

لەو ڕووەوە کە:

نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر کۆنگرەی دوازدەهەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا تێدەپەڕێت، لەم مەودایەدا زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە کاتێکدا جیابوونەوە کە لە ناو ئەندامانی حیزبدا کەمینە بوون و ئێستاش کە ئەندامانی حیزب بە کەڵک وەرگرتن لە مافی یاسایی و دەستوری خۆیان کۆنگرەی سێزدەیەمیان ڕێکخستووە:

هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە:

لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەملاوە، بەڵگەنامە بنچینەییەکانی حیزب: “بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران،بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران،پەیڕەوی ناوخۆی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کە هەریەکەیان مۆرکی هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراویان پێوە، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ نەکراوە. لە کاتێکدا لەم ماوە دوور و درێژەدا گەلێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی و خەباتکارانەی گرنگ لە کۆمەڵگادا ڕوویانداوە کە لەم بەڵگەنامانەدا ڕەنگدانەوەیان نییە، بەڕۆژکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە بووەتە پێویستییەک.

لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ڕوودانی چەندین دابەشبوون و  جیابوونەوە لە تەشکیلاتی حیزبدا، هەڵسەنگاندنێکی ورد وەک بەڵگەنامەیەکی تەشکیلاتی کە جێگەی پەسەندی زۆرینەی ئەندامان بێت، نەکراوە و لە هەمان کاتدا بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر هۆکارەکانی گەشە نەکردنی کار و چالاکییە سەرتاسەرییەکانی حیزب، پێویستە ئەم پرسانەش کۆبەندی بکرێن و بڵاو بکرێنەوە.

هەروەها لەو ڕووەوە کە:

گفتوگۆ و شرۆڤەی پێویست لە ئاستە جیاوازەکانی حیزبدا و هەروەها کارێکی ئەوتۆ بۆ لێکۆڵینەوە و وردبینی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکی لەم چەشنە لە سەروبەندی کۆنگرەی سێزدەیەمدا ئەنجام نەدراوە، هەربۆیە کۆنگرە وێڕای هەست کردن بە گرنگی ئەو بابەتانەی سەرەوە، لەم هەلومەرجەدا دیاریکردنی ئاراستەی سیاسی داهاتوو و هەروەها هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی نوێی حیزب بە گرنگترین ئەولەوییەتی خۆی دەزانێت.

لە هەمان کاتدا:

کۆمیتەی ناوەندی حزب هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدەیەم ئەرکدار دەکات کە کار بۆ پێداچوونەوە و بەڕۆژکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی سەرەوە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش چەند کۆمیسیۆنی تایبەت پێک بهێنێت. ئەو کۆمسیۆنانە دواتر ئەنجامی کارەکانیان بخەنە بەردەستی ئەندامانی حزب و لەگەڵ تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە، لەلایەن کۆنگرەی ١٤ی حزبەوە بانگەواز بکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.

سێپتامبری ٢٠٢٤

ڕەزبەری ١٤٠٣