کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بومەلەرزە، داماوی ڕژیم و هێزی هاوپشتی خەڵک

دوای ئەوەی کە بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧ و ٢ ده‌هۆمی پلە بە پێوانەی ڕیشتێر سەر لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ ی مانگی خەزەڵوەر بەشێکی بەرینی لە ناوچەکانی کوردستانی ئێڕان و عێڕاق لەزراند، خەڵکی دانیشتوی نێو ئەو بازنەیەی کە شەپۆلی وێرانگەری ئەم بومەلەرزەیە گرتییەوە هەروا لەگەڵ دواهاتە کارەسات بارەکانیدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن. لەوێوە کە ناوەندی ئەم بومەلەرزەیە شارۆچکەی ” ئەزگلە” لە ئوستانی کرماشان بوو، زۆرترین تەلەفات و وێرانییەکانی لەم ناوچەیەدا لێکەوتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە دوای چوار ڕۆژ هێشتا عەمەلیاتی دەرهێنانەوەی تەرمەکان لەژێر داروپەردوودا کۆتایی نەهاتووە، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتەکان، تا ئێستا ٤٧٤ کەس بەهۆی ڕوودانی ئەم بومەلەرزەیەوە گیانیان لەدەست داوە، نزیکەی ١٠ هەزار کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون. لە حاڵێکدا کە خەڵکی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان لە هەمان سەرەتاوە پێویستی خێریان بە عەمەلیاتی خاک بەرداری بۆ درهێنانەوەی ئازیزانیان بوو لە ژێر داروپەردوودا و ڕزگارکردنی گیانی سەدەمە دیتوان، بە یارمەتییە سەرەتاییە پزیشکییەکان و دەرمانی و هیتر هەبوو، بەڵام ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئەوپەڕی داماوی و بێتوانایی خۆی سەبارەت بە کاروباری یارمەتی گەیاندن بە قوربانیانی ئەم ڕووداوە سروشتییە پێشاندا. ئەوە تەنیا شاهیدانی عەینی و هێزە سیاسیەکانی ئوپوزسیۆن نین کە باس لە داماوی ناوەندە حکومەتییەکان لە بەرنگار بوونەوە لەگەڵ دواهاتەکانی ئەم بومەلەرزەیە دەکەن، بەڵکوو ڕۆژنامەکانی چاپی تاران کە لەژێر تیخی سانسۆڕی ڕژیمدا چاپ دەکرێن ئاماژەیان بە چەند لایەنێکی ئەم ڕاستیانە کردووە.

ڕۆژنامەی شەهروەند لە سەروتاری ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەردا، سێ ڕۆژ دوای ڕوودانی بومەلەرزەکە، وێڕای ئاماژە بە کاردانەوەی بێ هەڵوێستانەی سەدا و سیمای ڕژیم نوسیویەتی، ” هیچ شتێک خراپتر لە بێ سازمانی ئێمە لە بەرخورد لەگەڵ بارودۆخی دوای بومەلەرزەدا، و دەرخەری لاوازی و بێ هیوایی و ئینفیعالی ئێمە نییە. هیچ شتێک خراپتر لەوە نییە کە ببینین دایکێک بە دەستی خۆی خەریکی هەڵگرتنی بەردێک لە کێوێکی گەورە لە گڵ و بەرد و داری ماڵە وێرانەکەیەتی تا بەڵکوو بنەماڵەکەی لە ژێری دەربێنێ بە زیندویی یان بە مردویی و لە هەمانحاڵدا دەیان ئیمدادگەر بەبێ ئیمکاناتی پێویست ناتوانن کارێکی ئەوتۆ بکەن، و شاهیدی ئەو بارودۆخە بێتواناییە بن.” ڕۆژنامەی هەمدلی ش لە بابەتێکدا نووسیویەتی، ” دەبێ لە مانگی سوور و وەزارەتی نێوخۆوە گرتوویەتی تا ستادە ڕەنگاو ڕەنگەکان کە کاریان ئەوەیە پرسیار بکرێت کە بۆچی کەمبونی ئامبولانس، پەتوو و باقی کاڵا حەیاتیەکانی وەک خێوه‌ت ئاو، کۆنسێرو، شیری وشک، دەرمان، پۆشاک و نەواری بێهداشتی دەبێ خەڵک دابینیان بکەن؟ ئایا ئەم ناوەندانە نابێ وڵامدەرەوە بن کە بۆچی عەمبارە زەرورییەکانی ستادی قەیرانی وەزاڕەتی نێوخۆ و هیلالی ئەحمەر بۆ بەڵایەکی سروشتی لە بەشێکی ئێڕانیشدا کافی نەبوون و خەڵک سێ شەو لەبەر سەرما و بە برسیەتی ماونەتەوە؟

ئەم ڕاپۆرتانە نیشانی ئەدەن کە ناوەندە حکومەتییەکان لە عەمەلیات و ڕزگار کردندا کە بەپێی قاعیدە لە یەکەم ساتەکاندا بەڕێوەبچێت و ئامانج ڕزگارکردنی گیانی سەدەمە دیتوان و ئەو کەسانە بێت کە لەژێر داروپەردودا گیریان خواردوە تا چ ئاستێک هێواش و پچڕ پچڕ و کەمتەرخەمانە جوڵاونەتەوە. بە وتەی کارناسان، لە عەمەلیاتی ئیمداد و ڕزگار کردندا ٢٤ کاتژمێری سەرەتای دوای بومەلەرزەکە، وەک کاتێکی زێڕین لە ڕزگار کردن چاوی لێدەکرێت. هەرچی زیاتر بەسەر کاتی زێڕیندا تێپەڕێت ئەگەری بە زیندویی مانەوەی کەسانی ژێر داروپەردووەکە کەمتر دەبێتەوە. جا لەبەر ئەوەیه‌كه‌ چرکەکانیش لە عەمەلیاتی یارمەتی گەیاندن و ڕزگار کردندا چارەنووس سازن. بەم شێوەیە لە بومەلەرزەی ئوستانی کرماشاندا یەکێک لە هۆکارەکانی زیاتربوونی خەسارەتی گیانی بە هێواشی جۆڵانەوەی ناوەندە حکومەتییەکان بووە بۆ یارمەتی ڕزگار کردنی خەڵک.

بەڵام داماوی ڕژیم لە ئەنجامدانی عەمەلیاتی ئیمداد و ڕزگار کردندا و هێواشی ناردنی یارمەتییە سەرەتاییەکان تەنیا هۆکاری ڕوودانی قەیرانی ئینسانی دوای ڕوودانی بومەلەرزەکە لە ئوستانی کرماشان نییە. ڕادەی بەرزی ئاسیب پەزیر بوونی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە بەرانبەر ئەم ڕووداوە سروشتییەدا ڕیشەی لە مناسباتی بەرهەمهێنانێکی سەرمایەدارانە دایە کە ئەم مناسباتە لەژێر حاکمیەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئاستە وێرانگەرەکەی سنورێکی نادیاری هەیە. ئاستی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی خەڵک، نائەمنی کۆمەڵایەتیی، نیشتەجێبوون لە شوێنە نەگونجاوەکان، ژیان بەسەربردن لە بینا مەترسیدارەکاندا لەبەر زۆری هەژاری و نەداری و فەلاکەتی ئابووریی، کەمتەرخەم بوونی دوڵەت لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییانەی کە دەبێ ئەنجامیان بدات، بەگشتی لەو هۆکارانەن کە ڕووداوێکی وەک بومەلەرزەکەی ئوستانی کرماشان دەکاتە قەیرانێکی ئینسانی.

ڕووداوی سروشتی لە مناسباتی سەرمایەداری، لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا کە سەرچاوەی سەروەت و دەسەڵات لە دەست کەمینەی سەرمایەداران و دەوڵەت دایە بەردەوام زۆرترین قوربانییەکان لە توێژی بێبەشی کۆمەڵگا دستێنێ. ئەگەرچی ڕوودانی بومەلەرزە ڕووداوێکی سروشتییە، بەڵام ئاستی تەلەفات و پێکهاتەی چینایەتی تەلەفاتێک کە لێی دەکەوێتەوە و دواهاتەکانی مۆری کۆمەڵگایەکی چینایەتی پێوەیە. تەنیا ئەوەندە بەسە کە چەند لەسەد لە هەزینەیەکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرفی تەیار کردنی هێزی سەرکوتگەر، پرۆژە ئەتۆمییەکەی، دەزگای تەبلیغاتی، شەڕە وێرانگەرە ناوچەییەکان و هەزینەی دامەزراندنی بە سەدان هەزار ئاخوندی بۆ پەرەدان بە جەهل و خورافەی مەزهەبی دەکات بۆ خەبات لەدژی هەژاری و دابین کردنی مەسکەنی گونجاوی تەرخان بکات تا تەلەفاتی ئەم ڕووداوە سروشتیانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بنەوە. بەم حاڵەشەوە لە هەموو کۆمەڵگای سەرمایەداریدا چلۆنایەتی کاردانەوەی دەوڵەتانی حاکم لە بەرانبەرکێ لەگەڵ توڕەیی سروشت و بومەلەرزەدا، بەشێکە لە ئاستی خەبات و ڕێژەی رێکخراوبوونی جەماوەر و پێشڕەوی ئەوان لە بواری ناچارکردنی دەوڵەتەکان بە ئەرک و وەزیفەیەک کە دەبێ ئەنجامی بدەن.

لە ئێران و له‌حاڵێکدا کە خەڵکی ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان زۆر لە کەم کاری و نەناردنی لەکاتی خۆیدای ئەو یارمەتیانەی پێویست بوون لە لایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە توڕەن و ئەو کارە بە سیاسی و ئاگاهانە و بە کردارێکی دژی ئینسانی لە لایەن حکومەتی ئیسلامییەوە لەدژی خۆیان دەزانن، بەڵام خەڵکی کوردستان گەلێک سەحنەی شکۆداریان لە هاوپشتی ئینسانی لەگەڵ سەدەمە دیتوان و ئاوارەکانی ئەم ڕووداوە پێشاندا. خەڵکی شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرین لە کاری یەرمەتی گەیاندندا بۆ بومەلەرزە لێدراوان و ئاوارەکانی ئەم ڕووداوە بەشداریان کرد. جەماوەری خەڵک دەستە دەستە بە هەر توانایی و ئیمکاناتێک کە لەبەر دەستیاندا بووە وەسایل و کەلوپەلی پێویستیان کۆکردۆتەوە و بە تیمی تایبەتدا بەڕێیان کردون بۆ لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە. لە ماوەی سێ، چوار ڕۆژی ڕابردوودا ئیمدادگەرانی خەڵکی بە شێوەی بەردەوام یارمەتی کۆکراوەیان گواستۆتەوە بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان. هەرچەند لە زۆر حاڵەتدا مەئمورانی ڕژیم بەریان بە تێپەڕ بوونی ماشێنەکانی هەڵگری یارمەتییە ئینسانییەکان گرتووە، بەڵام یارمەتیدەرانی خەڵکی لە مەسیرێکی دیکەوە یارمەتییەکانی خۆیان گەیاندۆتە سەدەمە دیتوان. سازماندانی تیمەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی و ناردنیان بۆ ئاوارەکانی بومەلەرزەی ئوستانی کرماشان و پێشوازی خەڵک لەم حەرەکەتە ئینسانییە پتانسیەل و زەرفیەتێکی بەرز کە لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کردستاندا هەیە پیشان ئەدات. با ئەم زەرفیەتانە بەهێزتر بکەین.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-