کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بوارە کۆمەڵایەتیەکانی شکڵ گرتنی شۆڕشی ١٣٥٧ و هۆکارەکانی شکست هێنانی

بەشی یەکەم

لە سەرەودەمی ٢٢ی ڕێبەندان و ڕاپەڕینێکداین کە کۆتایی بە تەمەنی ٢٥٠٠ ساڵەی نیزامی پاشایەتی لە ئێران هێنا و تۆماری سەڵتەنەتی پەهلەوی تێکەوەپێجا. ساڵیادی ئەم رووداوە مێژووییە دەرفەتێکە تا دەست بدەینە هەڵسەنگاندنی. هەڵسەنگاندنی سەرلەنوێی شۆڕشی ١٣٥٧ و ڕاپەڕینی ٢٢ی بەهمەن بە تایبەت بۆ ئاشنا بوونی بەرەی لاوی ئەمڕۆ کە بە تێپەڕ بوونی کات، ئەم شۆڕشە بۆ ئەوان ئیتر بۆتە رووداوێکی مێژوویی، پێویستە. لەم پێوەندەدا گەلێک پرسیار بوونی هەیە کە لازمە وڵامیان بدرێتەوە.

بۆچی خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی بەرین و لە حەرەکەتێکی جەماوەریدا لەدژی سەڵتەنەتی شا ڕاپەڕین و شۆڕشی مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧ روویدا؟ بارودۆخی نێوخۆیی و جیهانی زاڵ بەسەر ئەو دەورانەدا چی بوو؟ بۆچی ئەم شۆڕشە سەرەڕای ئەو ئامانجە عادڵانە و ئینسانیەی کە لە دەستوری کاریدا بوو لە لایەن ڕەوتێکی کۆنەپەرستی ئیسلامیەوە دەستی بەسەردا گیرا؟ چینی کرێکار و هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکان لەم کۆمەڵگایەدا چ دەورێکیان گێڕا و سەرئەنجام توشی چ چارەنووسێک هاتن؟ چۆن “دژی شۆڕشی ئیسلامی” کارێک کە ڕژیمی شا نەیتوانی بە ئاکامی بگەیەنێت، تەواوی کرد و دەستی بەسەر شۆڕشی ئێراندا گرت و دواتر خەڵتانی خوێنی کرد؟ ئەمانە و گەلێک پرسیاری تری لەم چەشنە بابەتی قسەوباسەکانی ئێمەن لەم رۆژانەی سەرودەمی نزیک بوونەوە لە ساڵیادی ڕاپەڕینی مانگی ڕێبەندان.35

ڕیشە واقعی و مێژووییەکانی شۆڕشی ١٣٥٧ دەبێ لە ئاڵوگۆڕەکانی دەیەی ٤٠ ی هەتاویدا لە ئێران و ئەو ڕێفۆڕمانەی کە لە بوارە جۆراو جۆرە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکان لە لایەن ڕژیمی شاوە لە سەرەوە و لەژێر گوشاری زل هێزە سەرمایەداریەکان بە تایبەت ئەمریکادا هیدایەت کرا، بدۆزینەوە. ئەو ئیسلاحاتە هێزێکی کۆمەڵایەتی نوێی بە چاوەڕوانی تازە بابەتەوە هێنایە گۆڕەپانەکەوە، بەبێ ئەوەی کە بیەوێ یان ئەوەی کە بتوانێ وڵامدەرەوەی چاوەڕوانیەکانیان بێت. مەشروعیەتی سیاسی و مەقبوڵیەتی کۆمەڵایەتی ڕژیمی سەڵتەنەتی کە خۆی بەدیهێنەری گەلێک ئاڵوگۆڕی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لەم دەوریەدا بوو، لە ڕێگای هەر ئەم ئاڵوگۆڕانە و ئەو هێزە کۆمەڵایەتیانەوە کە لێی بەرهەمهاتن، توشی کێشە و گرفت بوو.

ئیسلاحاتی دەیەی ١٣٤٠ یش لەباری پرۆسەی گەشە و کامڵ بوونی هێزە بەرهەمهێنەرەکانەوە لە نێوخۆی وڵات و هەروەها لە گۆشە نیگای بەرژەوەندی سەرمایەی جیهانیەوە، وەک پێویستیەک، چار هەڵنەگر دەهاتە بەرچاو، بەم واتایەی کە لە لایەکەوە مناسباتی ئابووری- کۆمەڵایەتی دواکەتوانە و نیوە فئۆدالی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا گەلێک پێویستی بە ئاڵوگۆر هەبوو، بە جۆرێک کە نیازێکی زۆری بە هێور کردنەوە و کەم کردنەوەی ناکۆکیە کۆمه‌ڵایەتیەکان و پێویست بوونی ئاڵوگۆڕ ئەگەر لە سەرەوە و لە چوارچێوەی ڕێفۆڕمە کۆنترۆڵ کراوەکانەدا وڵامی وەرنەدەگرتەوە، شۆڕش لە خوارەوە، دەبووە بابەتێکی ناچاری لە دیمەنگای ڕەوتی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا.

لە لایەکی ترەوە سەرمایەی جیهانی حەریسانە چاوی بڕێبووە بازاڕی فرۆش، کاری هەرزان، زەخایری زۆر و زەوەندی ژێرزمینی و مادەی خاوەی وەک نەوت و هەروەها بوارە دەست لێنەدراوەکانی سەرمایە گوزاری لە ئێران، لەم ڕوەوە ئێران بۆ سەرمایەی جیهانی وڵاتێکی سەرنج ڕاکێش بوو، لەبەر ئەوەی کە هەم سەرچاوەی دەوڵەمەندی ژێر زەمینی هەبوو، هەم لە ناوچەکەدا خاوەنی پێگەیەکی هەستیاری ژئۆپۆلۆتیک بوو وە هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی پێکهاتەی لاوی جەمعیەتیەکەی، وەک سەرچاوەیەکی لە بن نەهاتوی هێزی کاری هەرزان چاوی لێدەکرا.

بەم جۆرە بە ئامانجی دابین کردنی ئەو نیازانەی باسیان کرا، یەکەم دەبوو زۆربەی هێزی کار کە لە دێهاتەکاندا نیشتەجێ بوون، لە ئاستێکی ملیۆنیدا لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان لە دێهاتەکان هەڵکەندرێن تا وەک هەر کالایەکی دیکە بە هۆی زۆر بوونی عەرزە لە بازاڕدا، بە هاسانی له‌ بەردەست بێت و ئیمکانی کڕینی هەرزان و تەقریبەن بە خۆڕایی فەراهەم بێت. دووهەم دەبوو چینێکی مامناوەندیش دروست بێت کە خاوەنی توانایی کڕینیش بێت تا بەم جۆرە ببێتە بەکارهێنەری کالاکانی باڕازی سەرمایەداری. هەر لەم دەورەیەدا لە شوێنەکانی دنیاش لە وڵامدانەوە بە نیازەکانی سەرمایەی جیهانی، کۆمەڵێک ئیسلاحاتی هاوشێوە بەڕێوەچوو بوو. ڕژیمی شا کە قەیرانی سیاسی دەیەی ٣٠ هەتاوی تێپەڕاندبوو، متمانە بەخۆیی پێویستی بە تایبەت دوای سەفەری شا بۆ ئەمریکا و دەستەبەر کردنی پشتیوانی ” کنەدی”، به‌ده‌ست هێنا تا بە یارمەتی ڕاوێژکارانی ئەمریکایی خۆی لەم ڕاستایەدا هەنگاو بنێت.

بەم جۆرە بەرنامەی ئیسلاحات کە شەخسی شا تامەزرۆبوو ناوی بنێت ” شۆڕشی سپی” و یان ” شۆڕشی شا و خەڵک” و بە گۆڕینی ئێران لە کۆمەڵگایەکی پشت بەستو بە کشتوکاڵ و پێش سەرمایەداری بۆ کۆمەڵگایەکی نیوە پیشەسازی سەرمایەداری و ئەمادەی تێکەڵ بوون لەگەڵ نیزامی ئابووری جیهانی لێ دەستەبەر بوو، لە ٦ ی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤١ وە دەستی پێکرد.

بەڵام ئەم بەرنامەیە کە کاکڵی ناوەندیەکەی ئیسلاحاتی ئەرزی بوو، لە عەینی حاڵدا محافزەکارانە و بە واتایەک نا کارا دەهاتە بەرچاو. وەک نمونە ئەگەرچی مالیکیەتی زەمین درا بە بەشێک لە جوتیاران، بەڵام دانی قیستی ١١ ساڵە بۆ توێژێکی هەژاری جوتیاران کە نزیکەی ٣٠ لەسەدی جەمعەیەتی دێهاتیان پێکدێنا، کەمەر شکێن بوو بە شێوەیەک کە توانایی دانەوەیان نەبوو. بەم جۆرە زۆرێک لەوان ناچار بوون زەویەکانیان بە نرخێکی هەرزان بە “دەرەبەگەکانی پێشو”یان جوتیارانی دەوڵەمەند بفرۆشن و خۆیان بە ناچار بەدوای کار و دەستەبەر کردنی بژیوی ژیاندا هەڵوەدای شاران بن.

ڕەشاییەکانی ئاواییش کە نزیک بە ٤٠ لەسەدی هێزی ئینسانی دێهاتەکانیان پێکدێنا، قەت لە چوارچێوەی ئیجرای بەرنامەکانی ئیسلاحاتی ئەرزیدا، زەویان وەرنەگرت، بەم شێوەیە سەرخوردە و ناڕازی لە ئەنجامی ئیسلاحاتی دەوڵەتی، ناچار لە قەراخ شارەکاندا نیشتەجێ بوون و لە حاڵێکدا کە لە لانیکەمی خزمەتگوازاری شاری بێبەش بوون، حەڵەبی ئاواکانیان بنیاد نا. بەم جۆرە بەردەوام بە خێڵی حاشیە نشینانی شارە گەورەکان کە لەوپەڕی هەژاری و بێبەشیدا دەژیان و ڕژیمی شایان بە سەبەبکاری بادودۆخی فەلاکەتباری خۆیان دەزانی، زیاد دەبوو.

هەر لەم دەورەیەدا و بەدوای پرۆسەی خستنە دەستوری کاری مۆدێلی نوێکردنەوە و ئیسلاحاتی بۆرژوایی لە لایەن ڕژیمی شاوە، زانکۆکانیش لە حاڵێکدا گەشەیان کرد کە لە لایەکەوە ئاموزشی ئاکادیمیک و فەننی تێیاندا لەئاستێکی نزمدا و خاوەنی مودیریەتێکی وەها دواکەوتوانە بوو کە نەتوانێ وڵامدەرەوەی ئەو ئاوات و ئاسۆئ تازە کراوانەدا لەبەردەم خێڵی لاواندا بێت و لە لایەکی دیکەوە بەهۆی حوزوری پۆلیسی ڕژیم لە شوێنە ئاموزشی و زانکۆییەکاندا هەموو جۆرە ناڕەزایەتیەک بە توندی سەرکوت دەکرا. لە کاریگەری وەرگرتن لە وەها فەزایەک، خوێندکاران لە کاتی چوونیانەوە بۆ زانکۆ ناڕزای و شاکی بوون. بەم جۆرە سەرکوتی توند، زەوت کرانی ئازادی ڕا دەربڕین، سانسۆڕی زۆر و قەدەغە بوونی هەموو چەشنە فەعالیەتێکی سیاسی لە نێو زانکۆکان و لە دەرەوەیاندا، روناکبیرانی ناڕازی بەرەو هەڵوێست و کاردانەوەی توند لە بەرانبەر ڕژیمدا پاڵپێوە دەنا.

ئەگەرچی ژنان ئازادیەکی کۆمەڵایەتی کەمیان دەستەبەر کردبوو، بەڵام کاریگەری ڕاستەوخۆی ئیسڵاحات لەسەر ژنان گەلێک محافزەکارانە و کەمڕەنگ دیاربوو، ڕژیمی شا لەم بوارەدا بوێری تەواوی بۆ بەرین کردنەوەی ئاستی ئیسلاحاتی قوڵ بۆنێو حەوزەی نفوزی مەزهەب و ئەو یاسایانەی سەرچاوەیان شەریەعەتی ئیسلام بوو، نەبوو. بەم شێوەیە شا نەیتوانی لەنێو جەماوەری ژنانی ئێرانیشدا لە ڕێگای ئیجرای ئیسلاحاتی مەدەنیەوە، پێگەیەکی قایم بۆخۆی دەستەبەر بکات.

لەم دەورانەدا داهاتی نەوت ٤ بەرابەر ببوو. ئەم داهاتە زۆرە خێرایی دا بە ئاهەنگی گەشەی مناسباتی سەرمایەداری لە ئێران بەڵام لەگەڵیدا مەیدانی دا بە پەرەسەندنی بوروکراسیەکی بێ دەر و پەیکەر کە بە کردارەکانی، رۆژانە پەرەی بە ناڕەزایەتیە گشتیەکان ئەدا. هەروەها پێ بە پێی زیاد بوونی داهاتە زۆرە نەوتیەکان، لە حاڵێکدا کە چاوەڕوانیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵکیش زیاتر دەبوو، کەلێنی هەژاری و سەروەت بەردەوام قوڵتر دەبۆوە.

داهاتە نەوتیەکان ئیمکانی دایە دەوڵەت کە کۆنترۆڵی بەشە کلیدیەکانی ئابووری وڵات بە دەستەوە بگرێت و خۆی ببێتە گەورە ترین خاوەنکار، لەم دەورەیەدا گەندەڵی ماڵیش لە دەزگای بروکراسی دەوڵەتیدا نیهادینە کرا. گەندەڵی دەرباری شا پەرەی سەند، سەرمایەدارانی سەربە زنجیرەی هەزار فامیل کە دەورو بەریەکانی شا و دەرباریان دەگرتوە، هەموو دەرفەتەکانی پێوەندیدار بە ڕقابەتی ئازادیان بۆ دەستەبەر کردنی قەراردادە بازرگانی و پەیمانکاری و توجاڕی و ئابووریەکانیان لە چنگ باقی ڕەقیبەکانی هاو چینیان دەرهێنا. بەم جۆرە توێژێکی سەرمایەداری ناڕازیش سەری هەڵدا. لە ئاکامی ئیسلاحاتدا، هەروەها چینێکی دەوڵەمەندی مامناوەند، ئیمتیازگه‌لێكی بەدەست هێنا و چینێکی مامناوەندی بەرین کە لە حەسرەتی ئەو جۆرە ئیمتیزاتەدا دەسوتا و ناکامی خۆی سەرچاوەگرتوو لە هەڵاواردنی ڕژیمدا دەبینی، سەری هەڵدا. ئیسلاحاتی ئەرزی لە ساڵەکانی سەرەتادا نەبوو بە هۆی زیاد بوونی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان، لە ئاکامدا پێداویستی رۆژانەی ژیانی خەڵک بەردەوام گرانتر و قەیرانێکی ئابووری چەند لایەنە بە شێوەی گرانی، داوێنگیری خەڵکی ئێران ببوو.

بەم جۆرە دەبینین کە ئیسلاحاتی شا نە تەنیا کۆتایی بە ناکۆکیە کۆمەڵایەتیەکان نەهێنا، بەڵکو لەئاستێکی بەریندا لە باقی بوارەکانی دیکەشدا پەرەی پێدان. کۆمەڵگای ئێران لە هەمان دەیەی ٤٠ ی هەتاویەوە ئاوسی شۆڕشێک بوو کە دەیتوانی پاشماوەکانی مناسباتی کۆنی دەرەبەگایەتی لە گشت ئاستە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکەدا ئاوەژو بکاتەوە. ئیسلاحاتی شا ئەو شۆڕشەی بۆ ماوەیەکی نەک زۆر دوور لە دەستوری کاری کۆمەڵگای ئێران دەرهاویشت بەڵام هاوکات بوارەکانی سەرهەڵدانی بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەی دیکەی لە ناخی خۆیدا پەروەردە کرد.