ئەنجومەنی مۆعه‌لیمانی ئێران ڕۆژی شه‌ممه ١٣ی ڕەزبەر، به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی مۆعه‌لیم راگەیەندراوێکی بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا بارودۆخی مۆعهلیمان، دانش ئاموزان، خوێندکاران و کێشەو گرفتەکانی بەردەم ئاموزش و په‌روه‌رشی لە ئێرانی ژێر ده‌سەڵاتی کۆماری ئیسلامی‌دا شیکردووه‌تەوە.
لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: “بە گشتی بارودۆخێکی یەكجارناخۆش و هەستیار بە سەر مۆعه‌لیمانی ئێران‌دا زاڵە و کەشێکی تەواو ئەمنییەتی و مەزهەبی و بیرکردنەوەی تەسکی تاکە کەسی و قیزەون باڵی بەسەر هەموو جومگەکانی پەروەردە و بارهێنانی وڵات‌دا کێشاوە .سیاسەتی هەڵەی وەزارەتی ئاموزش و په‌روه‌رش و هەڵاواردنی بەرچاو و ئەزیەت و ئازاری مۆعهلیمان و لەوانە گرتن و زیندانی کردنی ١٣ مۆعه‌لیم لە ماوەی ساڵێکدا و پێڕانەگەیشتن به بارودۆخی خوێندكاران و مه‌دره‌سه‌كان و هەروەها بارودۆخی شپرزە و نازانستی زۆربەی کتێبە دەرسییەکان و بواری شپرزی ئابووری وایکردوە، تا بە گشتی پێگەیاندن و خوێندن و وانە وتنەوە تووشی کارەساتێکی گەورە ببێتەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا هەر دەنگێکی پێچەوانە یان ناڕازی سەرکوت دەکرێ ولە ناخەوە دەخنکێندرێ، بۆ نموونە دەنگی ئەو مۆعه‌لیمانەی کە بە ئاشتیخوازانەترین شێواز بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان و خوێندكاره‌کانیان لە زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامییەوە سەردەردێنن. لە کۆتایی ئەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە: دەستبەجێ دەبێ ئەو مۆعه‌لیمانەی لە زیندانه‌کاندان بە زووترین کات ئازاد بکرێن و ڕێز لە شکۆی مۆعهلیمان بگیرێ، چوونکە هیچ وڵاتێک بە بێ پەروەردە و بارهێنانێکی سەربەخۆ و زانستیانە ڕەنگی پێشکەوتن بە خۆیەوە نابینێ.