حه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگ خه‌رمانان وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی جهنایهتێكی دژه مرۆییه كه پاش یه‌ك مانگ، قۆناغێكی دیكه‌ی به‌ده‌ستی جه‌لادانی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌ستیپێكرد. قه‌تڵوعامی به‌ندكراوانی سیاسی كه له مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٧هوه به ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی سازمانی موجاهدینی خه‌لق ده‌ستی پێكردبوو، له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی مانگی خه‌رماناندا به كوشتنی به‌ندكراوانی چه‌پ و كۆمۆنیست درێژه‌ی پێدرا.
كۆمیسیۆنی مه‌رگ، پاش ئه‌وه‌یكه ڕاپۆرتی مه‌ئموورییه‌تی جهنایهتكارانهی مانگی گه‌لاوێژی خۆیان له زیندانه‌كان به خومه‌ینی ڕاگه‌یاند، فتوای كوشتنی كۆمۆنیستهكانیشیان لێوه‌رگرت و له یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی مانگی خه‌رماناندا، له گیانی ئه‌و مرۆڤه ئازادانه به‌ربوون كه دڵیان لێواولێوی هیوای مه‌زنی ڕزگاریی مرۆڤی چه‌وساوه و سته‌ملێكراو بوو. كه‌ره‌سته‌ی كوشتن‌یان ئاماده كرد و به‌ندكراوه مافخوازهكان به وتنی “نا” بهجهلادهكان، به په‌تی سێداره‌وه كران و به‌مجۆره شه‌رمه‌زاری مێژوویی له نێوچاوانی ئه‌م خوێنڕێژانه درا. هه‌زاران به‌ندكراوی خه‌باتكار، ئێعدام و مه‌رگیان قه‌بووڵ كرد به‌ڵام له به‌رامبه‌ر خوێنڕێژاندا، سه‌ریان دانه‌نه‌واند.
ئینسایكڵۆپیدیای جیهانی ئه‌م كاره‌ساته دژه مرۆییه‌ی به‌مجۆره تۆمار كردووه:
پرسیار و وڵام له به‌ندكراوانی كۆمۆنیست له ڕێكه‌وتی ٥ی خه‌رمانان و له به‌ندكراوانی گه‌وهه‌رده‌شته‌وه ده‌ستیپێكرد. “ئایا موسۆڵمانی؟“، “ئایا باوه‌ڕت به به‌هه‌شت و جهحهنهم هه‌یه؟“، “ئایا له مانگی ڕه‌مه‌زاندا به‌ڕۆژوو ده‌بی؟“، “ئایا قورئان دهخێنێوه”، “ئایا هه‌موو ڕۆژێ نوێژ ده‌كه‌ی؟“، “ئایا ژێر لاپه‌ڕه‌یه‌ك كه تێیدا نووسرابێ ئیمانت به خودا و پێغه‌مبه‌ر و ڕۆژی قیامه‌ت هه‌یه، ئیمزای ده‌كه‌ی؟” و له‌وانه‌ش پڕماناتر: “ئایا له بنه‌ماڵه‌یه‌كدا گه‌وره بووی كه تێیدا باوكت نوێژی ده‌كرد و به‌ڕۆژوو ده‌بوو و قۆرئانی ده‌خوێند؟“
ته‌نیا وڵامێكی “نا“ به هه‌ركام له‌م پرسیارانه ده‌یتوانی ببێته هۆی ئێعدام كرانی كه‌سه‌كه. سه‌باره‌ت به پرسیاری ئاخر، وڵامی ئه‌رێنی پێی به مانای ئێعدام بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه له‌سه‌ر “ئێرتێداد” و لادانی كه‌سه‌كه ته‌ئكیدی ده‌كرد. به پێی پێوه‌ره فێقهیهكان ته‌نیا كه‌سێك ده‌توانێ “مۆرتهد” بناسرێ كه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی موسۆڵمان و له‌ژێر سێبه‌ری باوكێك كه به‌رده‌وام نوێژ و قورئانی خوێندووه و له مانگی ڕه‌مه‌زاندا به‌ڕۆژوو بووه، گه‌وره بووبێ.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر موسۆڵمان بوونی خۆی ته‌ئكیدی كردبایه به‌ڵام وتبایهی نوێژی نه‌كردووه، ته‌نیا به شهللاق مه‌حكووم ده‌بوو. بۆ هه‌ر وهعدهیهك نوێژ، ١٠ زه‌ربه و بۆ هه‌ر ڕۆژێكیش به لانیزۆره‌وه ٥٠ زه‌ربه دیاری كرابوو. سه‌باره‌ت به ژنانی كۆمۆنیست، به حوكمی شه‌رع، ژنانی مۆرتهد یا ده‌بوو “تۆبه” بكه‌ن و یان “له‌ژێر شهللاق دا بمرن“. هه‌ربۆیه ژنه كۆمۆنیسته‌كان یان له‌ژێر شهللاقدا كۆتایی به‌ژیانیان هات و یان ئیسلامیان قه‌بووڵ كرد. هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی زۆریان هێشتا ناڕوونه و له چاوه‌ڕوانیی به‌ناو “پێڕاگه‌یاندنی تاوان” دان.
“ئابراهامیان” مێژوونووسی ئێرانی جه‌ریانی ئێعدامه‌كانی به‌مجۆره وه‌سف كردووه:
“لێپرسینه‌وه‌كان، له ئێوین و گهوههردهست له تالاری سه‌ره‌كیی دادگا به‌ڕێوه‌ده‌چوو. به‌شێك له لێپرسینه‌وه‌كان سه‌رزاره‌كی بوون و به‌شێكی دیكه‌ش له‌ڕێگه‌ی پرسیارنامهیهكی ئاماده‌كراوی ماشێنی، ئه‌نجام ده‌درا. به‌شێك له به‌ندكراوان ده‌یانتوانی بازجووهكانی خۆیان ببینن به‌ڵام باقیهكهیان له پشت پاراوانه بڵینده‌كان خۆیان شاردبۆوه. كه‌سانێك كه وڵامه‌كانیان قه‌بووڵ ده‌كرا به‌ره‌و لای ڕاستی تالاری دادگا و ئه‌وانه‌ی وا پرسیاره‌كانیان قه‌بووڵ نه‌ده‌كرا به‌ره‌و لای چه‌پی تالاره‌كه هیدایه‌ت ده‌كران. ده‌سته‌ی یه‌كه‌میان ده‌گه‌ڕانده‌وه به‌نده‌كانی خۆیان و پێیان ده‌وتن كه ده‌بێ نوێژ بخێنن. ئه‌گه‌ر به‌ندكراوه‌كه له خوێندنی وهعدهیهك نوێژ خۆی بواردبا، ١٠ زه‌ربه شه‌للاقی لێده‌درا و سزای كه‌سێكیش كه له ماوه‌ی ڕۆژێكدا خۆی له خوێندنی هه‌ر پێنج وه‌عده نوێژه‌كه بواردبایه،٥٠ زه‌ربه شهللاق بوو. ئه‌وانه‌ی كه نه‌یانتوانیبوو سه‌ركه‌وتووانه وڵام به پرسیاره‌كان بده‌نه‌وه و ڕه‌ت كرابوونه‌وه، پاش وێستانێكی كورت بۆ تهحویلدانی ورده كه‌لوپه‌له‌كانیان و نووسنی دوایین وهسییهتهكانیان، به‌ره‌و شوێنی ئێعدام ڕه‌وانه ده‌كران. هێندێك له‌وان به‌وته‌ی خۆیان توانییان گیان بهسڵامهت به‌ده‌ر به‌رن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه له‌و قه‌ره‌باڵغیه‌ی كه خوڵقابوو، به هه‌ڵه به‌ره‌و ئه‌و ده‌رگایه بردرابوون كه نه‌ده‌بوایه بڕۆن. ده‌ربازبووان له بیریانه كه چۆن نووسینی دوایین وه‌سییه‌ت نامه‌یان پێ شۆخی بووه و باوه‌ڕیان نه‌كردووه كه ئه‌م جۆره پرسیارانه ده‌توانێ چاره‌نووسی مان و نه‌مانی كه‌سێك دیاری بكات“.
هه‌واڵی ئه‌م جه‌نایه‌ته له ڕادیۆ و تێلویزیۆن و چاپهمهنیهكانهوه بڵاو نه‌كرایه‌وه. خومه‌ینی و شاگردهكانی لایان وابوو كه قفڵێكی هه‌میشه‌ییان له زاری كۆمه‌ڵگا داوه. ته‌رمی قوربانیانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌یان، به‌دزیه‌وه له خاوه‌رانی تاران، دارولرهحمهی شیراز، باخی ڕێزوانی ئیسفه‌هان، حه‌ساری دادگای سنه و له ده‌یان شوێنی دیكه ناشت. گۆڕستانی ئه‌م ئازیزانه‌یان “له‌عنه‌ت ئاوا” ناو لێنا تا به‌خه‌یاڵی خۆیان، خه‌ڵك لێی دوور كه‌ونه‌وه. به‌ڵام ئه‌و گۆڕستانانه، ده‌ستبه‌جێ بوون به گلكۆی ئازیزانی لهبیرنهچۆوه و بێ گومان له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا، ده‌بنه ژوانگه‌ی عاشقانی ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤایه‌تی.
ئه‌مڕۆ له باردووخێكدا یادی ئه‌و ئازیزه گیان به‌خت كردووانه به‌رز ڕاده‌گرین كه كۆمه‌ڵگای ئێران لێواولێوی نه‌فره‌ت له ڕژیمی ئیسلامییه. له ماوه‌ی دوو ساڵدا، شایه‌دی دوو ئاخێزی گه‌وره‌ی سه‌رتاسه‌ری بووین و له ئێستادا شه‌پۆله‌كانی ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكاری و موقاومه‌تی جه‌ماوه‌ری له سه‌رتاسه‌ری ئێران وهڕێكهوتووه. ڕژیمی ئێران كه سه‌رده‌مانێك خۆی به ئاڵاهه‌ڵگری پان ئیسلامیسم له گشت ناوچه‌كه ده‌زانی، ئه‌مڕۆ نه ته‌نیا له‌لای خه‌ڵكی ئێران، به‌ڵكوو له لای خه‌ڵكی ته‌نانه‌ت شیعه مه‌زهه‌بی ناوچه‌كه‌ش بێزراوه و گۆشه‌گیر بووه. وه‌ها باروودۆخێك، ئاسۆی ڕزگاری له چنگ ڕژیمی ئیسلامیی به‌ره‌وڕووی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و سته‌ملێكراوی ئێران كردووه‌ته‌وه. بێ گومان، سه‌ره‌نجام ئه‌و ڕۆژه دێ كه سه‌رانی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی له دادگای عه‌داڵه‌تی جه‌ماوه‌ری ئازار چێشتووی ئێران‌دا موحاكمه بكرێن و نهێنیی جه‌نایه‌ته بێ ئهژمارهكانیان زیاتر ئاشكرا بێت و به سزای شیاوی خۆیان بگه‌ن.