به پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، كۆمه‌ڵێك له دۆستان و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ڕۆژی سێشه‌ممه ١١ی خه‌رمانان به بۆنه‌ی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، ڕێوڕه‌سمێكیان بۆ ڕێزگرتن له‌م ڕۆژه له ده‌ورووبه‌ری شاری سنه به‌ڕێوه‌برد.
هه‌واڵی گه‌یشتوو باس له‌وه ده‌كات كه ڕێوڕه‌سمه‌كه سه‌ره‌تا به سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتی جیهانی چینی كرێكار و ڕاگرتنی یه‌ك ده‌قیقه بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له یادی سه‌رجه‌م گیانبه‌ختكردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم ده‌ستی پێكردووه. پاشان یه‌كێك له به‌شداربووان به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قێك، وێڕای ئاماژه به بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران، سه‌باره‌ت به ڕۆڵ و پێگه‌ی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران و پێویستی به‌هێزكردنی هه‌رچی زیاتری حیزب جه‌ختی كرده‌وه. شایانی باسه، شوێنی ئه‌م ڕێوڕه‌سمه به هه‌ڵواسین پارچه نووسراوه به ناوه‌ڕۆكی “پیرۆزبێ ١١ی خه‌رمانان ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران”، “بژی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران” و هه‌روه‌ها دانانی وێنه‌ی گیانبه‌ختكردووانی ناو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران ڕازابووه‌وه.