ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٩ی ڕێبه‌ندان، كۆمه‌ڵێك له خوێندكارانی زانكۆكانی ئێران له‌وانه، زانكۆی بووعه‌لی هه‌مه‌دان، عه‌لامه ته‌باته‌بایی، پۆلی تێكنیكی تاران، عێلم و سه‌نعه‌ت و ئه‌میر كه‌بیر، به به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه، له‌ئاست ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژماره‌یه‌ك له خوێندكاران، پێشێل كردنی سه‌ربه‌خۆیی زانكۆكان و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی فهرمایهشی مه‌جلیس، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.
به پێی گرته ویدیوییه بڵاوكراوه‌كان، خوێندكارانی زانكۆی بووعه‌لی هه‌مه‌دان له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا، درووشمی “سه‌ربه‌خۆیی، ئازادی، زانكۆی ئێرانی” وتووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها خوێندكارانی زانكۆی عه‌لامه ته‌باته‌بایی تارانیش به وتنه‌وه‌ی درووشمی “خه‌ڵك له‌برسا ده‌مرێ، ئه‌وانه له‌بیر ده‌نگدانن”، “زیندانی سیاسیی ده‌بێ ئازاد بكرێ” ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان ده‌ربڕی. له لایه‌كی دیكه‌وه به پێی ئه‌و گرته ویدیۆیانه‌ی كه له زانكۆی پۆلی تێكنیكی تاران بڵاوبووه‌ته‌وه، خوێندكارانی به‌سیجی له‌گه‌ڵ خوێندكارانی ناڕازیی ئه‌م زانكۆیه له به‌رامبه‌ر كۆلێژی ئه‌ندازیاری پۆلیمێر تێكهه‌ڵچوون. هاوكات كۆمه‌ڵێك له خوێندكارانی زانكۆی عێلم و سه‌نعه‌تی ئێرانیش، وێڕای ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی به ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی خوێندكاران، له‌ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتنی چه‌ندین پلاكارد به‌ناوه‌ڕۆكی “نهبهشداری ده‌كه‌ین، نه بایكۆت، دێنه‌ی سه‌ر شه‌قامه‌كان” ده‌ستیاندایه كۆبوونه‌وه.