ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٤ی مانگی ڕه‌شه‌ممه، سێ به‌ندكراو له زیندانه‌كانی دیزێل ئابادی كرماشان، ئه‌راك و نۆوشه‌هر به تۆمه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به مادده‌ی هۆشبه‌ر و قه‌تڵ ئێعدام كران.
به پێی ڕاپۆرتی ئۆرگانی هه‌واڵنێریی كۆمه‌ڵه‌ی چالاكانی مافی مرۆڤ له ئێران، حوكمی ئێعدامی به‌ندكراوێك به‌ناوی “حامێد مسته‌فایی” خه‌ڵكی شارستانی “هه‌رسێن”، به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیدار به مادده‌ی هۆشبه‌ر له زیندانی دیزێل ئابادی كرماشان به‌كرده‌وه ده‌رهات. هه‌ر له‌م ڕۆژه‌دا حوكمی به‌ندكراوێكی دیكه به‌ناوی “ئه‌حمه‌د ئه‌عره‌جی” كه پێشتر به تۆمه‌تی “قه‌تڵ” به ئێعدام مه‌حكووم كرابوو، له زیندانی ئه‌راك جێبه‌جێ كرا. هه‌روه‌ها حوكمی ئێعدامی به‌ندكراوێك به‌ناوی “فه‌تاح حسێنی” كه پێشتر به تۆمه‌تی “قه‌تڵ” به ئێعدام مه‌حكووم كرابوو له زیندانی نۆوشه‌هری سه‌ربه ئۆستانی مازه‌نده‌ران به‌كرده‌وه ده‌رهات. شایانی باسه ئێعدامی ئه‌م به‌ندكراوانه تا كاتی ئاماده كردنی ئه‌م هه‌واڵه له لایه‌ن میدیا ناوخۆییه‌كانی ئێرانه‌وه بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه.
