کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌شوودانی منداڵان، جەنایەتێکی به‌یاساییكراو و شەرعیی لەژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا

باسی بردنەسەری تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی، لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەی دواییدا لەناو مەجلیسی ئیسلامیدا گەرم كراوه‌ته‌وه‌‌. لە ماوه‌ی هەفتەی ڕابردوودا “فراکسیۆنی ژنانی مەجلیس”یش بەشێوەیەکی مۆحافزەکارانە و بەپارێزەوە ئەم باسەی هێناوەتە گۆڕێ. بەڵام خودی هێنانه‌گۆڕی باسەکە لەم ئاستەشیدا، بەرەوڕووی موقاومەتێکی زۆر بۆتەوە. ئەو نوێنەرانەی کە لە بەرانبەر بردنەسەری تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریدا دەوەستنەوە، ئەم باسەش، بەپێچەوانە ڕاوبۆچوون و وه‌ك دژایەتیكردنێكی “شەرع” و “سیاسەتی جەمعییەتیی” ڕاگەیەندراو لە لایەن خامه‌نەیی، ڕێبەری ڕژیمی ئیسلامیی دەزانن. ئەو ئامارە ڕەسمییانەش کە لە لایەن ئیدارەی ئامار و سەبت و ئەحواڵەوە بڵاو ده‌بنه‌وه‌، نیشانی دەدەن کە ساڵانە ٤٠ هەزار حاڵەتی به‌شوودانی منداڵانی نێوان ٩ هه‌تا ١٣ ساڵ لە ئێران تۆمار دەکرێت. ئاشکرایە وەک گەلێک حاڵەتی دیكه‌، ئەم ئامارە دەتوانێ تەنها بەشێکی کەم لەو ڕاستییە تاڵە بێت کە لە ئێرانی ژێر حاکمییەتی ڕژیمی ئیسلامیدا لەئارادایە.

تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی لە ئێران، ١٣ ساڵە. بەڵام به‌و هۆیه‌وه‌ کە شەرعی ئیسلام ڕێگه‌ی به‌شوودانی منداڵی ٩ ساڵ ته‌مه‌نیشی داوه‌، تەنانەت ئەم ماددە یاساییه‌ دژه‌ ئینسانییەش، زۆرجار پێشێل دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگای ده‌ربازبوونی یاسایی بۆ مارەکردنی منداڵانیش له‌به‌رچاو گیراوه‌. دەفتەرەکانی سه‌بتی ئیزدواج و تەڵاق لە ئێران، دەتوانن منداڵ لە هەر تەمەنێکیشدا بێت، له‌ژێر ناوی سیغه،‌ لە پیاوی ٩٩ ساڵ ته‌مه‌ن مارە ببڕن. ئینجا له‌به‌ر ئه‌وه‌شکە سیغە شموولی یاسای ڕەچاوکراو لە ه886اوسەرگیریی ناكات، بەمجۆرە له‌ڕێگه‌ی دورینی کڵاوێکی شەرعیی، وەک گەلێک حاڵەتی دیكه،‌ قه‌زیه‌كه‌ فه‌یسه‌له‌ پێ ده‌ده‌ن.

له‌ڕاستیدا ئەو شته‌یكه‌ لەم پێوەندەدا ڕوودەدات، جۆرێكه‌ له‌ کڕین و فرۆشی کچ، کە ناوی هاوسەرگیرییان له‌سه‌ر داناوه‌. له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كانیشدا فرۆشیاره‌كه‌ باوکە، کە ئه‌ویش یان گیرۆدەی وەها ئاستێک لە هەژارییە کە ناتوانێ سکی منداڵەكه‌ی تێر بکات و له‌ڕووی ناچارییه‌وه‌ کچەكه‌ی لە تەمەنی منداڵیدا بەشوو دەدات و ڕەنگە لەبریدا پارەیەکیش وەربگرێت، یان ده‌نا مۆعتادە و بۆ دابینکردنی هەزینەی ئێعتیاده‌كه‌ی، کچەکەی دەفرۆشێ. بەڵام کڕیاره‌كه‌ زۆربه‌ی كات، کەسێکی دەوڵەمەند و هەوەسباز و به‌زۆریی بەتەمەن و به‌ساڵاچووه‌.

ئاشکرایە کە ئەوە تەنها منداڵانی کچ نین کە بێعەداڵەتیی و ستەمی یاسایه‌كی ئیسلامیی و مەدەنیی کە لە ئێستای وڵاتی ئێراندا كاری پێده‌كرێت، جەستە و ڕه‌وانیان ئازار دەدات، منداڵان و بەتایبەت منداڵانی بنەماڵە هەژارەکان، بە کچ و کوڕەوە باری ئەم بێبەشیی و نادادپەروەرییانەیان بەکۆڵەوەیە. لە یاسای ڕژیمی ئیسلامیدا: منداڵ ناتوانێ حیسابی بانکیی بکاتەوە و سەربەخۆیی دارایی هەبێت، ناتوانێ لە هەڵبژاردندا بەشداریی بکات، بەڵام عه‌جه‌با كه‌ دەتوانێ ئیزدواج بکات، دەتوانێ کار بکات و بچەوسێندرێتەوە. دەتوانێ ببێتە بەسیج و بۆ ڕژیم چەک هه‌ڵگرێت.

لە سه‌رده‌می شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقدا، به‌دەیان هەزار منداڵ له‌سه‌ر فتوای خومەینیی كرانه‌ گۆشتی به‌ر تۆپ و پاککەرەوەی مەیدانەکانی مین. لە یاسای مەدەنیی ئێراندا، کچانی بانتر لە تەمەنی ٩ ساڵیی و کوڕانی سەرووی ١٥ ساڵ ته‌مه‌ن، وەک باڵغ بەحێساب دێن و مەحاکمی قەزاییش بۆیان هه‌یه‌ كه‌ وەک کەسانی گەورە حوکمیان بۆ دەربکەن. بە پێی ماددەی ٢٢ی یاسای سزادانی ئیسلامیی، ئەگەر باوک یان باوه‌ گه‌وره‌‌، منداڵەکەی بکوژێ، قەساس ناکرێت و تەنها بە دانی دییە و تەعزیر مەحکووم دەکرێت. تابێعییەتیش لە دایکەوە بۆ منداڵ بە میرات ناگات و ئەم یاسایە بۆتە هۆی بێ ناسنامەبوونی ئەو منداڵانەی کە باوکیان بیانیی و بۆ وێنه‌ ئەفغان و دایکیشیان ئێرانییە. ئەوان ناتوانن لە هیچ مه‌دره‌سه‌یه‌كدا ناونووسیی بکەن و بخوێنن.

لەم نێوانەدا به‌شوودانی کچانی کەم تەمەن یه‌كێكه‌ لە دزێوترین حاڵه‌ته‌كانی ئازاردانی منداڵ لە وڵاتێكی وه‌ك ئێرانی ئێستادا. ئێستا با بزانین چارەنووسی ئەو منداڵانە له‌دوای ئەمجۆرە ئیزدواجانە، چییان لێ بەسەر دێت؟ ئەم کچە ستەمدیتووانە لە حاڵێکدا کە خۆیان هێشتا منداڵن، دەبنە دایک. ئه‌گه‌رچی هیچكام له‌ ئامار و داتاكانی ڕژیم جێی بڕوا و متمانه‌ نین، به‌ڵام بەپێی ئاماری ئیداره‌ی سەبت و ئەحواڵی کۆماری ئیسلامیی، ساڵانە نزیکەی ١٥٠٠ بۆ ٢ هه‌زار منداڵ، لە دایکانی تەمەن کەمتر لە ١٥ ساڵ، لەدایک دەبن. به‌ڵام چارەنووسی ئەو منداڵانەش كه‌ لەو دایکانە له‌دایكبوون، خۆیان چیرۆكێكی به‌ژان و ئازارتری دیكه‌یه‌. بەهۆی دووگیانبوونی پێشوه‌خته‌ و شارەزانەبوون لە پێوه‌ندیی جینسیی، مەترسیی مەرگ و میری پێشوه‌خته‌یان له‌سه‌ره‌. دەرفەتی په‌روه‌رده‌ و پشكووتنی تواناكان و گەشەکردنی جەستە و فکر و پێكهاتنی كه‌سایه‌تییان لێ زەوت دەکرێت. بەهۆی داسەپاندنی کاری ماڵداریی هەتاهەتایی و مەحدودییەتی پێڕاگەیشتن بە هه‌ل و ده‌رفه‌تی تافی منداڵیی، باوەڕبەخۆییان لەدەست دەدەن یان ده‌نا ‌ كه‌سایه‌تییه‌كی عاسی و سەرکه‌شیان تێدا به‌هێز ده‌بێت. خۆکوشتن و مێردکوشتن، هەڵاتن لە ماڵ و قاچاغی منداڵ، لە باقی ده‌ركه‌وته‌كانی هاوسەرگیریی پێشوه‌خته‌ن. وەها جەنایەتێک کە لەناو ڕژیمی ئیسلامیدا به‌یاسایی كراوه‌، لە جیهانی پێشکەتووی شارستانییانه‌ی ئەمڕۆدا، وەک جەنایەت و دەستدرێژیی جنسیی بۆسەر منداڵان چاوی لێدەکرێت. هاوسەرگیریی منداڵان خەسارێکی ئازاردەری کۆمەڵایەتییە کە ڕژیمی ئیسلامیی، وێجهه‌ و لایەنی یاسایی پێداوه‌.

ڕوون و ئاشکرایە کە نه‌ریتی به‌شوودانی منداڵان لەناو وڵاتانێكی وەک ئێراندا، ڕه‌گوڕیشەی لە هەژاریی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و ده‌سه‌ڵاتی بیری کۆنەپەرستدایە. به‌شوودانی منداڵان كارێكی جەناییە و دەبێ وەک تاوان چاوی لێبکرێت. ئه‌و شەرع و سوننەتانه‌ش کە ئەم هاوسەرگیرییانە بە ڕێگه‌پێدراو دەزانن، دەبێ بنبڕ بکرێن و ڕیشه‌كێشكردنی به‌مجۆره‌ نه‌ریت و سوننەتانه‌ش، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و بونیاتنانی جیهانێك کە تێیدا ئینسانەکان به‌ ئازاد و یه‌كسان و ئاسووده‌ و خۆشبژیو بن.