کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌ستینی كۆمه‌ڵایه‌تی شكڵگرتنی شۆڕشی١٣٥٧ی ئێران و هۆكاره‌كانی شكست هێنانی (به‌شی دووهه‌م)

 له‌ وتاری پێشووماندا باسمان له‌ تاوتوێ كردنی بواره‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران كرد. له‌ درێژه‌دا بارودۆخی نێونه‌ته‌وه‌یی و ئامانجه‌كانی ئامریكا له‌ ئێران و شێوازی ده‌خاڵه‌تی ئه‌وان له‌ كاروباری ناوخۆی ئه‌م وڵاته‌ ده‌ده‌ینه‌ به‌ر باس:

له‌ قۆناغێكدا كه‌ كۆمه‌ڵگای ئێران هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو له‌ بارودۆخێكی شۆڕشگێڕانه‌ نزیك ده‌بۆوه‌، سه‌رمایه‌دارى ئیمپریالیستی، به‌ سه‌رۆكایه‌تى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ له‌و په‌ڕى توانایى پیشه‌سازى و گه‌شه‌كردنى ئابووریدا بوو، پێویستیه‌كی ته‌واوى به‌ په‌ره‌پێدانى بازاڕه‌كانى سه‌رمایه‌ هه‌بوو. كێبركێی نێوان یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت و ئا‌مریكا ته‌وه‌ره‌ی سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بوو و به‌ مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى هه‌رێمه‌كانى نفووزى یه‌كتر، شه‌ڕ و پێكدادان و ململانێی فراوان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى جیهاندا له‌ ئارادا بوو. ئا‌مریكا بۆ پێشگرتن له‌ په‌ره‌سه‌ندنى نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت له‌ ناوچه‌كانى ژێر نفووزى خۆیدا، پێویستى به‌ ده‌وڵه‌تانى سه‌قامگیر بوو.

 له‌ كۆتایى ده‌یه‌ى ٧٠ی زایینیدا وڵاتى ئه‌فغانستان، دواى كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی كه‌ له‌و وڵاته‌دا روویدا، به‌كرده‌وه‌ بوو به‌ هه‌رێمێكى ژێر نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت، به‌م بۆنه‌وه‌ نیگه‌رانى له‌ سه‌ر ئێران بۆ ئه‌مریكا چووه‌ قۆناغێكى زۆر گرینگه‌وه‌. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا گه‌لانى ئێران، به‌ هیواى به‌دستهێنانى ئازادى و به‌شدار بوون له‌ ژیانێكى باشتر و مرۆڤانه‌تر، دژ به‌ رژیمى شا راپه‌ڕین و شه‌پۆله‌كانى شۆڕش له‌ ماوه‌ى ساڵێكدا سه‌رتاسه‌رى ئێرانى گرته‌وه‌ و به‌ درێژایی مانگه‌كانى وه‌رزى پاییزى ساڵى ١٣٥٧، ناكارامه‌یى و لاوازی رژیمى شا له‌ دامركاندن و كونترۆڵى شه‌پۆله‌كانى شوڕش بۆ ئا‌مریكا ئاشكرا ببوو.

دواى تاوتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگان359دنى راپۆرته‌ رۆژانه‌كانى باڵوێزه‌كانى ئا‌مریكا و بریتانیا (سولیوان و بارسونز) كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ راسته‌وخۆ چاو‌دێرى باروودۆخه‌كه‌یان ده‌كرد، ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا گه‌یشته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ چیتر به‌رگریكردن له‌ شا سوودبه‌خش نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ باروودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و خاڵێكى بێگه‌ڕانه‌وه‌ ببات و هه‌ر وه‌ك ئه‌فغانستان، ئێرانیش بكه‌وێته‌ داوێنى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ته‌وه‌.

له‌م قۆناغه‌دا، ده‌وڵه‌تى ئه‌مریكا باوه‌ڕى به‌ توانایى نه‌ته‌وه‌خوازه‌ لیبڕاڵه‌كانى ناو ئوپۆزسیۆنى رژیمی شا، بۆ كونترۆڵى بارودۆخه‌كه‌، نه‌بوو. ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ رۆژئاواییه‌كانى به‌ مه‌به‌ستى پاراستنى ئێران و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسى ده‌رچوونى ئێران له‌و پشتیوانیه‌ ئه‌منییه‌ى كه‌ پێشتر به‌ ده‌وری یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا كێشا بوویان، پێویستیان به‌ سه‌نگه‌ر و ریزبه‌ندییه‌كى تازه‌ بوو.

ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا زۆر له‌ پێشتره‌وه‌ ئاگادارى بوونى مادى و بیر و بۆچوونه‌كانى ره‌وتى ئیسلامى له‌ ناو ئوپۆزسیۆنى شا و توانایى و لێهاتوویى ئه‌و ره‌وته‌ بۆ كردنیان به‌ قه‌ڵاى دژه‌ كۆمۆنیستى بوو. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌یكه‌ راوێژكاره‌ ئه‌مریكاییه‌كانى شا و ده‌ربار به‌ به‌رده‌وامى هانى بده‌ن بۆ گرتنه‌به‌رى رێوشوێن و هه‌ڵسووكه‌وتى نه‌رم ونیانتر له‌ به‌رامبه‌ر رێبه‌رانى ئه‌م ره‌وته‌دا و “شا”ش رێنماییه‌كانی ئه‌وانى په‌ێڕه‌و ده‌كرد. بۆ نموونه‌ له‌ حاڵێكدا كه‌ كتێبه‌كانى عه‌لى شه‌ریعه‌تى به‌ هه‌زاران نوسخه‌‌ چاپ و به‌ ئاشكرا بڵاو ده‌كرانه‌وه‌ و ناوه‌ندى فه‌رهه‌نگى حوسه‌ینیه‌ى ئیرشاد له‌ تاران به‌ ئیمكاناتێكى فراوان و چاپخانه‌ى پێشكه‌وتۆه‌وه‌ له‌ خزمه‌ت ئه‌و و هاوفیكره‌كانیدا بوو و هه‌روه‌ها گۆڤارى مه‌كته‌بى ئیسلام له‌ شارى قۆم به‌ ئاشكرا چاپ و بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، چالاكوانانی چه‌پ ته‌نها به‌ هۆى خوێندنه‌وه‌ى نامیلكه‌یه‌كی ماركسیستییه‌وه‌ ده‌بوا ساڵانێك حه‌بس و زیندانیان ته‌حه‌مول بكردبایه‌.

به‌ درێژاى شه‌ڕى سارد، وه‌ك ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا وه‌ك سیاسه‌تێكى ده‌ست نیشانكراو، نه‌ ته‌نها ده‌وڵه‌ته‌كانى هاوپه‌یمانى خۆى له‌ رووخان و هه‌ره‌سهێنان ده‌پاراست، به‌ڵكوو له‌ هه‌مان حاڵدا ده‌یویست نیونیگایه‌كیشی به‌ ئوپۆزیسیۆنى ئه‌و رژیمانه‌وه‌ بێت و هاوپه‌یمانه‌كانى داهاتووى خۆى، له‌ ناویاندا بدۆزێته‌وه‌ و ده‌ست نیشانیان بكات. چه‌ندین به‌ڵگه‌ى حاشاهه‌ڵنه‌گر به‌ ده‌سته‌وه‌ن كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن، ئا‌مریكا له‌ رێگاى جۆراجۆره‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سانى ناو ئوپۆزیسیۆنى ئێراندا په‌یوه‌ندى هه‌بۆوه‌ كه‌ دواتر له‌ حكومه‌تى نوێی ئیسلامیدا پۆست و مه‌قامى گرینگیان وه‌رگرت. بۆ نموونه‌ پاش چوونى خومه‌ینى بۆ پاریس، راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كرد و هه‌ندێك قه‌رار و به‌ڵێنیان له‌ یه‌كتر وه‌رگرت.

جێگا‌ى سه‌رنجه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى ئا‌مریكا دواى رووخانى ده‌وڵه‌تى “زاهیرشا” له‌ ئه‌فغانستان، پێڕه‌وى هه‌مان سیاسه‌تى كرد و له‌ گه‌ڵ نه‌یاره‌ ئیسلامییه‌كانى كابول پێوه‌ندى هه‌بوو. پاره‌ و چه‌كى ئا‌مریكایى له‌ رێگه‌ى پاكستانه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامى ئه‌فغانستانى به‌هیز ده‌كرد و گه‌یاندییه‌ ده‌سه‌ڵات.

سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش گه‌یشتبوونه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى كه‌ رژیمێكى ئیسلامى بۆ سه‌نگه‌رگرتن له‌ به‌رامبه‌ر نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا، گه‌لێك پوتانسێڵی به‌رچاو و سه‌رنجڕاكێشى هه‌یه‌. له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى ساڵى ٥٧ دا به‌ بۆچوونى ئا‌مریكا و ده‌وڵه‌تانى سه‌رمایه‌دارى رۆژئاوا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كونترۆڵى باروودۆخى سیاسى و مه‌هاركردنى شه‌پۆله‌كانى شۆڕش كه‌ ئاكامه‌كانى پێشبینى نه‌ده‌كرا، له‌ پله‌ى دووه‌مدا بوو. هه‌ر چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌گه‌لێك له‌ دست دایه‌ كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن خومه‌ینى پێش له‌ وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات، سه‌باره‌ت به‌ درێژه‌پێدانى بێ كێشه‌ى هه‌نارده‌ كردنى نه‌وت بۆ رۆژئاوا، به‌ڵێنى ته‌واوى به‌ لایه‌نه‌ رۆژئاواییه‌كان دابوو. له‌ وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌ ئورووپایه‌كانى له‌ كۆنفرانسى (گوادولۆپ)دا رژیمى شا و داهاتووی ئێرانیان تاوتوێ كرد. (كارتێر، ئێشمیت، كالاهان، ژیسكاردێستن) ئه‌وان له‌ لایه‌كه‌وه‌ به‌ كۆى ده‌نگ ئه‌وه‌یان په‌سند كرد كه‌ چیتر پێویست ناكات پشتگیرى رژیمى شا و ده‌ربار بكه‌ن و له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ بڕیاریاندا پێداویستییه‌كانى مه‌هارى شۆڕش، بۆ ره‌وتى ئیسلامى دابین بكه‌ن.

له‌ راستیدا كۆنفرانسى” گوادولۆپ” چاره‌نووسى رژیمى شاى ده‌ستنیشان كرد و هه‌وڵ و چالاكییه‌كانى وڵاته‌ رۆژئاواییه‌كانى بۆ دانانى خومه‌ینى له‌ شوێنى شا ها‌وئاهه‌نگ كرد. پاش ئه‌و بڕیار و رێكه‌وتنانه‌، ئه‌رته‌ش رایگه‌یاند كه‌، بێلایه‌نه‌ و ده‌زگاى راگه‌یاندنى رۆژئاوا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ره‌وتى ئیسلامیدا كه‌وته‌ كار و چالاكى. ئه‌وان له‌و كاته‌دا به‌ باشى ده‌یانزانى كه‌ ده‌وڵه‌تى “شاپوورى به‌ختییار” توانایى كونترۆڵى شۆڕش و به‌رگرى له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رۆژئاواى، له‌ به‌رامبه‌ر مه‌ترسى نفووزى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌تدا نییه‌. ده‌وڵه‌تى به‌ختیار وه‌ك ده‌رفه‌تێك سه‌یرى ده‌كرا تا له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌ودا مه‌جالى ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتى ئیسلامیدا رێكبكه‌ون. ئه‌وان نیگه‌رانى ئه‌وه‌ بوون كه‌ موداخیله‌ى چاوه‌ڕوان نه‌كراوى ئه‌رته‌ش باروودۆخه‌كه‌ خراپتر بكات و ببێته‌ هۆى ناسه‌قامگیرییه‌كى درێژخایه‌ن. له‌ روانگه‌ى ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ها پێشهادێك سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئێران بكه‌وێته‌ داوێنى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ته‌وه‌. كه‌ واته‌ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى ژنڕاڵ (هایزر) بۆ تاران، به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى پشتگیرى ئه‌رته‌ش بۆ ده‌وڵه‌تى به‌ختیار لێكده‌داته‌وه‌ له‌ راستییه‌وه‌ دووره‌.

راستییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (هایزر) وه‌ك ژنراڵێكى خاوه‌ن ئه‌زموون، كه‌ نفووزێكى زۆرى له‌ ناو گه‌وره‌ فه‌رمانده‌كانى ئه‌رته‌شى شادا هه‌بوو و له‌ هه‌مانكاتدا سیاسه‌تمه‌دارێكى لێهاتوو بوو، به‌ مه‌به‌ستى پێشگرتن له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ كرده‌وه‌یه‌كی كوده‌تایى له‌ لایه‌ن ئه‌رته‌شه‌وه‌ و به‌ ئامانجى ئاماده‌كردنى بارودۆخه‌كه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتى خومه‌ینى ره‌وانه‌ى ئێران كرا. سه‌ركرده‌كانى ئه‌رته‌ش به‌ته‌واوتی گوێڕایه‌ڵى شا بوون و هه‌ر ئه‌ویش به‌ختیاری هێنابووه‌ سه‌ركار. له‌م رووه‌وه‌ ئه‌رته‌ش هیچ كێشه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ به‌ختیاردا نه‌بوو و فه‌رمانى پشتگیرى له‌ به‌ختیاری له‌ لایه‌ن شاوه‌ پێگه‌یشتبوو. به‌ڵام ئه‌مریكاییه‌كان باش ده‌یانزانى كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتى به‌ختیار ده‌وام ناهێنێت. كه‌واته‌ پێویست بوو ئه‌رته‌ش رێگه‌خۆشكه‌رى ده‌سه‌ڵاتدارێتى ئیسلامییه‌كان بێت تا ئه‌وانیش بتوانن به‌ وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، شه‌پۆله‌كانى شۆڕش كونتروڵ بكه‌ن.

هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ به‌شێك له‌ ستراتژییه‌كه‌ بوو، به‌شێكى ترى جێخستن و داسه‌پاندنى خومه‌ینى وه‌ك ئاڵترناتیڤى رژێمى سه‌ڵته‌نه‌تى به‌ سه‌ر راى گشتى خه‌ڵكى ئێراندا بوو. خومه‌ینى كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا بڕیار بوو دواى دوورخستنه‌وه‌ى له‌ عێراق، له‌ كو‌یت یان سووریه‌ نیشته‌جێ بێت، به‌ وه‌رگرتنى راى راوێژكاره‌كانى، به‌ره‌و پاریس رێكه‌وت. پاش نیشته‌جێ بوونى خومه‌ینى له‌ (نووفل لۆشاتۆ)، ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانى رۆژئاوا به‌گشتى و به‌ تایبه‌تی به‌شه‌ فارسییه‌كانیان بۆ ئه‌و ته‌رخان كران.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدا بوو كه‌ ئێمه‌ى چه‌پ له‌ ناوخۆى وڵات به‌ كه‌مترین ئیمكاناته‌وه‌ راگه‌یاندننامه‌كانى خۆمان به‌ (پولى كۆپى) بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و له‌ شوێنێكى سنوورداردا بڵاومان ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام هه‌موو شه‌وێك به‌شى فارسى رادیۆى (بى.بى.سى) فه‌رمانه‌كانى خومه‌ینى بۆ سه‌رتاسه‌رى ئێران ده‌گواسته‌وه‌ و هه‌واڵى ده‌ركه‌وتنى وێنه‌ى ئیمامى له‌ناو مانگدا ده‌كرد به‌ قوڕگى خه‌ڵكدا.

شۆڕشى ئێران له‌ به‌ره‌وپێش چوونى خۆیدا هه‌ندێك سه‌ركه‌وتن و ده‌سكه‌وتى گرینگیشى به‌ده‌ستهێنا. له‌وانه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ پێكهاتنی ئه‌نجومه‌نه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ شاره‌كان، ئه‌نجومه‌نه‌ كرێكارییه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانى وه‌به‌رهێنان و دامه‌زراندنى دیموكراسیه‌تێكى راسته‌قینه‌ له‌خواره‌وه‌ له‌ بوارى ئازادى راده‌ربڕین و هتد… بكه‌ین. هه‌روه‌ها پێویسته‌ په‌سه‌ندكردنى ده‌وڵه‌تى به‌ختیار له‌ لایه‌ن شاوه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ساواك و هه‌ڵهاتنى شا له‌ ئێران به‌ ده‌سكه‌وته‌كانى شۆڕش بزانین.

له‌ روانگه‌یه‌كى تره‌وه‌، دوترێت كه‌ مانگى به‌فرانباری، ١٣٥٧ كه‌ مه‌ترسى به‌دیلێكى ئیسلامى بۆ شۆڕش جیدی بۆ‌وه‌ پێویست بوو له‌ گه‌ڵ به‌ختیاردا سازش و رێكه‌وتن بكرێت. به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه‌ كه‌ چ هێزێك توانایى ئه‌وه‌ى هه‌بوو كه‌ سازشێكى وا ئه‌نجام بدات؟ له‌ واقیعدا تێگه‌یشتن و لێهاتوویی پێویست بۆ به‌ره‌وپێش بردن و جێبه‌جێ كردنى گرینگییه‌كى له‌مجۆره‌، نه‌ له‌ لایه‌نه‌ چه‌په‌ لائیكه‌كاندا هه‌بوو، نه‌ وه‌ها هێزێكى واقیعى و خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر كه‌ له‌و كاته‌دا بتوانێت ئاڵاهه‌ڵگرى سازشێكى وه‌ها بێت، له‌ ئارادا بوو. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌، راپه‌ڕینی ٢٢ی رێبه‌ندان و پێكدادانه‌ چه‌كدارییه‌كانى ئه‌و رۆژانه‌، له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا وه‌ك دژه‌ ره‌وتێك خۆى نواند و له‌ حاڵێكدا روویاندا كه‌ خومه‌ینى به‌ به‌رده‌وامى جه‌ماوه‌رى له‌ رووداوى له‌و چه‌شنه‌، مه‌نع ده‌كرد و هه‌ڵاوهه‌نگامه‌ی لایه‌نگره‌كانى له‌ گوێى هه‌مواندا بوو كه‌ ده‌یان گوت ئیمام هێشتا فه‌رمانى جیهادى نه‌داوه‌. به‌ڵام جه‌ماوه‌ر، كه‌ له‌ رووى غه‌ریزه‌وه‌ هه‌ستییان به‌ مه‌ترسى ده‌ست به‌ سه‌ر شۆڕشدا گرتنى (هه‌ندێ لایه‌ن) ده‌كرد، گوێیان نه‌دایه‌ ئه‌و وتانه‌ و به‌م شێوه‌ هێرش كردنه‌ سه‌ر ناوه‌نده‌كانى ده‌سه‌ڵات، كه‌ لایه‌نگرانى خومه‌ینى دیانویست به‌ ساغى ده‌ستى به‌ سه‌ردا بگرن، ده‌ستیپێكرد. ئه‌م رووداوه‌ كه‌ لوتكه‌ى شۆڕشى ٥٧ بوو، مه‌وزووعى سه‌ركوتكردنى شۆڕشی له‌ ساڵه‌كانى دواتردا، دژوارتر كرد. چونكه‌ خه‌ڵك چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ هۆى درێژبوونه‌وه‌ى ماوه‌ى سه‌ركوتكردنى شۆڕش. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام، ئه‌ركى سه‌ركوتكردنى شۆڕش كه‌ رژێمى شا نه‌یتوانیبوو ئه‌نجامى بدات كه‌وته‌ ئه‌ستۆى رژیمى ئیسلامى و ئه‌م رژیمه‌ له‌ ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ده‌یه‌ى ٦٠ دا ئه‌و ئه‌ركه‌ى به‌جێ هێنا.

درێژه‌ی هه‌یه‌…