به پێی ئامارهكان، لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە ئێراندا، ٧ و ٥ دههۆم لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئێران، ژمارەی ئەو کرێکارانەی كه لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا گیانیان لەدەست داوە، گەیشتووەتە ٨٩٨ کەس کە بەنیسبەت هاوشێوەی ساڵی ڕابروو، ٧ و ٥ دههۆم لەسەد بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە. لە کۆی گشتیی ئەو ٨٩٨ کرێکارە کە گیانیان لەدەست داوە، ٣٥٤ کەس بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ٢٣٢ کەس بەهۆی بەرکەوتنی شتی قورس، ١٤٠ کەس بەهۆی کارەباگرتوویی، ٧٨ کەس بەهۆی سووتاوی، ٤٣ کەس بەهۆی خنکان لە کەمیی ئۆکسیژێن و هەروەها ٥١ کەسی دیکە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەست داوە. زۆرترین ڕووداوی کار لە ئوستانی تاران ڕوویداوە.