ڕاپۆرتهكان باس لهوه دهكهن كه “سەکینە پەروانە” بەندکراوی سیاسی لە زیندانی ئێڤینی تاران، ماوەی دوو حەفتەیە مانی لە خواردن گرتووە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، “سەکینە پەروانە”، بەندکراوی سیاسی خەڵکی خوراسان، لە ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانانهوه بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی “ئەبروو تیمتیک” پارێزەر و خەڵکی باکووری کوردستان کە ١١ی خەرمانان دوای ٢٣٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە زیندانی تورکییه گیانی لە دەست دا، مانی لە خواردن گرتووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو زیندانی ئێڤین وێڕای پشڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاندووه: سەکینە پەروانە ڕۆژی شهممه ٢٩ی خەرمانان پانزهههمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی تێپەڕ دەکات و باری تەندروستی ناجێگیرە. جێگهی وهبیرهێنانهوهیه، سەکینە پەروانە تەمەن ٣٠ ساڵ، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی پارهكه لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی مانگی گوڵانی ئهمساڵ لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای ڕژیم له شاری تاران، حوکمی پێنج ساڵ زیندان و بێبەری کردن لە ئەندامیەتی رێکخراوە سیاسیەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.