لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “پاژین”ی بانه کە یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی ئهمشاره، باسی لە لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لە ناوچەی “ساڵحاوای کانی سور”ی بانە کردووه. لە لایەکی دیكهشهوه ئەنجومەنی ژینگەپارێزی “سەوزی چیا”ی مەریوان لە چەند هەواڵێکدا باسی بڕینەوەی دارستانەکانی “گوێزە کوێره، بەهەشت مستەفا و نەچێ” و چەندین ناوچەی دیكه كردووه.
به پێی ئهم ڕاپۆرته، ماوەی چەند ساڵێکە کەسانێکی بەرژەوەندخواز و هەلپەرست، هەروەها دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری جیاواز خەریکی لەناوبردنی ژینگەی کوردستانن کە بەشێکی زۆری داری دارستانەکانیان بڕیوەتەوە و بە مەبەستی خەڵوز بەکاری دەهێنن و بۆ شارە جیاوازەکانی کوردستان ڕایدەگوێزن، لە لایەکی تریش کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانیان و بەڕێوەبردنی مانۆڕە سەربازییەکانی خۆیان بەشێکی زۆر لە ژینگەی کوردستانیان تێکداوە. شایانی باسە ئەرکی پاراستنی ژینگە له کوردستان کەوتووەتە سەر شانی بەشێک لە چالاکانی ڕێکخراو و ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان کە ساڵانە چەندین چالاکیی ژینگەپارێزی بەڕێوە دەبەن و لەم پێوەندییەدا خەڵک هۆشیار دەکەنەوە و، بۆ چەندین جار دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان ڕوو لە دەسەڵات بەرز کردووەتەوە، بەڵام هیچ لایەنێکی دەسەڵات و حکوومەت خۆیان بە بەرپرسیار نازانن.