له‌م ڕۆژانه‌دا به بۆنه‌ی ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، له لایه‌ن به‌رپرسان و كارناسانی ده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌و خوێندكارانه‌ی كه نه‌یانتوانیوه له قۆناغه جۆراوجۆره‌كانی خوێندن درێژه به خوێندن بده‌ن، یان به واتایه‌كی دیكه ده‌ستیان له خوێندن هه‌ڵگرتووه، ئامارگهلێكی جۆراوجۆر ده‌درێته ده‌رێ كه نیشانه‌ی كاره‌ساتێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئاشكرایه كه ناكرێت به هیچ جۆرێك پشت به‌م ئامارانه ببه‌ستی كه زیاتر بۆ پاساوكردن و داشكاندنی ئاستی یه‌كێك له‌و كاره‌ساتانه‌یه كه كۆماری ئیسلامیی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ی هێناوه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌م ژمارانه وه‌ك بنه‌ما چاو لێ بكه‌ین، ده‌بینین كه ڕێژه‌ی ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرن، پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری و بێكاری له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. به پێی هه‌ر ئه‌م ئامارانه، ژماره‌ی به‌جێماوان له خوێندن ساڵ له‌گه‌ڵ ساڵ به پێی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی هێڵی هه‌ژاری و ڕێژه‌ی بێكاری، دهچێتهسهرێ. هه‌ر له‌م ساڵدا كه قه‌یرانی ئابووریی ئێران زیاتر په‌ره‌یسه‌ندووه، به سه‌دان هه‌زار بنه‌ماڵه شناسایی كراون كه نه ته‌نیا ناتوانن هه‌زینه‌ی خوێندنی منداڵه‌كانیان دابین بكه‌ن، به‌ڵكوو له‌ڕوو ناچارییه‌وه ده‌یانێرنه بازاڕی كار و یان له شه‌قامه‌كان وێڵیان ده‌كه‌ن تا بارێك له‌سه‌ر شانی بنه‌ماڵه‌كانیان هه‌ڵگرن و یان لانیكه‌م هه‌زینه‌ی تێركردنی خۆیان دابین بكه‌ن.
ژماره‌یه‌ك له بنه‌ماڵه‌كان به دیتنی بێكاری به‌ربڵاو له نێوان ده‌رچوانی زانكۆ و دهبیرستانهكان، به باشتر ده‌زانن كه منداڵه‌كانیان به‌ره‌و فێربوونی سهنعهتێك بۆ دابین كردنی داهاتوویان هان بده‌ن. له‌م بواره‌دا یه‌كێك له كارناسانی وه‌زاره‌تی ئاموزش و په‌روه‌رش ده‌ڵێت: “ئێستا زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌كان، منداڵه‌كانیان كه بڕوانامه‌ی باڵای زانكۆیان هه‌یه، هه‌روا چاویان له گیرفانی دایك و باوكیانه. ئه‌مه ڕه‌نگه گرینگ‌ترین هۆكاری بێ ئامانج كردنی خوێندكاران له قۆناغه‌كانی ئه‌وه‌ڵ و دووه‌می ده‌بیرستان بێت. له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه، ڕه‌ئیسی سازمانی نێهزه‌تی سه‌واد ئاموزی ئێران دان به‌وه داده‌نێت كه لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌كان نیشانی ده‌دات كه هه‌ژاری له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ست هه‌ڵگرتنی خوێندكاران له خوێندنه. “مینا كامران” له به‌ڕێوه‌به‌رانی ئیجرایی ئاموزش و په‌روه‌رش، ئاماری ده‌ست هه‌ڵگرتن له خوێندنی دانش ئاموزان له ئێرانی به كاره‌سات ناوبرد و ڕایگه‌یاندووه: له هه‌ر چوار خوێندكارێك، یه‌ك نه‌فه‌ر له قۆناغه‌كانی جۆاروجۆر ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرێت. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی حه‌فته‌ی داهاتوو، ئه‌وه‌ڵی مانگی ڕه‌زبه‌ر “مێهر”، زیاتر له ١٤ ملیۆن خوێندكار ساڵی نوێی خوێندن ده‌ست پێ ده‌كه‌ن. ئه‌وان به‌شێك له ٢٠ ملیۆن منداڵ و تازهلاوێكن كه توانیویانه بچنه مه‌دره‌سه. به‌مجۆره نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێ منداڵانی ئێرانی له نێوان ٦ تا ١٨ ساڵ واته، زۆر زیاتر له به‌راوردی “مینا كامرانی” به‌ڕێوه‌به‌ری ئیجرایی ئاموزش و په‌روه‌رشه كه ده‌ستیان له خوێندن هه‌ڵگرتووه.
به‌ڵام ته‌وه‌ری ده‌ست هه‌ڵگرتن له خوێندن له‌هه‌مان حاڵ‌دا كه ڕیشه‌ی له هه‌ژاری ئابووری و بێكاری به‌ربڵاودا هه‌یه، له هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیشه. زیندانه‌كانی كه به‌ناوی “كانوونی ئیسلاح و ته‌ربیه‌ت” دامه‌زراون، پڕن له تازه‌لاوانێك كه زۆربه‌یان هه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ن كه نه‌یانتوانیوه درێژه به خوێندن بده‌ن. له‌م زیندانه به‌ناو “كانوونی ئیسلاح و ته‌ربیه‌ت” ه، دا ته‌نیا كارێك كه ئه‌نجام نادرێت، ئیسلاح و ته‌ربییه‌ته. كه‌م نین ئه‌و تازه لاوانه‌ی كه له‌م ناوه‌ندانه ده‌كه‌ونه داوی ئێعتیاد و یان دوای هاتنه ده‌رێ له‌م ناوه‌ندانه، ده‌بن به تاوانكار. به‌ڵام ئه‌م كاره‌ساته بۆ كچانی تازه‌لاو ڕواڵه‌تێكی دیكه‌ی هه‌یه و ئازاره‌كه له شوێنێكی دیكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. زۆربه‌ی ئه‌و كچانه‌ی كه ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرن، به ناچار له ته‌مه‌نی خوار ١٨ ساڵ هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن و به‌مجۆره ژیان و لاوییهتیان به‌فیرۆ ده‌چێت.
لێره‌دا منداڵانی كار به‌هه‌موو ئازارێك كه به‌سه‌ریان دا سه‌پاوه، ئه‌گه‌ر له‌و داوانه‌ی كه له‌سه‌ر ڕێگایان ده‌ینێنه‌وه به سڵامه‌ت ده‌ربازبن، له ڕاستیدا خۆش ئێقباڵتر له‌و كه‌سانه‌ن كه ڕێگایان كه‌وتووه‌ته”كانوونه‌كانی ئیسلاح و ته‌ربیه‌ت”وه. كار له كارگه چكۆله‌كان، میكانیكییه‌كان، كارگه‌كانی قاڵی بافی، شاگردی له دووكانه‌كانی بازاڕ و كار له مه‌زرا، هه‌لێكن كه بۆ هه‌موو مناڵێكیش ده‌ست ناده‌ن كه ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرن. به‌شێكی زۆریان ڕوو ده‌كه‌ن كارگه‌لێكی دیكه‌ی وه‌ك، كۆكردنه‌وه‌ی زبڵ، ده‌ستفرۆشی و واكس كردن و گوڵی ته‌مه‌نیان له‌ژێر كار و دژواری ژیان ده‌ژاكێ و هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوییه‌تی دا پیر ده‌بن. به‌ڵام ئه‌م دژواری و بێبه‌شییه كه به‌سه‌ر منداڵان و تازه لاوان‌دا سه‌پاوه، چاره‌نووسی چارهههڵنهگریان نییه و ده‌توانێ و ده‌بێ بگۆڕێ. بۆ گۆڕینی ئه‌م بارودۆخه و ڕزگاربوونی منداڵانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له‌وه‌ها چاره‌نووسێك، جگه‌له ده‌ست دانه ده‌ستی یه‌ك و خه‌بات كردن له‌دژی ڕژیمێك و له‌دژی نیزامێك كه منداڵانی بێ تاوانی ئێمه‌ی وه‌ها بێ به‌زه‌ییانه له مافی سه‌ره‌تایی و ئینسانی خۆیان بێبه‌ش كردووه ڕێگه‌یه‌كی دیكه نییه.