بنه‌ماڵه دادخوازه‌كانی شۆڕشی ژینا له ئوستانی مازه‌نده‌ران، له به‌یاننامه‌یه‌كدا پشتیوانی خۆیان له مانگرتنی سه‌راسه‌ری كامیۆن‌داران دووپات كرده‌وه و خوازیاری ئازادی هه‌موو شۆفێرانی ده‌ستبه‌سه‌ركراو بوون.
له به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه، ئێمه بنه‌ماڵه دادخوازه‌كانی مازه‌نده‌ران كه ئازیزانمان له ڕێگای ئازادی، دادپه‌روه‌ری و كه‌رامه‌تی ئینسانی دا له‌ده‌ست داوه، ده‌نگی حه‌قخوازی و سیته‌ملێكراوی خه‌ڵكانێكین كه چه‌ندین ساڵه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه سه‌ركوت ده‌كرێن. ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ شۆفێرانی بارهه‌ڵگر كه له به‌رانبه‌ر هه‌ڵاواردن، هه‌ژاری، نادادپه‌روه‌ری و گرانی دا ڕاوه‌ستاون هاو‌ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێستین. مانگرتنی كامیۆن‌داران ته‌نیا جه‌ختكردنه‌وه له سه‌ر مافه سینفیه‌كان نییه، به‌ڵكوو هاوارێكی به‌هێز دژ به سیسته‌می گه‌نده‌ڵ و سه‌ركوتگه‌ری كۆماری ئیسلامییه. له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه داین كه په‌یوه‌ندی خوێنی به ناحه‌ق ڕژاوی ڕۆڵه‌كانمان له‌گه‌ڵ توڕه‌یی كرێكاران، موعه‌لیمان، كه‌شاوه‌رزان و كامیۆن‌داران خه‌ونی به‌رپرسانی حكوومه‌تی تێك داوه. به هیوای ئێرانێكی ئازاد، دادپه‌روه‌ر و ئینسانی.