مامۆستایانی ئایینی كوردستان ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٥ی به‌فرانبار، له به‌یاننامه‌یه‌كدا خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای سێداره‌ی په‌خشان عه‌زیزی و وریشه مورادی بوون.
مامۆستایانی ئایینی له به‌یاننامه‌كه‌یاندا خوازیاری پێداچوونه‌وه به په‌روه‌نده‌ی په‌خشان عه‌زیزی و وریشه مورادی و سه‌ره‌نج دان به‌و به‌ڵگه‌نامانه بوون كه سه‌لمێنه‌ری بێ تاوانی ئه‌و دوو به‌ندكراوه سیاسیه‌یه. واژۆكارانی ئه‌و به‌یاننامه هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند: سه‌پاندنی سزای سێداره به سه‌ر ئه‌و دوو ژنه شۆڕشگێڕه كۆمه‌ڵگای تۆڕه كردووه و نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌باره‌ت به دادڕه‌سی ناداداپه‌روه‌رانه‌ی به‌ندكراوانی سیاسی نیگه‌رانن. ئه‌ركی حكوومه‌ت پێدانی دڵنیایی به كۆمه‌ڵگایه نه‌ك تێكدانی ئاسایشی خه‌ڵك. مامۆستایانی ئایینی له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یاندا خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سزای سێداره و ئازادی به‌ندكراوانی سیاسی بوون.