کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
كوردستانهه‌واڵه‌کان

به‌یانیه‌ی زانكۆكانی كوردستان و ئێران بۆ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕژیم

به‌یانیه‌ی زانكۆكانی كوردستان و ئێران بۆ بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٧ی ڕه‌شه‌مه‌، ئه‌نجومه‌نی سنفی خوێندكاران له‌ زانكۆكانی كوردستان و ئێران له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا داوایان له‌ خه‌ڵكی كوردستان و ئێران كرد هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌ر دوو مه‌جلیسی ڕژیم بایكۆت بكه‌ن.

له‌ به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه‌، له‌ حاڵێكدا گاڵته‌جاڕێی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌ ڕۆژی هه‌ینی ١١ی ڕه‌شه‌مه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت كه‌ ئێمه تێكۆشه‌رانی شۆڕشی “ژن،ژیان،ئازادی” له‌ یه‌ك لاوه‌ و به‌كرێگیراوان، مفتخۆران و سه‌ركوتگه‌رانی سپا و به‌سیجی ڕژیم له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ر یه‌كتردا وه‌ستاوین. خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌ به‌ره‌ی حه‌قێقه‌ت دا بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی، مۆدڕنیته، ڕیفاهی گشتی، به‌رابه‌ری، دادپه‌روه‌ری، مرۆفایه‌تی و سكۆلاریسم تێده‌كۆشن، ڕۆژێك حیجاب له‌سه‌ر لا ئه‌ده‌ن، ڕۆژێكی دیكه‌ بۆ ئازایزانیان تا په‌تی سێداره‌ خه‌بات ده‌كه‌ن و به‌یانیان به‌ نه‌فره‌ت له‌ بانگه‌ی سبح ده‌ست پێ ئه‌كه‌ن، ڕۆژی له‌دایكبوونی ئێعدامكراوان جێژن ده‌گرن، بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قام خۆپێشاندان ده‌كه‌ن، ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن، به‌ڵام قه‌د ناوه‌ستن. بیستنی ڕۆژانه‌ی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی وه‌كوو له‌ش فرۆشی، ئێعتیاد و فرۆشتنی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ چیتر بۆمان جێی سه‌رسووڕمان نییه‌. ئێمه قسه‌ی خۆمان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا وتووه‌ و بۆ سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ژینا تا ڕووخانی كۆماری ئیسلامی تێده‌كۆشین. ئێمه خوێندكاران هه‌ر ئه‌و جۆره‌ كه‌ پێشتر ڕامانگه‌یاندبوو، نێوان ئێمه و جه‌نایه‌تكاران ده‌ریایه‌ك له‌ خوێنه‌ و وڵاممان بۆ ڕژیم ته‌نها وه‌شه‌یه‌كه‌، ئه‌ویش “نا”. ده‌نگی ئێمه ڕووخانی كۆماری ئیسلامی و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی “ژن،ژیان،ئازادی”یه‌.