دایكانی دادخوازی خاوه‌ران له به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر زیندانی ئێڤین، خوازیاری ئازادی هه‌موو به‌ندكراوانی سیاسی بوون.
دایكانی دادخوازی خاوه‌ران وێڕای ئاماژه‌دان به دۆخی خراپی به‌ندكراوان پاش گواستنه‌وه‌یان بۆ زیندانه‌كانی قه‌رچه‌ك و تارانی گه‌وره، سه‌ركوتگه‌رییه‌كانی كۆماری ئیسلامیان به توندی مه‌حكووم كرد. دایكانی دادخواز په‌سه‌ندكردنی گه‌ڵاڵه‌ی مه‌جلیسیان بۆ سزادانی ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی پاش ئاگربه‌ستی نێوان ئێران و ئیسڕائیل به توندی شه‌رمه‌زار كرد و خوازیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بوون. واژۆكارانی ئه‌و به‌یاننامه ڕایانگه‌یاند: چه‌ند ده‌یه‌یه كه دادخوازی خوێنی به ناحه‌ق ڕژاوی ئازیزانیانن و نایانه‌وێت ڕووداوێكی هاوشێوه‌ی ده‌یه‌ی شه‌ست دووپات بێته‌وه، هه‌ر چه‌ند ڕژیمی سه‌ركوتگه‌ر ڕێگه له كۆبوونه‌وه‌ی بنه‌ماڵه دادخوازه‌كان له گۆڕستانی خاوه‌ران ده‌گرێت، به‌ڵام ناتوانن نیگه‌رانی خۆیان له سه‌ر باروودۆخی به‌ندكراوان و ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئه‌م دوایانه نیشان نه‌ده‌ن. ئه‌ركی حكوومه‌ته ئیمكاناتی ڕیفاهی و ئه‌منیه‌ت بۆ به‌ندكراوان دابین بكات، ئازادی مافی هه‌موو ئینسانێكه و ده‌زگای قه‌زایی ئه‌بێ به زووترین كات به‌ندكراوانی سیاسی ئازاد بكات.