ڕۆژی دووشه‌ممه ١١ی خاكه‌لێوه‌ی ١٤٠٤، خه‌ڵكی چه‌ند گوند له پارێزگاكانی كرماشان، ئیلام و هه‌مه‌دان هاوشێوه‌ی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز له ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان مه‌راسیمی شكۆداری نه‌ورۆزیان به‌ڕێوه برد.
به‌پێی ئه‌و ویدیۆیانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه، خه‌ڵكی ئازادیخواز له شارستانی به‌هار و ناوچه‌ی تاجی ئاوای هه‌مه‌دان ڕێوڕه‌سمێكی ڕه‌نگینیان به بۆنه‌ی نه‌ورۆز به‌ڕێوه بردووه. له ناوچه‌ی گواوه‌ری گێڵانغه‌رب، گوندی كوزه‌رانی كرماشان و ناوچه‌ی نوریاوی پاوه، ژنان و پیاوان به جل و به‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگی كوردی به ده‌ور ئاگری سه‌ركه‌وتن دا سه‌مایان كردووه و له ده‌ڕه‌شار، دێهلۆڕان و ناوچه‌ی قه‌ڵاقیرانی ئیلام ئاگری نه‌ورۆز له‌لایه‌ن كچان و كوڕانی ئازادیخوازه‌وه داگیرساوه. له گوندی سه‌راوسووری دێولان به هه‌مان شێوه هه‌زاران كه‌س به‌شداری ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆز بوون و له به‌رانبه‌ردا، خه‌ڵكی كرماشان پێشوازیان له مه‌راسیمی حكوومه‌تی نه‌ورۆز له تاقوه‌سان نه‌كردووه.