شه‌وی سێشه‌ممه ٢٨ ڕه‌شه‌ممه‌ی ١٤٠٣، به‌ندكراوان له زیندانه‌كانی ئێڤین و قزڵحه‌ساری كه‌ره‌ج، به وتنه‌وه‌ی درووشم دژ به ڕژیمی كۆماری ئیسلامی ئه‌م ڕۆژه‌یان پیرۆز كرد.
به‌ندكراوانی سیاسی له به‌ندی چواری زیندانی قزڵحه‌ساری كه‌ره‌ج، به وتنه‌وه‌ی درووشم دژ به ڕژیم، به هەڵوێستی شۆرشگێرانە خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕژیمه بوون. هه‌روه‌ها زیندانیانی ژن له به‌ندیخانه‌ی ئێڤین به وتنه‌وه‌ی درووشمی “ژن، بەرخودان، ئازادی”، رۆڵی خۆیان له سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی خۆڕاگری به‌ندكراوان له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا نه‌خشاند و خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕژیمه دژه مرۆییه بوون. هاوكات كه‌سانی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ له ده‌ره‌وه‌ی زیندانی ئێڤین و له پاڵ دیواره‌كانی ئه‌و به‌ندیخانه‌یه، به وتنه‌وه‌ی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” پشتیوانیان له خۆڕاگری زیندانیانی ژن له‌و به‌ندیخانه‌یه كرد.